وتەبێژی كۆنفرانسی گۆڕان: دانا ئەحمەد مەجید رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە

KNN : Kurdish News Network
07:30 - 24/05/2025
کوردستان
+
-

وتەبێژی كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: ژمارەی ئەندامەكانی كۆنفڕانس بەشداری كۆنفڕانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە (860) ئەندام پێكهاتوە بون كە زۆرینەیان سەر بە مەكۆی سەرەكی گەڕەكی كوردساتن و ئاشكراشی دەكات کە؛ دانا ئەحمەد مەجید وەك رێكخەری گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.


هەواڵ: (KNNC)


لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، شاخەوان رەئوف بەگ، وتەبێژی كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: ژمارەی ئەندامەكانی كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان كە ناویان لە دەستەی گشتیدا هەبو (860) ئەندام بون و بەشداری كۆنفڕانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد.


وتیشی: دوای هەژماركردنی ئەندامانی ئامادەبو، دەرکەوت كە لە (60%)ـی ئەندامەكانی گەڕی دوەمی كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی گەڕەكی كوردساتن و بە جیاوازی (122) دەنگ لە گردی زەرگەتە زیاتربون.


لەسەر دروستكردنی پشێوی لەناوهۆڵی ئاشتی، وتەبێژی كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان رونیكردەوە، دوای ئەوەی ئەو هاوڕێیانەی گردی زەرگەتە زانیان كەمینەن پشێوییان لەناو هۆڵەكەدا دروستكرد و رێگریان لە بەڕێوەچونی كارەكانی كۆنفڕانس كرد.


شاخەوان رەئوف بەگ، جەختیكردەوە كە؛ لەناو هۆڵەكەدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان ئەو راستییەیان سەلماند كە دروستكردنی پشێوییەكە پەیوەندی بە مەكۆی سەرەكی گەڕەكی كوردساتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە و دەڵێت: "بەهۆی ئاژاوەی گروپەكەی گردی زەرگەتە كۆنفڕانسەكەمان دواخست".


وتەبێژی كۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، زۆرینەی ئەندامانی كۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلای مەكۆی سەرەكی گەڕەكی كوردسات بوە، بۆیە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق خاوەندارێتی بزوتنەوەی گۆڕانی بۆلای زۆرینە گەڕاندوەتەوە.

258 جار خوێندراوەتەوە