بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستە داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکرێت

KNN : Kurdish News Network
12:50 - 14/04/2025
کوردستان
+
-

لە یادی 37 ساڵەی تاوانی ئەنفال، بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکرێت، دەشڵێت: ئەو تاوانە نەبوە وانەیەک تا دەسەڵاتی کوردی رابچڵەکێنێت بۆ رێکخستنی ریزەکانی

 

 

هەواڵ:KNNC

 

لە بەشێکی راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوە، لە (37) ساڵی رابردودا، دەسەڵاتداران هێندەی هەوڵیانداوە یادی تاوانەكە بە حیزبی بكەن و لەژێر چەتری دروشمسازیدا بیهێڵنەوە؛ كاریان نەكرد بۆئەوەی بکرێتە وێستگەی خزمەتكردنی كەسوكاری قوربیانیان و بەجینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی جیهانی، بەشێوەیەک ناوەندە جیهانییەكان بەم تاوانە دڕندەیە دژی پیاو و ژن و منداڵی سڤیل ئاشنا بكات و بكرێتە كەرەستەی لۆبی بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەمان، تا جارێكی دیكە هیچ دەسەڵاتێكی دیكتاتۆر زاتی ئەوە نەكات تاوانی لەو شێوەیە دەرهەق بە گەلە قوربانیدەرەکەمان دووبارە بكاتەوە.

 

دەقی راگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان:

 

 
ئەمڕۆ، (٣٧) ساڵ بەسەر تاوانی ئه‌نفالدا تێدەپەڕێت، ئەو پرۆسه‌یەی ئامانجی كۆمەڵكوژی و جینۆساید و سڕینەوەی شوناس و ناسنامەی گەلی كورد بو.

 

ئەم تاوانە، كە بەرەوژووری (١٨٢) هەزار هاوڵاتی کوردی تێدا کرانە قوربانی‌ و بێسەروشوێن کران، نەبووەتە وانەیەك؛ كە دەسەڵاتی كوردی رابچڵەكێنێت بۆ یەكخستنی ڕیزەکانی و خزمەتكردنی خەڵك و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییان.

 

بەداخەوە، لە (٣٧)هەمین ساڵی رابردوودا، دەسەڵاتداران هێندەی هەوڵیانداوە یادی تاوانەكە بە حیزبی بكەن و لەژێر چەتری دروشمسازیدا بیهێڵنەوە؛ كاریان نەكرد بۆئەوەی بکرێتە وێستگەی خزمەتكردنی كەسوكاری قوربیانیان و بەجینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی جیهانی، بەشێوەیەک ناوەندە جیهانییەكان بەم تاوانە دڕندەیە دژی پیاو و ژن و منداڵی سڤیل ئاشنا بكات و بكرێتە كەرەستەی لۆبی بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەمان، تا جارێكی دیكە هیچ دەسەڵاتێكی دیكتاتۆر زاتی ئەوە نەكات تاوانی لەو شێوەیە دەرهەق بە گەلە قوربانیدەرەکەمان دووبارە بكاتەوە.

 

بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌وڵی‌ داوه‌ مانایه‌كی‌ گه‌وره‌تر به‌م كاره‌ساته‌ بدرێت و، ئازار‌ و نەھامەتی و چەوسانەوەی گه‌له‌كه‌مان كه‌مێك ساڕێژ بێت، ئێستاش سوورە و كاردەكات بۆئەوەی ڕایگشتی و سۆزی‌ جیهانیش بۆ دۆزی‌ رەوای نەتەوەکەمان رابكێشێت و دەسەڵات بەجۆرێك خزمەتی كەسوكاری ئەو تاوانە بكات كە لەئاست گەورەیی قوربانیدانەكانیان بێت.

 

لە کۆتایدا و لەم یادە خەمئامێزەدا، لەگەڵ ئەوەی سەری ڕێز بۆ قوربانییانی تاوانی ئەنفال و كەسوكاریان دادەنەوێنین، بەپێویستی دەزانین هەمووان بە یەک دەنگ داوا بکەن لایەنی پەیوەندیدار لە دەوڵەتی فیدڕاڵ به‌ فه‌رمی‌ داوای‌ لێبوردن‌ له‌ گه‌لی‌ كورد بکات، هاوكات ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رێكاری یاسایی دەستەبەری هێنانه‌وه‌ی ته‌واوی روفاتی ئه‌نفالکراوان و بۆ زێدی خۆیان و قه‌ره‌بوی کەسوکارییان بكات.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٤ی ٤ی ٢٠٢٥

123 جار خوێندراوەتەوە