وەزارەتی
کارەبای عێراق نزیکبوونەوەی خستنەکارى پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بە
تورکیاوە ڕاگەیاند، هاوکات پێشبینی دەکات لە گەرمەی وەرزی هاوینی ئەمساڵدا خواستی
بەکارهێنانی کارەبا لە وڵاتەکەدا بۆ زیاتر لە 60 هەزار مێگاوات بەرزببێتەوە.
ئەحمەد موسا
عەبادی، وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی
(سەباح)ـی فەرمی ڕایگەیاندووە، پڕۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ تورکیا لە
قۆناغەکانی کۆتاییدایە، ئەوەش دوای تەواوبوونی سەرجەم کارە هونەری و
ئەندازیارییەکان، لە ئێستاشدا تەنها هەندێک ڕێکاری کارگێڕیی پەیوەست بە شێوازی
خستنەکاری فیعلی ماوەتەوە.
عەبادی ئاماژەی
بەوەش کردووە، ئەم پڕۆژەیە بڕی 600 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانیی عێراق
زیاد دەکات، کە یارمەتیدەر دەبێت لە جێگیرکردنی دۆخی کارەبا، بەتایبەتی لەگەڵ
زیادبوونی خواست لە وەرزی هاویندا.
لە لایەکی
دیکەوە، وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کردووە، وەزارەت پێشبینی دەکات خواستی
ڕاستەقینە لەسەر کارەبا لە هاویندا بپەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 60 هەزار
مێگاوات، ئەمەش ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکی گەورەیە لە کاتێکدا ئاستی توانای
بەرهەمهێنانی ئێستای کارەبای عێراق لە مانگی ڕابردوودا تەنها نزیکەی 28 هەزار
مێگاوات بووە.
270 جار خوێندراوەتەوە