زیادبونی بێ کاری و لوتبەرزی حکومەت !

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا سەدان  پڕۆژەی گەورەو بچوک مۆڵ و بازاڕ و دوکانەکان و چێشتخانەو ڕیستۆرانتەکان کارمەند و ئیشکەرەکانیان کەمکردۆتەوە بۆ نیوە یان کەمتر و ھەندێکیان و توانای ئیدارەدانی یەک کەس و دوکەسیان نەماوە.


گرفت و دواکەوتنی موچە بەم شێوەیە بەردەوامبێت بێکاری بەشێوەیەکی بەرفراوان لە شارو شارۆچکەکاندا ڕو لە زیادبون  دەکات.


واتە دواخستن و نەدانی موچە تەنھا پەیوەست نییە بەچینی فەرمانبەران و موچەخۆرانی دەوڵەتەوە ، بەڵکو پەیوەستە بە چین بەچین و تاک بەتاکی کۆمەڵگاوە.


بەجۆرێک گەر موچە نەچێتە گیرفانی موچەخۆران بازار و مۆڵەکان و دوکانەکان جموجوڵیان تێدا نامێنێت ئەو خاوەنکارانە ناتوانن سەرفیاتی کارمەند و ئیشکەرەکانیان دابین بکەن ھەزاران کەس بێکار دەبن و بەناچاری دەنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە.


خەم ساردی حکومەت لە ئاستێکدایە نە گوێیەکی بۆ بیستن ھەیەو نە چاوێک بۆ بینینی ئەو دۆخەی ھاوڵاتیانی بەگشتی تێکەوتوە.


لوتبەرزی دەسەڵات دارانی ھەرێم لە بەرامبەر داواکاریەکانی بەغداد بۆ چارەسەرکردنی دۆخی موچەی موچەخۆران گەیشتوەتە کەشکەلانی فەلەک و ئامادە نیین لەپێناو باشکردن و چارەسەرکردنی گرفتەکانی ھاوڵاتیان نەرمی بنوێنن و لە کەلەی شەیتان بێنە خوارەوە و دەرچەیەک بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە بدۆزنەوە ، کە ھەمو مانگێ تەنگ بە ھاوڵاتیان ھەڵدەچنێت . پشکی شێر لە چارەسەر نەبونی دۆخەکە بەر حکومەتی ھەرێم و لایەنە کوردیەکان دەکەوێت.

150 جار خوێندراوەتەوە