ئێران: گەڕی دوەمی دانوستانمان لەگەڵ ئەمەریكا ناڕاستەخۆیە

KNN : Kurdish News Network
07:15 - 14/04/2025
جیهان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: خواستی دانوستان لەگەڵ سیاسەتی فشار و هەڕەشە یەكناگرێتەوە، خەجتیش دەكاتەوە كە كۆبونەوەكانی نێوان تاران و واشنتۆن بەشێوەی ناراستەوخۆ ئەنجام دەدرێن.


هەواڵ: (KNNC)


لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: خواست و ویستنی دانوستان لەگەڵ سیاسەتی فشار، گەمارۆ، هەڕەشە یەكناگرێتەوە و تاران داوای هەڵگرتنی سزاكان دەكات كەبەسەریاندا سەپێندراوە.


وتیشی: هەڵوێستی بەرپرسەكانی واشنتۆن دژبەیەکن، بۆیە دەبێت سەرەتا ئەو سیاسەتە چارەسەر بكەن، كە لەبنەڕتدا یەكێك لە هۆكارەكانی ناڕاستوخۆیی دانوستانەكانی ئێران لەگەڵ ئەمەریكا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.


رونیكردەوە، بەرنامەی ئەتۆمییەكەی ئێران، بەتەواوی ئاشتیانە و چەندینجاریش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ڕاپۆرتەکانیدا ئەوەی پشتڕاستکردوەتەوە، بۆیە ئەو دۆسییە كراوە بەپاساو بۆ دروستكردنی قەیرانێكی گەورە.


سەبارەت بە خولی داهاتوی دانوستانەکان راشیگەیاند: لەگەڵ ئەوەی كە شوێن گرنگ نییە، بەڵكو چوارچێوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا گرنگە، بەڵام لە دوای وەرگرتنی هەڵوێستی فەرمی عوممان بڕیار لەسەر شوێنی خولی دوەمی دانوستانەکان دەدەن، كە بەئەگەری زۆرە لە شوێنێکی دیكەی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوشكرد، خولی داهاتوی دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن بە نێوەندگیری مەسقەت و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت، تەنانەت ئەگەر لەو وڵاتەش كۆبونەوەكە نەكرێت.

300 جار خوێندراوەتەوە