حکومەتی عێراق: ناهێڵین گروپە چەکدارەکان خاکەکەمان بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل بەکاربهێنن

KNN : Kurdish News Network
11:34 - 22/11/2024
عێراق
+
-

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هێرشی گروپە چەکدارەکانەوە، وڵاتەکە روبەڕوی هەڕەشەی جددی ئیسرائیل دەبێتەوە، دەشڵێت: هەمو هەوڵێکی سەربازی و دیپلۆماسی دەدەن بۆ سنوردارکردنی ئەو گروپانە.

هەواڵ:KNNC

 

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای پەرەسەندنی سەربازی ئەم دواییەی ناوچەکە، عێراق روبەڕوی هەڕەشەی ئەمنی جدی دەبێتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بۆیە هەوڵدەدەن روبەڕوی هێرشە چاوەڕوانکراوەکان بۆەسەر خاکی وڵاتەکە ببنەوە.

 

وتیشی: عێراق پێویستی بە رێوشوێنی بەهێزە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و رێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان.

 

باسم عەوادی ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی عێراق دەیەوێت کۆنتڕۆڵی ئەو گروپە چەکدارانە بکەن کە هەوڵدەدەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنەسەر ئیسرائیل بەکاربهێنن، بۆئەو مەبەستەش هەمو رێوشوێنێکی دیپلۆماسی و سەربازی پێویست دەگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق.

 

وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق دەڵێت: لەرێگەی دانوستان لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە کە پاڵپشتییان دەکەن، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان دەدەین.

57 جار خوێندراوەتەوە