سبەینێ دوو گوژمەى
پارە بۆ موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە بەغدادەوە رەوانەى هەرێمى کوردستان
دەکرێت، بەپێی زانیارییەکانى دیجیتاڵ میدیاى کەى ئێن ئێنیش کورتهێنانى موچە لەسەر
هەرێمى کوردستان لە 705 ملیار دینارەوە بۆ 200 ملیار دینار کەم بوەتەوە.
ئابورى:KNNC
پەیامنێرى کەى ئێن ئێن
لە زارى چەند سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە رایگەیاند؛ شەوى رابردو تەیف سامى، وەزیرى
دارایی عێراق رەزامەندى دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنى 430 ملیار دینار کە لە بودجەى
عێراقدا بەشى هەرێمى کوردستانە و بڕەکەى زیاتر لە دوو ترلیۆن دینارە لە خشتەى
ژمارە 9 دەگوازرێتەوە کە تایبەتە بە پارەى تەرخانکراوى چاودێرى کۆمەڵایەتیی بۆ
ئەمساڵ.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە
سبەینێ ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆبونەوەى ئاسایی خۆى دواى دوو هەفتە ئەنجام
دەدات، لە کۆبونەوەکەدا رێکارەکانى دابەشکردنى ئەم سێ موچەیە و پرسى پڕکردنەوەى
کورتهێنانى مانگى 12 تاوتوێ دەکرێت و باسیش لەو پارانە دەکرێت کە بەغداد دەینێرێت
و بەمشێوەیە رادەستى هەرێمى کوردستان
دەکرێت:
هەرێمى کوردستان بۆ
موچەى مانگى 10 بڕى 760 ملیار دینارى بۆ خەرجکراوە، سبەینێش بڕى 760 ملیار دینار و
430 ملیار دینارى گواستنەوەى بودجەکەشى بۆ رەوانە دەکرێت، بەمە دەتوانێت موچەى
مانگەکانى 10 و 11 یەکلایی بکاتەوە و دەست بە دابەشکردنى بکات، کە سبەینێ لە
ئەنجومەنى وەزیرانەوە بڕیارى لێدەدرێت.
بەپێی زانیارییەکانى
پەیامنێرى کەى ئێن ئێن، ئەوەى دەمێنێتەوە تەنها موچەى مانگى 12یە و حکومەتى عێراق
رەزامەندە بە ناردنى 760 ملیار دینارى دیکە بۆ موچەى ئەو مانگە، ئەوەى دەمێنێتەوە
تەنها بڕى 200 ملیار دینار کورتهێنانە کە دەبێت لە داهاتى ناوخۆ و لەلایەن حکومەتى
هەرێمى کوردستانەوە پڕ بکرێتەوە و سبەینێ ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى لەبارەوە
دەدات.
سلێمانى- بڕیار نامیق
5242 جار خوێندراوەتەوە