ھەرێم لەبەردەم ھەڕەشەی مافیاکانی تاڵانیدا

لە ساڵی 2008 لەدانیشتنێکی ئەنجومەنی وەزیراندا، سەرنجام بۆ ئەوە راکێشا کە ئەوەی لەعێراق و ھەرێمدا دەگوزەرێ گەندەلی ئاسایی نیە و ئەو پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاری داناوە نایگرێتە خۆ، چونکە مەسەلەکە کاربەدەستی گەندەڵی تێپەڕاندوە بۆ حیزب و مەنزومە و بەگشتی نوخبەی گەندەڵ بەتایبەتیش لەئاستە سیاسی و ئابوری و ئیداری و سەربازییەکەدا.

 

 

دوای ئەویش و پێش چەند ساڵێك وتارێکی درێژم لەھەفتەنامەی ئاوێنەدا بەناونیشانی(لەگەندەڵییەوە بۆ تاڵانی.. سەبارەت بەداڕووخانی ئەخلاقی حوکمڕانی لەھەرێمدا) بڵاو کردەوە بەمەبەستی نیشاندانی گەورەیی کێشەکەو گۆڕانی بۆ ھەرەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر سەقامگیری و ئایندەی کۆمەڵگاو قەوارەی ھەرێم و ئاسایشی نیشتیمانی( ئەگەر بوونی ھەبێت)، بەڵام جێی داخە لەوکاتەوە تاکوئێستا دۆخەکە ئەگەر بەرەو خراپتر نەچوو بێت باشبوونێکی شایانی باسی بەخۆوە نەبینیوە و ھەڵپەکردن بۆ دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا وەك بەرەنجامی خراپ بەکارھێنانی دەسەلات بەردەوامە.

 

 

جەوھەری ئەم کێشەش ئەخلاقی و دامەزراوەیییە، ڕەگ و ڕیشەکەی بەچاوی غەنیمەت سەیرکردنی دەسەڵاتە کەدەشڵێین بەشێ لەوەی لەکوردستاندا دەگوزەرێت لە گەندەڵی دەرچووەو بووە بەتالانی و ڕاوو ڕووت، ھەروا لەخۆڕا قسە ناکەین، بەڵکو لە بەرەنجامی گەڕانەوەیەکی زمانەوانی و؟یاسایی بۆھەردوو چەمکەکە ئەم حوکمەدەدەین.

 

گەندەڵی بەپلەی یەکەم خراپ سوود وەرگرتنی فەرمانبەری گشتیە لەپلەو پایەکەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەشێوەیەکی نھێنی،  بەڵام ھەرچی گەندەڵی و ڕاوو ڕووتە، باس لەڕێی دزی و ڕاوو ڕووتێکی ئاشکراوەیە، لەڕێی پەنابردنە بەر ھێزو زۆرلێکردن و دەست بەسەردا گرتنی بەزۆرەوە.


کەبەسروشتی حاڵ لەکاتی ھەندێ سەرکەوتنی سەربازی و سیاسی و ڕوودانی کارەساتی سروشتیدا ڕوو دەدات.

 

 

بەشێ لەوەی لەھەرێمدا دەگوزەرێت بێ سێ و دو ڕێك ئەمەیە:

مافیاکان( بەدانپیانانی خودی بەرپرسان لەساڵانی ڕابردوودا ھەر لەسەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتەوە تا شارەوانی سلێمانی) لەڕێی سوود وەرگرتن لەو ھێزو نفوزو دەسەڵاتەی بەنارەوا لەسەروو یاساوە بەدەستیانەوەیە، دەست بەسەر ھەزاران دۆنم زەوی و زاری گشتیدا دەگرن و بەناڕاستەوخۆو ھەندێ جاریش لەبەناوی ھەندێ کۆمپانیا و ڕوو پۆشێکی یاسایی ساختەوە خەریکی سەرانە وەرگرتن و قاچاخچێتی و دەستگرتنن بەسەر بەشێ لەداھاتی سروشتی و ناوخۆیی ئەم وڵاتە.
لەم ڕوەوە بۆ ھەندێکیان کار گەیشتۆتە ھەڕاجکردنی ئایندەی نەوەکانی ئەم وڵاتە لەڕێی بازرگانیکردن و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرو پەرەدان بە بازرگانی جنسی و کۆیلایەتی سپییەوە!!

 

 

ئەوەی سەیریشە لەدوای شەڕی ناوخۆوە کەشەڕبوو دژ بە ئەخلاقی مرۆڤی کوردوو پەرەدان بە فەرھەنگی شڕەخۆری و ڕاوو ڕووت، ھەروەھا شەڕ دژی داعش کەبەشێ لەبەھاکەی بەھۆیەوە لەدەستدرا، ئەو شەرەی مافیا تاڵانکەرەکان تیایدا سەرکەوتوون سەرکەوتنە بەسەر کۆمەڵگای خۆیاندا لەسۆنگەی ناڕێکخراویی و لاوازیی تواناکانی بەرگری لەخۆکردن، کەبەدیوەکەی تردا یەکسانە بە بەزینێکی ئەخلاقی ھەموو ئەو نوخبەو مافیایانەی لەم تاوانەوە گلاون.

 

 

کێشەکەش لەوەدایە، ئەگەر تاڵانی لەدۆخی سەرکەوتنی سەربازی و کارەساتی سروشتی بەتێپەڕینی دۆخەکە کۆتایی بێت، لەدۆخی حوکمڕانی مافیاکانی ناو دەسەڵاتدا و  مانەوەی ھەل و مەرج و فۆرمی حومڕانی ئێستادا لەبەرگی جۆراو جۆردا درێژەی دەبێت!
ئەوەش سەرچاوە ڕاستەقینەکەی ھەڕەشە مەزنەکەیە لەسەر ئێستا و ئایندەمان.

 

بەخوێندنەوەی یاداشتەکانی ئەندامانی بنەماڵەی موحەمەد ڕەزا شای پەھلەوی ئێرانیش( کەئەز ھەموویانم خوێندۆتەوە) چاودێر دەگات بەو قەناعەتەی لەم ڕوەوە لەزیاد لەبوارێکدا لێکچوون لەنێوان دۆخی ھەرێم و کۆتاییەکانی حوکمڕانی ئەوبنەماڵەدا بەدیدەکرێت.

273 جار خوێندراوەتەوە