بەشار ئەسەد بەرەو کوێ هەڵاتوە؟

KNN : Kurdish News Network
10:43 - 08/12/2024
جیهان
+
-

لەگەڵ بڵاوبونەوەى هەواڵى کۆنتڕۆڵکردنى دیمەشقى پایتەختى سوریا روخانى رژێمى ئەسەد دواى 53 ساڵ راگەیەنرا و هەڵاتنى ئەسەدیش لە سوریا پشتڕاستکرایەوە، بەڵام لەو چرکەیەوە تا ئێستا کەس نازانێت ئەسەد بەرەو کوێ رۆیشتوە و ئێستا لەکوێیە؟

 

هەواڵ:KNNC

 

پێگەى (فلایت رادار) کە تایبەتە بە چاودێریکردنى جوڵەى فڕۆکە رایگەیاندوە؛ گومان دەکرێت هەر پێش هاتنەناوەوەى گروپەچەکدارەکانى هاوپەیمانى تورکیا بۆناو دیمەشق فڕۆکەکەى ئەسەد سوریاى جێهێشتبێت.

 

ئەو پێگەیە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە فڕۆکەکە سەرەتا رێی ناوچە کەناراوەکانى سوریاى گرتوە کە قەڵایەکى بەهێزى عەلەوییەکانە، بەڵام دواتر فڕۆکەکە رێڕەوەکەى بۆ ئاڕاستەى پێچەوانە گۆڕیوە و دواى چەند خولەکێکیش لە نەخشەى رادارەکەیان ونبوە.

 

لاى خۆیەوە وۆڵستریت جۆرناڵى ئەمەریکى رایگەیاندوە؛ دیارنەمانى ئەسەد لە سوریا دواى ئەوە دێت کە خێزان و هاوسەر و منداڵەکانى رەوانەى روسیا کردوە هەر لە هەفتەى رابردوەوە.

 

جیا لەمانە، کەناڵى 12ـى ئیسرائیلى لەزارى سەرچاوەیەکى حکومەتى سوریاوە بڵاویکردوەتەوە کە هێشتا دڵنیاییان نین  ئەسەد خاکى سوریاى جێهێشتبێت، بەرپرسێکى باڵاى ئیسرائیلیش دەڵێت: ئەسەد سوریاى جێهێشتوە و ئێستا لە بنکەیەکى سەربازییە لە روسیا.

 

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرزیش لە زارى دوو فەرماندەى باڵاى سوپاى سوریاوە بڵاویکردوەتەوە کە ئەسەد بە فڕۆکە سوریاى جێهێشتوە و بە هیچ جۆرێکیش باسى لەو شوێنە نەکردوە کە بۆى دەڕوات.

 

ئەو فەرماندە باڵایانەى سوپاى سوریا ئاماژەیان بۆ ئەوەشکردوە کە هەر دواى هێرشى گروپە چەکدارەکانى هاوپەیمانى تورکیا روخانى رژێمى ئەسەد لەلایەن فەرماندەى سوپاوە راگەیەنراوە.

4802 جار خوێندراوەتەوە