لە پزیشکى چاوەوە بۆ دیکتاتۆرى وڵاتێک... بەشار ئەسەد کێیە؟

KNN : Kurdish News Network
04:21 - 08/12/2024
ڕاپۆرت
+
-

راپۆرت:KNNC

 

لە ساڵى 1965 بەشار ئەسەد دوەم کوڕى حافز ئەسەد لەدایکبو، سەرەتاى ژیانى سادە و رێڕەوەکەشى دروبو لە سیاسەت، لە سەرەتاى تەمەنى گەنجیەتیدا چوە کۆلێژى پزیشکى و لە ساڵى 80کان لە زانکۆى دیمەشق خوێندنى تەواو کرد، دواتر چوە بەریتانیا و پسپۆڕى لە پزیشکى چاو بەدەستهێنا و هەر لەوێش ئەسما ئەسەدى هاوسەرى ئێستاى ناسى.

 

ئەم دوانەیە، لەگەڵ ئەوەى سەرەتاى ژیانیان زۆر سادە و لە بەریتانیا دەستپێکرد، بەڵام قەدەریان گۆڕانکاریی جیاوازى بۆ هەڵگرتبون.

 

دواى ئەوەى لە ساڵى 1994 باسل ئەسەدى برا گەورەکەى بەشار ئەسەد کە بەجێگرەوەى حافز ئەسەد ناودەبرا لە روداوێکى هاتوچۆدا گیانى لەدەستدا، ژیانى بەشار بەتەواوەتى گۆڕا و لە بەریتانیاوە هێنرایەوە سوریا و ئامادەکرا تا ببێتە سەرۆکى داهاتوى سوریا؛ دواى ئەوەى باوکى لە ساڵى 2000 و پێش 24 ساڵ کۆچى دوایی کرد، دەسەڵاتى گرتەدەست و بوە سەرۆکى دەسەڵاتێکى بنەماڵەیی و سەرۆککۆمارى سوریا.

 

لەگەڵ مردنى حافز ئەسەد، پێش ئەوەى بە دەنگدان یەکلا ببێتەوە بونەسەرۆکى بەشار رون بو، لایەنگران و سوپا و حیزبى بەعس و عەلەوییەکانى سوریا پشتگیرییان لێکرد، سەرەتا دەسەڵاتێکى میانڕەوى پڕ بەڵێنى گرتەدەست، بەڵام بەهارى دیمەشق زۆرى نەخایاند و لەسەرەتاکانى 2001ـەوە رژێمى ئەسەد دەستیکرد بە دەسەڵاتى دیکتاتۆرى و لە 2007 لە هەڵبژاردندا 97%ـى دەنگەکانى بەدەستهێنا ئەمەش ناڕەزایەتییەکانى ئۆپۆزسیۆنى وڵاتەکەى لێکەوتەوە.

 

وردە وردە دۆخى سوریا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى خراپبو، سزاکان بەسەر وڵاتەکە سەپێنرا و لە 2011شەوە ئاگرەکە گەورەکە سەریهەڵدا و خۆپیشاندانى ناوخۆیی لە درعا دژى بێکاریی و خراپى ژیان لە وڵاتەکە دەستپێکرد، ئەمەش بوە سەرەتاى کۆتایی دەسەڵاتى ئەسەد و تا کۆتایی ساڵى 2020 بەهۆى گرژییە ناوخۆییەکانى سوریاوە زیاتر لە 387 هەزار کەس کوژران.

گرژییەکانى ناوخۆى سوریا هەر بەردەوام بون، ناڕەزایەتییەکان لە رژێمەکە درێژەى هەبو، سەربارى ئەمانەش لە حوزەیرانى 2014 بۆ سێهەم جار و بە بەدەستهێنانى زیاتر لە 88%ـى دەنگەکان بوەوە بە سەرۆکى رژێمى سوریا، زۆرینەى سوریاش ئەم دەنگدانەیان بە گاڵتەجاڕیی ناوبرد.

دۆخى سوریا بە ناکۆکییە بەردەوامەکانییەوە مایەوە، تا لە 27ـى نۆڤەمبەر لە باشورى ئیدلیبەوە بەرەو حەلەب هێرشى گروپە چەکدارەکانى هاوپەیمانى تورکیا دەستپێکرد و لەماوەى تەنها 11 رۆژدا کۆتاییان بە دەسەڵاتى بنەماڵەى ئەسەد هێنا و دیمەشقى پایتەختى وڵاتەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.

125 جار خوێندراوەتەوە