گەنجێک لە هیندستان دواى ئەوەى لەلایەن
پزیشکانەوە گیانلەدەستدانى راگەیەنراوە؛ لەکاتى مەراسیمى سوتاندنى جەستەکەیدا
هەستاوەتەوە و کەمتەرخەمى پزیشکەکانیش بە هۆکارى ئەم روداوە دادەنرێت.
هەمەڕەنگ:KNNC
ئاژانسى هەواڵى فرانس پرێس بڵاویکردوەتەوە؛ لە
هیندستان گەنجێکى تەمەن 25 ساڵ کە تواناى بیستن و قسەکردنى نەبوە، رۆژى پێنجشەممە
بەهۆى تێکچونى بارى تەندروستییەوە رەوانەى نەخۆشخانە کراوە لە نەخۆشخانەیەکى
راجستان.
ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە لەگەڵ گەیاندنى بە
نەخۆشخانە پزیشکەکان وتویانە کە دوچارى پەرکەم بوەتەوە و گیانلەدەستدانەکەیان
پشتڕاستکردوەتەوە و جەستەکەیان رەوانەى سوتاندن کردوە کە رێگەیەکە لەو وڵاتە لەجێی
بەخاکسپاردن لەلایەن بەشى زۆرى هاوڵاتییانى وڵاتەکەوە دەگیرێتەبەر.
لەگەڵ دەستکردن بە مەراسیمى سوتاندنى جەستەى
ئەو گەنجە، راستەوخۆ دەستى بە جوڵە کردوە و ئەوکات بۆیان دەرکەوتوە کە لەژیاندا
ماوە و رەوانەى نەخۆشخانە کراوەتەوە، ئاژانسى فرانس پرێسیش دەڵێت: بەهۆى ئەوەى
پزیشکەکان لەکاتى خۆیدا پشکنینى تەواویان بۆ تەندروستى ئەو گەنجە نەکردوە، بۆیە
دوچارى ئەو هەڵەیە بونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەى جارێک لە مردن هەستایەوە و رەوانەى
نەخۆشخانە کرایەوە، بەڵام گەنجەکە رۆژى هەینى و رۆژێک دواى روداوەکە گیانى
لەدەستداوە و بەهۆشیەوە تا ئێستا 3 پزیشک لە کارەکانیان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە
دۆسیەکە دەستیپێکردوە.
772 جار خوێندراوەتەوە