هەڵسانەوەی دین و ئاشتکردنەوەی دیندار

هەر کاتێک دینداریی بەڕوکەش وەرگیرا، ئەم هاتوهاوارەی بەدواوەدێت، لە ئێستادا ڕەوتێک لە ئیسلامگەرا هەن، کار لەسەر کونتڕۆڵکردنی ئەقڵ، کوشتنی ئازادیی، بەها و جوانیی، فەرامۆشکردن و نایدەگرتنی کۆنتێکست و دەقی دینیی دەکەن. هەر ئەمانەش خەڵکانێکی کەمئاست و کۆپیکراوی خۆیان هەڵدەدەنە ناو کۆمەڵگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. جێی داخە کەسانێک بەبێ هیچ پێشینە و زانستێکی ئەخلاقی و ئەقڵانی دینیی، بەبێ خوێندنەوەی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان دەکەونە پەلاماردان و سوکایەتیپێکردن بە کارەکتەرەکانی ناو کۆمەڵی کوردەواریی بە وێنەی ڕۆشنگەر، بانگخواز، ئەدەبدۆست، ژیاندۆست، مامۆستای ئاینیی و میدیاکار و هتد.

دەربڕینەکانی مامۆستا جاسم کەلاریی، گەر زیادەگۆیی تێدابوبێت و سنوری بڕیبێت، ئەوا ناکرێت پەلاماربدرێت و دەستبەجێ بخرێته ناو بازنەی بەزاندنی سنوری خواوە، پاشان پەلکێشکردنی بۆ دەرەوەی دین و خزاندنە ناو گۆشەیەکی تاریکەوە. مرۆڤی خواپەرستی ڕاستەقینه بەخشین، لێبوردن و بەخۆداچونەوەی هەیە، لە هەمبەردا لای کەسانی دیکە تۆڵەکردنەوە، پۆلێنکردنی مرۆڤ، بچوککردنەوەی ژیان، بێڕوحکردنی زانست و ئاین و ڕەتکردنەوەی بۆچونە ئازادەکان کاری پێدەکرێت.

 بە ئەزمونی ژیانی من مرۆڤ بێ دین و خوا ژیانی بێمانا دەبێت، ژیانی ناڕێک و بێبەرهەم دەبێت، بەڵام کام دینداریی، هەمان دیندارییەکەی مامۆستایانی پێشو بە وێنەی مامۆستا مەلا عەبدولکەریم، شێخ محەمەدی خاڵ و مەلای گەورە و دەیانی دیکە، ئەم پۆلە مرۆڤە کوردە توانیان بە زمانێکی هێمن و بیرێکی کوردانە و دور لە توندوتیژیی، چاندنی گیانی پێکەوەژیان و گوتاری نەرم و یەکترقبوڵکردن، نەک سڕینەوەی یەکتر و لەیەکتر هەڵدان دروستبکەن. لێرەدا ئەرکی دەسەڵات، دامەزاراوە حکومییەکان، زانکۆکان، دەزگا ڕۆشنیرییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنە، گەشە بەم جۆرە گوتارە بدەن و بەربەستێکی پتەو بۆ تەشەنەنەسەندنی زمانی جێنو و گوتاری دینییان دابمەزرێنن.

هەڵبەتە بەڕێوەربەری پانێڵی (شێخ ڕەزا لە دیدی مامۆستایانی ئاینی)ـیەوە بەندە بوە، کە تا سەرئێسقان بەرگریی لەم جۆرە هەوڵە دیندارییە میانڕەو و کاریگەرە دەکەم. مامۆستای ناوبراو پسپۆری شیعری شێخ ڕەزا و ئەدەبیاتی کوردیی نییە، بەڵکو دەیەوێت لە ڕێگەی ئەدەبەوە، بەتایبەت لە ڕێگەی شیعری ئاینیی و بابەتی پەندئامێزەوە زەنگی بێداریی و ئاشتکردنەوەی ژیان لێبدات و خەڵکی تۆراو لە دین ئاشتبکاتەوە و بیانهێنتە ناو بازنەی دینە جوانەکەی ئیسلامەوە. ڕونە، کە ئەم سەردەمە بەگشتیی بە سەردەمی پوچیی، کەوتنی بەهاکان، سڕینەوەی جوانییەکان، نەهێشتی هۆگریی و خولیاکان، خانەکردن و پۆلێنکردنی مرۆڤ و دواجاریش لە قاڵپدانی دینداریی کوردیی ناسراوە، هەمو ئەم بابەتانە پێکەوە یەک پاکێجی ڕوخاون و هەر پێکەوەش پێویستیان بە هەڵسانەوە و دوبارە خوێندنەوە و ڕاڤەکردن هەیە. ئەگەر هەر زانیارییەک، کۆزانیارییەک بە فلتەر و چاودێری بیرکردنەوە و تێگەیشتندا نەڕوات، ئەوا زو دەکەوێت و نابێتە جێباوەڕی خوێنەر.

یەکێک لە کۆمێنتەکان، کە لایەن دیندارێکی نائاگاوە ئاڕاستەم کراوە، منیش هاوشێوەی هەمو ئەو ملێون کەسەی، کە پاڵپشتی دیندارییە نەرمەکەی مامۆستایە" گو بخۆم"، جێی ئابڕوچون و شورەییە، خواپەرست بیت و ئەوە ئاکار و شێوازی زمانت بێت. لەم ڕوانگەوە بە کاکی جنێودەر دەڵێم، لە هەمو کات زیاتر و لە هەمو کەس زۆرتر، ئێوە پێویستتان بە دوبارە پەروەردەکردن، خۆناسین، خواناسین وخۆدروستکردنەوە هەیە، جارێکی تر ئەو پەیوەندییەی، کە لەگەڵ خۆتان و خوای گەورە، لەگەڵ خۆتان و هاومرۆڤ و هاوزمانەکانتاندا داتانمەزراندوە پێداچونەوە و هەڵسەنگانی بۆ بکەن، دەنا بەر نەفرەتی ویژدان دەکەون.

خودای گەورە پارێزەری ژیان و سەرخەری کاروبارەکانمان بێت.

62 جار خوێندراوەتەوە