بۆیەکەم جار و لەمساڵدا، بەرزترین ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە ڕۆژانە بە بەلەم گەیشتونەتە بەریتانیا لە ساڵی 2025 دا تۆمارکرا و تەنها دوێنێ 650 کۆچبەر لەڕێگەی بەلەمی بچوکەوە ڕویان لە بەریتانیا کردوە.
هەواڵ:KNNC
سەرەڕای ڕێگریکردن و گرتنی قاچاخچییەکان لەلایەن بەریتانیاوە، بەڵام ڕێژەی چونی کۆچبەر بۆ ئەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی رابردو دوو هێندە زیادی کردوە و وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش هۆشداری دەدات.
میدیاکانی بەریتانیا
بڵاویانکردوەتەوە، تەنها دوێنێ (شەممە12ی
نیسان)، 650 کۆچبەر لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزییەوە بە 11 بەلەمی بچوک، چونەتە بەریتانیا
و ژمارەی پێوانەیی مانگی ڕابردویان تێپەڕاند.
بە گوێرەی
ئامارەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە گشتی
زیاتر لە هەشت هەزار کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاوە لە فەرەنساوە گەیشتونەتە بەریتانیا،
ئەم ڕێژەیەش نزیکەی دوو هێندە زیاترە لە هەمان
ڕێژەی چونی کۆچبەر لە ساڵی ڕابردودا.
ئەم ئامارە نوێیە
لە کاتێکدایە کە حکومەتی بەریتانیا بەڵێنی داوە بە ڕیگریکردن لە کۆچبەران و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بە قاچاخ لە سەرانسەری کەناڵی ئینگلیزیدا
کۆچبەر دەگوازنەوە.
لای خۆشیەوە وتەبێژی
وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندوە؛ دەیانەوێت کۆتایی بەو پەڕینەوە مەترسیدارانەی بەلەمی
بچوک بهێنین کە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک و ئاسایشی سنورەکەیان دروست دەکەن.
یەکێک لە
هۆکارەکانی زیادبونی ژمارەی کۆچبەران لەم مانگەدا کە بە بەلەم دەگەنە بەریتانیا، ڕەنگە بەهۆی
لەباری کەشوهەواوە بێت، کە لە ئێستادا گونجاوە بۆ پەرینەوەی بەلەم وکەمتر مەترسی دروست دەبێت لەسەر کۆچبەران لە نێوان
فەڕەنسا و بەریتانیادا
216 جار خوێندراوەتەوە