پڕۆژەی ھەموارکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی لە پەڕلەمانی کوردستان مشت و مڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە. جارێکیتر بەشێ لەخودی یاساکەی خستۆتەوە ژێر پرسیار. منیش دەخوازم بەم چەند خاڵەی خوارەوە، ھەڵوێستی خۆم لەم ڕوەوەو دەربارەی مەترسییەکانی پەلاماردانی خێزانی کورد لەبەرگی دژایەتیکردنی توندوتیژیی خێزانیدا، کورتبکەمەوەو بخەمە ڕوو:
١- خێزانی کورد ژێرخان و بونیادی پاراستنی ناسنامەی کۆمەڵیایەتی و ئەخلاقیی وئایینی و نەتەوەیی گەلی کوردستانە. ھەروەھا دوا قەڵای بەرگریکیردنە لە بەیەکگرتوو مانەوەی کۆمەڵگە، لە سایەی ئەو ھەموو ناکۆکی ویەکتر ڕەتکردنەوەو نیمچە لێکھەڵوەشاوەییە سیاسیەی ،دەمێکە بۆتە مۆرکی سیاسەتی کوردی. ئەرکی مانەوەو بەرگری لە خۆکردنی کورد و گەلی کوردستانیش بە درێژایی مێژوو قورساییەکەی لەسەر خێزان و بنەماڵە کوردی وکوردستانییەکان بووە.
٢- بنەرەت ئەوەیە دین و ئەخلاق خێزان بەڕێوە بەرن و حوکمی ناوەوەی بکەن، نەك فقھ و یاسا. کاتی خۆی محمد خاتەمی، سەرۆک کۆماری خوێندەواری پێشووی ئێران، لێیان پرسی فقھ لە کوێی خێزانی ئێوەدایە؟ وەڵامێکی سەرنجڕاکێشی دایەوەو وتی: خێزانی ئێمە زۆر لەوە بەرزترە فقھ و قانون حوکمی بکەن، خێزانی ئێمە ئەخلاق حوکمی دەکات. لە ڕاستیشدا فقھ و قانون، حوکمی ڕووی دەرەوەی خێزان و دۆخی دروستبوونی کێشە و ھەڵوەشانەوەی خێزان دەکەن، نەك ناوەوەی. لێرەشەوە ھەر ھەوڵێك بۆ زیاد لە پێویست قەبەکردنی ڕۆڵی یاسا لە ژیانی خێزاندا وەك ئەوەی لە ھەندێ بڕگەی ئەم یاساو پڕۆژە ھەمووارەدا ھاتووە، ناچێتە خانەی بەرژەوەندی خێزان وئەوڕۆڵە دەرونی وپەروەردەیی وکۆمەڵایەتیەی پێویستە بیگێڕێت، بەتایبەتیش لەکۆمەڵگەیەکدا، کە ھێشتا دین و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی تیایدا بەھێزبن، لەوسۆنگەوە کە قانوون ناتوانێت جێگەی ئەوان بگرێتەوە، ھەر ھەوڵێکی لەوجۆرەش کێشەو قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە. جگەلەوە زیاد لەپێویست دەستخستنە ناوخێزان لەلایەن یاساو دادگاوە، لە ھەندێ ڕووەوە، یەکسانە بەجاڕدانی کۆتاییھاتنی خێزان وەك پانتاییەکی تایبەت وئامێزێ بۆ پشودان وھەستکردن بە مامەڵەی ئەخلاقی، کەلە ڕێزگرتن وقوربانیدان وبەدەمەوە ھاتنی ئەندامانی خێزان بۆ یەکتردا بەرجەستە دەبێت، چونکە داڕنینی خێزان لەم ڕەھەندە دەرونی وئەخلاقییەی ونیشاندانی پەیوەندی نێوان ئەندامەکانی وەك پەیوەندییەکی یاسایی مادیی بەرژەوەندیخوازانە، خێزان دەکات بە بەشێك لە پانتایی گشتی و لە زۆرێ لە تایمەتدی و ڕاز و خۆشەویستی وگەرم و گوڕی بەتاڵی دەکاتەوە. بوونی کێشە لەبەشێ لەخێزانەکانیشدا پرسیار ناخاتە سەر ڕۆڵ وبەھاکانی خێزان وەك دامەزراوەیەکی سروشتی وکۆمەڵایەتی، بەڵکو تیشك دەخاتە سەر ناکارایی وکێشەکانی ئەوبەشەی کۆمەڵگە. بەشێ لەکێشە خێزانییەکانیش سەرچاوەکەیان خێزان وبەھاکانی نیە، بەڵکو سەرچاوەی دەرەوەی خێزانییان ھەیەو خێزان لەونێوەندەدا قوربانی دەرەوەی خۆی وئەرک قورسبوونییەتی.
٣- بەش بە حاڵی خۆم، نکۆڵی لە بوونی چەندین کێشە لە ناوخێزان و لەوانەش کێشە لە پەیوەندی جنسی نێوان ژن و پیاو لەخێزانی کوردیدا ناکەم، بەڵکو ئەوەی پێی لەسەردادەگرم، خۆماڵی بوونی چارەسەرەکان وئەخلاقیبوونی پاڵنەرو ئامانجەکانە لەدەستبردن بۆ پرسەکانی تایبەت بەخێزان. سەبارەت بەکێشەی ناھەما ھەنگی جنسیش لەنێوان ژن وپیاودا، پێم وایە کێشەکە دوو سەرەیە وباسی ئەوە نیە وەك ئەنگڵز ئاماژەی پێکردووە پیاو بۆرژوازی بێت وژن پڕۆلیتاریا، واتە چۆن ژن تیایدا زەرەرمەندە وھەندێ جار باجی مەعنەوی دەدات، بەھەمان شێوە پیاویش زەرەرمەندە ودووچاری چەندین ئازاری دەروونی وبۆشایی سۆزداری دەبێت. بەڵام چارەسەری ئەم کێشە بەوە ناکرێت پیاو بخرێتە ژێر فشارەوەو تەنھا ژن بە قوربانی نیشان بدرێت و یاساو دادگا پەلکێش بکرێن بۆ سەر جێگەی خەوتن بەوجۆرەی لەیاساکەدا ھاتووە، بەڵکو بەوە دەبێت ژن و پیاو ھەر لە سەرەتاوە لەم ڕووەوە لە چوارچێوەی ئیسلام و زانستی نوێدا پەروەردەو ڕۆشنبیر بکرێن وفێر بکرێن چۆنا دەتوانن پێویستیە ھاوبەشەکانییان پڕکەنەوەو کار بۆ بەختەوەرکردنی یەکتر بکەن، ئەوەش بەم شێوازەی خوارەوە:
أ- ئەگەر کێشەو بۆشاییەکی یاسایی لە پێناسەو مەبەست لە ھاوسەرگیری لە نێوان دوو ڕەگەزەکەدا لەئارادایە، بەم جۆرە دابڕێژرێتەوە؛ ( ھاوسەریری گگرێبەستێکە لەنێوان دوو ەگەزەکە یاخود ژ پاو بە مەبەستی چێژبینینی ھاوبەشی جنسی لە یەکتر و بەچە خستنەوەو درێژەدان بە مرۆڤایەتی و فەراھەمکردنی کەش و ھەوایەکی ئارام و میھرەبان بۆ ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان).
ب- بە یاساییکردنی بەشداربوون لە کۆرسێکی تایبەت بەپەروەردەی خێزانی کەبەشێکی گرنگی بۆ پەروەردەی جنسی تەرخانکرابێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە گرێبەستی یاسایی ھاوسەرگیری لە دادگا.لەم ڕووەشەوەجگە لەزانستی نوێ، خودی ئیسلام و بەھاو ئامۆژگاری ودەقەکانی دەتوانن خزمەتێکی گەورەمان پێبکەن، چونکە جنسی نابەدڵ کێشەیەکی ئیسلامیشەو قسەی تایبەت بەخۆشی لەسەر کردووە.
لەم چوارچێوەشدا چەندین دەق و ڕێسای ئیسلامیمان ھەن، لەوانەش:
*نابێت پەیوەندی جنسی دژ بە خۆشەویستی و میھرەبانی ھاوسەری بێت، بەوجۆرەی قورئان دیاریکردووە. بەحوکمی ئەوەی مەوەدەو ڕەحمەت، وەك دوو بەھاو مەبەست لەژیانی خێزانی نێوان ژن وپیاو، حوکمی کۆی پەیوەندییە خێزانییەکان و لەوانەش پەیوەندی جنسی دەکەن.
*فەرموودەی پێغەمبەر(د.خ) کە قەدەغەی دەکات پیاو ئازاری ھاوسەرەکەی بدات و دوای ئەوە داوای پەیوەندی جنسی لێبکات. ھەروەھا نەھی کردووە لەوەی پیاو پێش ھەندێ پێشەکی و سازاندنی کەش و ھەوای دەرونی و بایۆلۆژی بۆژن، جنس لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا بکات. ئەم پرسەشی ئەوەندە بە توندی گرتووە جنسێکردنی بێ پێشەکی لەلایەن پیاوەوە، بە جنسکردنی گوێدرێژ چواندووە.
٤- بەشێ لەیاساو پڕۆژەی ھەمووارەکە بەرمەبنای دیدێکی تاکگەرایی سەرمایەدارانەی خۆپەرست، بەتایبەتیش لە ڕوانگەی ئافرەتەوە، داڕێژراوون نەك خێزان و بەرژەوەندییەکانی! بە واتایەکی تر، پڕۆژە ھەمووارەکە خێزان وەك دامەزراوەو کۆیەکی ھاوبەشی ماددی و مەعنەوی سەیر ناکات، بەڵکو وەك کۆمەڵێ تاك دەڕوانێتە ئەندامەکانی. بەحوکمی ئەوەی پاراستن و تۆکمەیی و بەختیاریی خێزان تیایدا مەبەست نیە، بەڵکو وەك تاکی خاوەن ماف و بەرژەوەندی تایبەت سەیری ئەندامەکانی دەکات لەسەر حسابی ژیانە ھاوبەشە خێزانییەکەیان! لەکاتێکدا دەبێت ھاوسەنگی لەنێوان تاکبوون وئەنداێی خێزان وکۆمەڵگەدا بکات. پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و ئەندامانی خێزان لە چەندین ڕووە دەکات بە پەیوەندییەکی یاسایی وشك و بێ گیا!. ئەمەش خۆگونجاندنێکی بێ ئاسۆو ناسروشتیە لەگەڵ ڕەوتێکی جیھانی بۆ لێدانی خێزان و بەھاکانی بۆ سنوری شێواندن و ھەڵوەشاندنەوەی! کێشە کەش سەبارەت بە ئێمە لەوێدا قوڵتر دەبێتەوە، کە ئەمەی ئێستا لەدەستدەدەین بێ ئەوەی ئەو ئەندازە ڕێکخستنە قانونییەش بەدەست بێنین کە لە خۆرئاوادا کاروباری خێزان ڕێکدەخات، بەدەر لەوەی ئەو ڕێکخستنە لە وێندەرێش لە ھەندێ بواردا ڕەمزی قەیرانێکی ڕاستەقینەی ڕۆحی و ئەخلاقییە وخەڵکە عاقڵمەندەکە لەگەڵیدا نیەو ھەست بەمەترسییەکانی دەکات.
بە کورتی، ھەر یاسایەك بچێتە خزمەت لاوازکردنی خێزان و بەھاکانی، جگە لەوەی دژ بە ناسنامەی ئایینی و کۆمەڵایەتی گەلی ئێمەیە، بە زیانی ئەندامانی خێزان و بەرژەوەنییە ڕۆحی ودەرونی وئەخلاقییەکانییان و مەسەلە نەتەوەییەکەو سەقامگیری سیاسی وکۆمەڵایەتی تەواو دەبێت. بە گوزارشتی فەرموودەیەکیش دەبینە حەسرەتمەندترین کۆمەڵگەو گەل و نەتەوە بەحوکمی ئەوەی دەستبەرداری ناسنامەی دینی و نەتەوەیی و ئەخلاقی و بەرژەوەندییەکانی خۆمان دەبین، لە پێناو بەھاو بەرژەوەندی ئەوانی دیدا.
چونکە ئاسان نییە بسەلمێنرێت بەرژەوەندی ئێمە لەلاوازکردنی خێزان وبەھاکانیدایە.
240 جار خوێندراوەتەوە