کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کۆتاییهات و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی
فیدراڵ راسپێردراوە، لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەیەکی دیکە لە بەغدادەوە راستەوخۆ دەست
بە دابەشکردنی موچە بکەن.
هەواڵ:KNNC
لە راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتوە، حکومەتی هەرێم ئەرک و
پابەندییەکانی خۆی بە باشترین شێوە چارەسەرکردوە، چاوەڕوانین وەزارەتی دارایی
فیدراڵ، لە چەند رۆژی داهاتودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و 12
بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا موچە دابەشبکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی
لیستەکانی موچەی چارەسەرکردوە ولیستی موچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بە بێ
کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردوە.
حکومەتی هەرێم، داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات، لە
کۆبونەوەی سبەینێیان، بە گوێرەی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی عێراق، چارەسەری
بنەڕەتی کورتهێنانی تەواوکاری موچەی هەرێم بکەن، بۆئەوەی چیدیکە پاسا و بیانوی
تەکنیکی نەکرێتە بەربەست لەبەردەم شایستە دارایی موچەخۆران.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاسپارد کە لە کاتی
گەیشتنی هەر بڕە پاریەکی تر، لە بەغداوە بۆ تەواوکاری موچە، ڕاستەوخۆ دەست
بەدابەشکردنی موچەكان بکات.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، بڕیارە هەفتەی داهاتو شاندی حکومەتی هەرێم،
بۆ بەدواداچونی پرسی هەموارکردنەوەی بودجەی گشتی و خشتە داراییەکانی هاوپێچی یاسای
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2025 سەردانی بەغداد بکات.
526 جار خوێندراوەتەوە