ئەمڕۆ 14 ڕۆژە ژمارەیەک
مامۆستا و فەرمانبەری سلێمانی بەردەوامن لە مانگرتن، رۆژ بەرۆژ دۆخی تەندروستییان
خراپتر دەبێت.
هەواڵ:KNNC
ماوەی 14 ڕۆژە 13 مامۆستا
و فەرمانبەر، لەبەردەم نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سلێمانی مانیان لە
خواردن گرتوە و داوای تەوتین کردنی موچە، پلەبەرزکردنەوە، موچەی مانگی 12 و چارەسەری
یەکجاری کێشەی موچە دەکەن بەڵام تا ئێستا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە.
مامۆستایانی مانگرتو لەماوەی
14 ڕۆژی ڕابردودا چەندین جار بەهۆی تێکچونی دۆخی تەندروستییان ڕەوانەی نەخۆشخانە
کراون، لە ئێستاشدا کە پلەکانی گەرما بۆ خوار سفری سیلیزی دابەزیون و تەندروستی ئەوانیش
بەرەو خراپتر دەڕوات، بەردەوامن لە مانگرتن و سورن لەسەر هەڵوێستەکەیان
تا لایەنە پەیوەندیدارەکان وەڵامێکی دروستیان دەدەنەوە.
دوێنێ بۆ پشتگیری
مانگرتوان و گەیاندنی داواکانیان، ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەری ناڕازی سنوری پارێزگاکانی
سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لە کۆیەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن
بەڵام لە بازگەی دێگەڵە ڕێگرییان لێکرا بچنە نێو شاری هەولێر، هەرچەندە بازگەکەیشیان
تێپەڕاند بەڵام بەزەبری هێز و بەکارهێنانی توندوتیژی گەڕێنرانەوە و ژمارەیەک مامۆستا
و ڕۆژنامەنوسیش بریندار کران.
63 جار خوێندراوەتەوە