بارزانییە بێدیفاعەکانی
ئۆردوگا زۆرە ملێکەی قوشتەپە، دوای فەیلییەکا، دووەم گروپی پاکتاوکراوو سزادراوی
دەستەجەمعی دەستی ڕژێمی وەحشیگەری بەعس بوون، دوای ھەڵگیرسانی جەنگی عێراق- ئێران.
من وەك قوتابییەکی
کۆلیژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین لەنیوەی دووەمی ھەشتاکاندا، لەنزیکەوە شایەتی کۆژان
ورەنج وبەدبەختی ئەو ھەزاران ژن ومنداڵە بارزانیانە بووم، بەعسی جانەوەر سیفەت،
دوای قەتڵ وعام وبێسەروشوێنکردنی باوك وبراو سەرپەرشتیارەکانیان، بێ ھیچ سەرچاوەیەکی
ژیان وپارێزەریەکی یاسایی، فڕێیدابوونە بیابانی سەخترین ھەل ومەرجی ژیانەوە. لێرەشەوە
بەڕێزو وەفاداریەوە یادی شەھیدەکان ورەنج وئازاری کەس وکارو بنەماڵەکانیان دەکەینەوە،
کەبەشێ لەوئازارە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەردەوامەو بەشەو ڕۆژ ڕۆحیان ئازاردەداو
تاڵاوی حەسرەتیان پێ دەنۆشێت.
تاوانی ئەومرۆڤانە
تەنھاو تەنھا ناسنامەکەیان بوو، ئەوەبوو کوردوو بەرزانی بوون!! ئەم ناسنامەش لەسایەی
ڕژێمێکی فاشی وکۆمەڵگەیەکی نێو دەوڵەتی دوو ڕوو بەرژەوەندیپەرست ونادادپەروەر، بەس
بوو بۆئەوەی، نەك ھەر پیاوانی بارزانی، بەڵکو دواترو لەچوارچێوەی پرۆسەی کۆمەڵکوژی
بەدناوی ئەنفالەکاندا، دەیان ھەزار ژن
ومنداڵانی کوردیش، مافی ژیانیان لێبسەنرێتەوە!! بەگەرانەوە بۆ ئەخلاقی سەردەمی
جاھلییەتی عەرەبیش بەدڕندانەترین شێوە زیندە
بەچاڵ بکرێن.
ھەموو ئەم کارەسات وتاوانانەش، بۆ ڕژێمێکی ناسیۆنال سۆشیالیستی
ڕەگەزپەرست وخوێناوی وەکو بە عس سەیر نەبوو، کەلە بنەرەتدا ستراتیژی تواندنەوەی
کوردو شکستپێھێنانێکی ستراتیژی وپشتشکێنی ناسیۆنالیزمەکەی ھەبوو، بەڵکو ئەوەی سەیرە
ئەوەیە، دواترو دوای ڕزگارکردنی بەشی زۆری کوردستانی باشوور، ھێزە کوردییە تەقلیدییەکان
لەسەر ئێسك وپروسکی ئەوان وبەبەر چاوی دوژمنەکانی دوێنێ وڕوحی ستەملێچوی ئەو
قوربانی وشەھیدانەوە، بەچاوی دوژمن سەیری یەکتر
بکەن شەڕی یەکتر بکەن، لەونێوەندەشدا ھەزران
ڕۆڵەی تر لەسەر سەکۆی شانۆیەکی عەبەسیدا گیانیان ھەرزان فرۆش بکرێت ویاری بەچارەنووسی
میللەتێکەوە بکرێت!! کۆمەڵگەیەکی پارچەکراوو جەزرەچەشتووی دەستی مێژووش، زیاتر ونجڕ
ونجڕو شەکەت و نائومێد بکەن!
ھەروەھا لەکاتێکدا دەبو بەرھەمی ئەم تاوانا گەورەیە بەوتەی
بیرمەندێکی خۆرئاوایی سەربەخۆیی کوردستان ودەرچوون بێت لەچوارچێوەی ئەو قەوارە سیاسییەی
جینۆسایدەکەی تێدا ڕویدابوو ، کەچی دۆخێ بخوڵقێ، باسکردن لەم مێژوەوە وچارەنوسی نەتەوە
لەسبەینێداو نەتەوایەتی، وەك ئاماژە بۆ بەتەنگەوە بوونی وڵات و گەلێك، بۆ ھەندێك جێی بایەخ نەمێنێ وبۆ ھەندێکی تریش بەمەخسەرە
وە باسی بکرێت!! کەرەنگە لەم ڕوەوە کورد لە
ھەمو دنیادا وێنەی نەبێ.
ئەم دۆخەش ئەوەش
دەخوازێت تێگەیشتنمان بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم کۆست ویادانە بگۆڕین، ڕەمزییەت وئیعتیباری
نیشتیمانی سەرلەنوێ بۆ قوربانییەکان لەویژدانی نەوەکاندا بگێڕینەوە، کە خۆمان بەھۆی
ناکۆکی حیزبی وناعەدالەتی ولاوازی بیری نیشتیمانپەروەرێتی کوردستانیەوە، لێمان سەندونەتەوە.
مافی خۆشمانە
پرسیاری بیرمەندە دراوسێکەمان لەنوخبەی دەسەڵاتدار بەخودی بارزانییەکان ونوخبەکان
بەگشتی بکەینەوەو بڵێین: گەلۆ داخۆ ئەگەر قوربانی وشەھیدەکانمان زیندوو ببنەوە، دەبێت
چیی بڵێن؟ بێگومان لەڕوویەکەوە دڵخۆش دەبن وسوپاسی خوا دەکەن کەدەبین ئەو ڕژێم
وتاوانبارانەی ئەو کارەساتەیان بەسەردا ھێنان، بوون بەپەندی زەمانەو تیاچوون، بەلام
پرسیار ئەوەیە کاتێك ھەرێمێکی نایەکگرتوو دابەشکراوو ناکۆکیەحیزبی وبێمتمانەیی
ونارەزایەتی وناعەدالەتی و گەندەڵیەکانی
ناوی ونەبوونی ناسنامەیەکی نیشتیمانی یەکگرتوو کۆکەرەوەی ڕۆڵەکانی دەبینن،دەبێت چۆن
بیربکەنەوەو وچیمان پێ بڵێن؟
135 جار خوێندراوەتەوە