چێژی خوێندنەوە

 

 

پرسیاری ئەوەی کە ئایا مرۆڤ بۆچی دەخوێنێتەوە؟ پرسیارێکە بە زۆر ڕێگە وەڵام دراوەتەوە و زۆر ڕۆشنبیر و بیریار و فەیلەسوف بە وردی لەبارەیەوە دواون و چەندین کتێبی گرنگی لەسەر نوسراوە، بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانەش بەو ئاڕاستەیەدا چون کە خوێندنەوە خۆی ڕێگەیەکە بۆ گەیشتن بە مەعریفە و دانایی و یاریدەدەرێکی مەزنە لە پەرەدان بە ئاستی تێڕامان و بیرکردنەوە و لێکدانەوەی لۆژیکیانەتر بۆ ژیان و دیاردەکانی نێو دونیا و بون بە گشتی، بۆ ئەوەی بگەیتە ئەم ڕێگەیەش دەبێت چێژێک هەبێت هەم بتخاتە سەر ڕێگەکە و هەمیش لەسەر ئەو ڕێگەیە بتهێڵێتەوە. نوسەر و ڕۆماننوسی فەرەنسی "دانیال بیناک" یەکێکە لەو نوسەرانەی کە لە زۆر جێدا بە قوڵی لە سەر ئەم پرسە وەستاوە و ئیشی کردوە. تەنانەت یەکێک لە باشترین کتێبەکانی خۆیشی، لە پێناوی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا نوسیوە.کە هەر ناویشی لێناوە: چێژی خوێندنەوە.

 

 کتێبی (چێژی خوێندنەوە) لە ڕوکەشدا کتێبێکی گشتگیر و سادە و ئاسانە، بەڵام کاتێک لێی ورد دەبینەوە و دەچینە ئەودیوی ناونیشان و وشەسازیی و هەڵچنینە سادەکەی، توشی شۆک دەبین بەو ناوەڕۆک و واتا قوڵانەی دەرگیرمانی دەکات. کتێبەکە لە بنەڕەتدا بۆ هەموان نوسراوە، تۆ لە هەر قۆناغێکی تەمەندا بیت و لە هەر ئاستێکی مەعریفیدا بیت، هێشتا دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆی و هێشتا دەشێت ئەم کتێبە بەکەڵکت بێت.

 

کتێبی چێژی خوێندنەوە لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت، هەر چوار بەشەکەش پێکەوە بە ئامانجی دروستکردنی ئینسانێکی خوێنەر و بەئاگا و بنکۆڵکار نوسراون. ئینسانێک؛ کە هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە و لێوردبونەوە و تێڕامان ببێتە کەڵکەڵەی مێشکی. بیناک لە ڕێی ئەم کتێبەوە هانی دایکان و باوکان و مامۆستایان و خوێنەرانی جدی و ڕۆشنبیران و نوسەران دەدات تاکو پێکەوە وەکو تیمێک کار بکەن، لە پێناوی پەرەدان بە خوڵقاندنی حەزی خوێندنەوە لە نێو منداڵاندا. لە هەمان کاتدا پێیان دەڵێت کە ئەوە ئەرکە لە سەر ئێوە، منداڵێک کە تازە دێتە دونیاوە، بەرەو دونیای کتێب و خوێندنەوە ڕێنوێنی بکەن و لە تەکنەلۆژیای زیانمەند و هێرشی ڕاگەیاندنی بەتاڵ بیپارێزن. ئەمەش نەک لە ڕێی فەرمانپێکردن و سزادانەوە، بەڵکو لە ڕێی خوڵقاندنی کەشێکی لەبار و سەرنجڕاکێشەوە بۆ منداڵ، تاکو بتوانێت دەست و پەنجەی لەگەڵ کتێبدا نەرم بکات و کتێبی لە لا خۆشەویست بکرێت و چێژ لە خوێندنەوە ببینێت.

 


"بیناک" پێی وایە دەبێت چێژی خوێندنەوە بدەینە منداڵەکانمان، وایان لێبکەین بۆ بەدەستهێنانی ئەو چێژە هەوڵ بدەن و زیاتر و زیاتر بخوێننەوە. بیگومان چێژی خوێندنەوە یەکەم هەنگاوی چونە نێو دونیای کتێبە‌‌‌‌‌‌‌؛ دونیایەک کە ئیدی تۆ تێیدا دەگەیتە لوتکەی ئازادی و بەرپرسیارێتی، ئازادی کێ هەڵدەبژێریت و کێ ڕەت دەکەیتەوە، بەڵام ئازادییەک بە هوشیاری و تێگەیشتنی قوڵەوە. خوێندنەوە بۆ چێژ یەکەم پایەی خوێندنەوەیە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو چێژ بناغە و کۆڵەکەی خوێندنەوەشە. خوێنەر بۆ ئەوەی بگاتە ئاستەکانی تر و لە لوتکە نزیک بێتەوە، ناچارە ئەم بناغەیە بە پتەوی بنیاتبنێت و دواتر بینای فیکری و مەعریفی خۆی له سەری هەڵچنێت.

 


لە سەردەمێکدا، کە کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕوی خوێندنەوە و زانینەوە پاشەکشەی گەورەی کردوە‌‌؛ لە سەردەمێکدا کە قوتابخانە و زانکۆ و ژینگەی کۆمەڵایەتیی و خێزانیمان تێکڕا پێکەوە دژی بە کلتورکردنی خوێندنەوەن و کتێب لە لای ئەم نەوە نوێیە بێ بەها کراوە‌‌‌‌‌؛ لە سەردەمێکدا کە دەرگای قوتابخانەکان داخراون و لە بری ئەوەی منداڵان بچنە قوتابخانە و لەوێ پەروەردە بکرێن و فێری خوێندنەوە و بیرکردنەوەی لۆژیکیانە  بکرێن، کەچی پەروەردەکردنیان دراوەتە دەستی کۆڵان و ئاپە کاتکوژەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنیە مەترسیدارەکان! لە دۆخێکی وا مەترسیداردا هەوڵدان بۆ بە کلتورکردنی خوێندنەوە و پێگەیاندنی نەوەیەکی خوێندەوار و ئاشنا بە مافی خۆی، دەبێت ببێتە ئەرکی هەموان، بەتایبەتیش ببێتە ئەرکی هەمو ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ نوسین و خوێندنەوەدا هەیە و خۆیان بە غەمخۆری کۆمەڵگە و ئینسانەکانی نێوی دەزانن. بۆ ئەوەی لەمەشدا سەرکەوتو بین و ئامانج بپێکین و نەوەیەک بەرەو کتێب ئاڕاستە بکەین، دەبێت وشە و دێڕەکانی نێو ئەم کتێبە و کتێبەکانی دیکەی هاوشێوەی ببەینە نێو پانتایی ژیانی گشتییەوە و لەوێدا هەنگاوی کردەیی بنێین. لە پێناوی ئایندەیەکدا، کە نەوەیەکی خوێنەر و هوشیار ببنە سەردار و گەورەی و خوێندنەوە ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ژیان‌‌؛ نەک لێگەڕێین مانەوە و گینگڵدان لە نێو قۆزاخەی جەهلدا، کۆمەڵگە و داهاتوی تاکەکانیشی بەرەو هەڵدێر ببات!

93 جار خوێندراوەتەوە