تورکیا نیگەرانە لە گەڕانەوەی کوردانی کەرکوک بۆ پرۆسەی سەرژمێری

KNN : Kurdish News Network
08:57 - 23/11/2024
کوردستان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، چونی کوردەکان بۆ کەرکوک تا لەوێ سەرژمێرییان بۆ بکرێت، بوەتە جێگەی نیگەرانی عەرەب و تورکمانەکانی شارەکە.

 

هەواڵ:KNNC

 

ئۆنجو کەچەلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردوەتەوە، "وەک تورکیا لەگەڵ هەموو دامودەزگاکاندا لە پاڵ تورکمانەکانی عێراقدان، چاودێری ماف و بەرژەوەندییەکان دەکەن، لەو چوارچێوەیەشدا ئارامی و ئاسایشی تورکمانە هاوڕەچەڵەکەکانمان كە بنیاتنەری پردی دۆستایەتین لە نێوان عێراق و تورکیا و ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی لە کەرکوکن، لە پێشینە سەرەکییەکانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە لەگەڵ ئەم وڵاتەدا".

 

سەبارەت بە چونی خەڵکیبۆ کەرکوک لە چوارچێوەی ئەو سەرژمێرییەی لە عێراق ئەنجامدراوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند: "ھەرچەندە لەو سەرژمێریيە زانیاری سەبارەت بە نەتەوە نەنوسراوە، بەڵام ئەو جوڵە چڕوپڕەی دانیشتوان بوە جێی نیگەرانیی عەرەب و تورکمانەکانی عێراق".

 

باسی لەوە کردوە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەیان کردوە،سەبارەت بە گواستنەوەی هاوڵاتیانی کورد بۆ کەرکوک، کە دوای ساڵانێکی زۆر پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدەدرێت، بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو کارە دەبێتەهۆی تۆمارکردنی ئەو کەسانەی وەک دانیشتوی شارەکە خەڵکی کەرکوک نین، ئەوەش کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتو دەبێت.

205 جار خوێندراوەتەوە