کاتی ئەوە نەهاتوە تانە لە یاسای وەبەرهێنانی هەرێم بدرێت؟

بەهۆکاری نادادی و بەفیڕۆدان و داگیرکاریی زەوی کاتی ئەوە نەهاتوە تانە لە یاسای وەبەرهێنانی هەرێم بدرێت لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ؟

 

یاسای وەبەرهێنان ژمارە “ 4 “ ی ساڵی “ 2006 “ کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوە راستە یاسایەکە ناوی وەبەرهێنانە و بۆ وەبەرهێنان لە زۆر بواردا دەرچوە کە لە ماددەی دوەمی یاساکە باسی رەهەندە جیاوازەکانی کردوە وەک “ پیشەسازی، کشتوکاڵ، ژینگە، تەندروستی، گەشتیاری و بانکەکان و پەروەردە و فێرکردن و گواستنەوە و گەیاندن؛ تەنانەت لایەنی زانستی و توێژینەوەی زانستی “ بەڵام یاساکە وەک ئەوەی بەبەری باڵای وەبەرهێنەرانی بواری نیشتەجێکردندا دورابێت لە ماوەی 18 ساڵی دەرچونیدا سەدان مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پرۆژەکانی نیشتەجێکردن دراوە بێ هیچ مەرج و سودێکی گران لەسەریان دەیان هەزار دۆنم زەوی بە ناوی وەبەرهێنان بەپێی ماددە “ چوارەم / دووەم” لە یاسای وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێن تەرخان کراوە بەشێوەی مساطحە و بەنرخی هاندەر “ مدعوم “ بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئایا دانی زەوی بە خۆڕایی و نرخی رەمزی هاندەرە یان بەخشینەوە ؟ 

 

بەمجۆرە دانی زەوی بە نرخێکی رەمزی لە باشترین و جوانترین شوێنەکانی شارەکاندا ئەویش بەو کەسانەی توانیویانە ببنە خاوەنی مۆڵەتی دروستکردنی پرۆژەی وەبەرهێنان “ بەهەر رێگایەک بێت “ ئەمەش پاڵپشت بە  بڕگەی هەشتەمی هەمان ماددە کە تیایدا باسی لە وەبەرهێنانی نیشتەجێکردن دەکات، ئەمە جگە لەو هەمو بەخشین و ئاسانکارییانەی لە باج و رسومات بۆ وەبەرهێنەران بەپێی ماددەی پێنجەمی یاساکە کراوە و لەگرنگترینیان بەخشینیەتی بۆ ماوەی “ 10 “ ساڵ لە هەمو جۆرە باجێک .

 

ئەمە لە کاتێکدایە هەمو یاساکانی هەرێم و عێراق بە یاسای وەبەرهێنانی ئاماژە بۆ کراویشەوە لەژێر چاودێری دەستوری دادگای فیدڕاڵیدان و لە دەستوری عێراقیشدا بەپێی ماددە “ 26 “  وەبەرهێنان لەلایەن دەوڵەتەوە ئیدارە پاڵپشت دەکرێت و یاسای بۆ دەردەکرێت بەڵام هەر بەپێی ماددە “ 27/ یەکەم “ لە هەمان دەستور ماڵ و موڵکی دەوڵەت پارێزگاریکردنی واجب کردوە لەسەر هەمو تاکێک، کەواتە نابێت یاسای وەبەرهێنان بەجۆرێک بێت بەهەدەردان و بەخشینەوەی زەوی و خاکی وڵاتی تێدابێت .

 

لێرەدا دەپرسین دەرکردنی یاسایەک بەو جۆرە لە هەرێم کە زەوی و شاخ و داخ و باخ و سەوزایی کردە بەخشش بۆ وەبەرهێنەران و لە سایەیدا بونە ملیۆنەری دۆلار لەسەر موڵک و زەوی دەوڵەت گشتی پێچەوانەی دەقەکانی ئەو دەستورە نییە؟.

 

بۆیە دەپرسین یاسایەک ئەمە ئەنجام و دەرهاویشتە و سود و زیانەکانی بێت، کاتی ئەوە نەهاتوە تانەی بەنادەستوری بونی لە دادگای فیدراڵی لێبدرێت، تا چیدیکە لەژێر ناوی یاسادا خاک و ئاوی ئەم وڵاتە بەهەدەر نەدرێت .


128 جار خوێندراوەتەوە