‎بەکارھێنانی نائەخلاقیانەی ئیسلام لە جەنگ ململانێکاندا (جەنگی ئۆکرانیا) وەك نموونە

پرسیاری گەورەو سەرەکی لەم سەردەمەدا دەربارەی ڕۆڵی ئاین ولەوانەش ئیسلام  لەکاتی جەنگ وململانێ توندوخوێناوییەکاندا، ئەوەیە،داخۆدە بێت ئەم ڕۆڵە بکەوێتە کوێی ئەودۆخەوەو بەدوای بەدیھێنانی چ ئەرك وئامانجێکەوە بێت؟ بەتایبەتیش کەلەم سەردەمەدا بەھۆی بوونی ئەتۆم مرۆڤایەتی گەر زۆر وریانەبێت ڕووبەڕوی چارەنوسی کۆتایی خۆی وژیان لەسەر زەویدا دەبێتەوە.

بەبڕوای ئێمە ڕۆڵی بنەرەتی ئاین وپێگە سروشتیەکەی لەدژایەتیکردنی جەنگ وخوێنڕێژیدا خۆی دەبینێتەوە، نەك ئاگرخۆش کردن وھاندان وپاساو بۆھێنانەوە پێبەخشینی رەھەندێکی پیرۆزو ئاسمانی پێیان. لەھەندێ کات وشوێنی زۆر تایبەت وسنوردار ئاین دەتوانێت ھەندێ بەشداری سنورداری لەچوارچێوەی بەھا گەردوونییەکانی خۆی ومەعروفەکانی سەردەمدا و شەڕکردن بۆ لەناوبردنی خودی شەڕ ھەبێت، بەدەرلەوە ڕۆڵی بنەرەتی وگەورەی ئاین بەتایبەتیش ئیسلام دەبێت بانگەشە بێت بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان وئاشتەوایی ولێبوردەیی وبرایەتی ومیھرەبانی.

‎ بەحوکمی ئەوەی ئەگەر جەوھەری  ئاین و بەتایبەتیش ئیسلام  بانگەشەکردن بێت بۆ خێروچاک (یدعون الی الخیر)  جەنگ وخوێنڕێژی دژبەوخێرو چاکە وبەختەوەری مرۆڤ وگەلانە، واتە دژ بەوبەھاو ئامانجانەیە ئاین ھەوڵیان بۆ دەدات.

‎بۆیە دەبێت ئاین لەسەنگەری خۆیدا بێت نەك ئەوانی تر، بەتایبەتیش ئەوانی دەسەڵاتدارو خاوەن ھێزی ناداد پەروەرو شەڕخوازو دەمارگیرو بەرچاوتەنگن ،ئەوەش دەخوازێت لەسەنگەری بانگەشەکردن بۆ ئاشتی ودژایەتیکردنی جەنگ وستەم وخوێنڕێژی وخاوکردنەوەی ململانێکان و چارەسەرکردنیان بەگفتوگۆ بێت.

‎بەتایبەتیش دژ بە دەوڵەت ولایەنی دەستدرێژیکارو فراوانخوازو ستەمکارو چەوسێنەرو فۆرمە جۆراوجۆرەکانی جەنگی ناعادیلانە.  لەبەر ئەوەی ئیسلام گەرچی بەرەھایی جەنگی قەدەغەنەکردوەو رەتیناکاتەوە، بەڵام پاساوی جەنگی بەستۆتەوە بە بوونی ستەم ودەستدرێژیکارییەوە. ھیچ چالاکییەکی تاکەکەسی وگشتیش لەوانەش جەنگ لەڕوانگەی ئیسلامەوە ڕێگە پێدراونییە، ئەگەر بێت وتیایدا دادپەروەری ، وەبەھای سەرەکی وتەوەرەیی خۆی پشتگوێخرابێت وژێر پێدرابێت.

‎لەکاتێکدا زۆربەی جەنگەکان لەکۆن ونوێشدا نادادپەروەرانەبوون.

‎خۆپەرستی وبەرژەوەندی ناڕەوایان لەپشتەوە بووەو ستەم وکارەساتیان لێکەوتۆتەوە.

‎بۆیە لەجەوھەردا گەربەناوی ئاین وئیسلامیشەوە کرابن دژبە بەھاکانی ئەوانبوون وئەوانن،جەنگی ڕۆح وبەھاکانی ئەوانەبوون ونین.

‎ ئەگەر بەگوتەی ھەندێ بیر مەندیش زێڕو زۆرو ساختەکردنی دین سەرچاوەی زۆرینەی زۆری خراپەو ستەم وتاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی پێکبێنن، ئەوا ساختەکردنی دین لەپشت بەشێ لەو جەنگانەوە بووە ڕوویان داوە.

‎ ئامرازێکی دیاری ئەم ساختەکردنەش، لەپەیوەندی بەئیسلامەوە، فتوایە.

‎فتوا ئەوچەکە ترسناکەیە لەکۆن ونوێدا بەشێ لە دەسەڵاتدارانی خوێنڕێژ  لەڕێی کۆمەڵێ  بەڕواڵەت زاناو دامەزراوەی ئاینیییەوە،بۆ ڕەوایەتیدان بەجەنگ وململانێ خوێناویەکانی خۆیان  پەنایان بۆ بردوەو بەکاریان ھێناوە وسوودیان لێوەرگرتووە!

‎ئەم دیوەی خراپەی بەکارھێنانی فتواش وەك شێوازێك بۆ پاساودانی جەنگی ستەمکارانە وتاوان وسەرکوت وخۆسەپاندن،  بەداخێکی زۆرەوە تاکوئێستاش درێژەی ھەیە!

‎ھەربۆیە لەشوێنێ بەفتوا پاساوی کودەتای سەربازی دەدرێت!  لەشوێنێکی تر سەرو ماڵ وناموسی موسولمانان وھاوڵاتیان بۆ ڕژێمە دڕندەکان حەڵال دەکرێ بەعسی سوری وھاوپەیمانەکانی حەڵاڵ دەکرێت!!  
‎گروپە تەکفیرو توندوتیژە ئیسلامییەکان، لەڕێی فتوای فتوادەرە خوێناویەکانییانەوە، خەڵکانی مەدەنی وبێتاوان دەکەنە ئامانج ورەشەکوژی دەکەن.. ھتد.

‎بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، لەنوێترین دەرکەوتەی بەکارھێنانی نائەخلاقیانەی فتواو ئاین لە جەنگ وململانێکاندا، فتوای بە ئیسلام پاساودراوە ساختە، لەچوارچێوە کەلتوری وفقھە ئیسلامییە تەقلیدییە مێژووییەکە دەرھێنراوەو لەچوارچێوەیەکی تەواو مۆدێرن ونائاینی قێزەوندا بەکاردێت. ئەم حاڵەتەش لە جەنگی رووسیا دژبە ئۆکرانییا بەتەواوەتی رەنگی داوەتەوە.

‎ئەنجومەنی فتوای ڕوسیا  ڕایگەیاند کە ،جەنگی ڕوسیا دژبەئۆکرانییا پشت بەئەحکامەکانی قورئان دەبەستێت!! داڕووخانی دینی وئەخلاقیشییان لەم ڕوەوە، بەم بوختانە فیکری وعەقیدیە کۆتایی نایەت، بەڵکو دەگاتە ئاستێکی ترسناکی کەم پێشینە، کەئەویش لە پاساو ھێنانەوەی ئەم ئەنجومەنە، بۆ مافی بەکارھێنانی خۆپارێزانەی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕوسییاوە بەرجەستە دەبێت، چونکە بەمافی سەرۆکی دەزانێت ھەرکات دڵی خواست وبەپێویستی زانی، سڵ لەبەکارھێنانی نەکاتەوەو پێی وانەبێت  بەم کارەی کارێکی نائەخلاقی بەرامبەر مرۆڤایەتی کردووە!!

‎تەڵعەت تاجەدینی موفتی ڕوسیاش بەشداریکردن لەجەنگەکە بەئەرکێکی ئاینی موسوڵمانانی ئەوولاتە دەزانێت!, موفتی شیشانیش وەك پشتیوانی لەقادرۆفی سەرۆك کۆماری ھاوڕێی پۆتین و پاساودانی ئیسلامییانەی بەشداریکردنی ھەزاران شیشانی  سەرلێشێواو بێئامانج لەجەنگەکەدا، لەفتوایەکدا کەبەتەواوەتی  ناوەرۆکی جیھادو شەھیدی دێدا دەشێوێت وبەڵکو مەسخ دەبێت، ڕایگەیاند: جەنگ کردن شانبەشانی ڕوسەکان جیھادە لەپێناوخوادا! ئەوەی لەوجەنگەشدا  بکوژرێت شەھیدە!! جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی شیشانیش لەلێدوانێکی سەیرو سەمەرەدا وەك بەشێك لە پێویستیە دینییەکانی گوێڕایەڵیلێکردنی، پۆتینی بەوەلی ئەمر لەقەڵەمدا!!

‎ئەم ھەڵوێست وفتواو تێگەیشتنە بەئیسلام پاساودراوانەش، کوتو مت لەبەرگیراوەیەکی ئیسلامیی ساختەی ھەڵوێستی کەنیسەی ئەرسەدۆکسی ڕووسییە، کەڕووسیا بە سەرزەمینی خۆشەویستی خودا پێناسە دەکات وبەناوی ئەویشەوە داوای بەشداریکردن لە جەنگەکەو بەرگریلێکردنی دەکات!

‎ھەروەھا لەبەرگیراوەی بەشێ لەبۆچوونە خوێناوی ونائەخلاقییەکانی ئەلکسەندەر دوگین، بیرداڕێژەرو عەقڵی پۆتینە، لەمەڕ ڕوسیای نوێ وناسیونالیزمی دینی ڕوسی و مافی ڕووسیا بۆ دیاریکردنی چارەنوسی رەنگە کۆتایی مرۆڤایەتی ئەگەر ڕۆڵ وشکۆی بەوجۆرەی ئەو تێیگەیشتووە کەوتە بەر مەترسیەوە!

‎ماوەتەوە بەکورتی بڵێین ئەو پێوەرەی دیدی ئیسلامی بەرامبەر جەنگ وملانێکان وچۆنییەتی مامەلە لەگەڵکردیان دیار ی دەکات، بەھا بالاکانییەتی لەسەرو ھەمووشیانەوە دادپەروەری وستەم دژی، نەك فقهە بەمانا باوەکەی.

278 جار خوێندراوەتەوە