پرۆسەی لەشارخستن، کفری وەک نمونە..
(سەبارەت بە بیماریی عەقڵیەتی ئیدارەدانی
کورد)
کیماش، لاخیرۆ، کیپرۆ، کیپرات، ڤرجیا... هتد، چەندین
ناوی گرنگ و دێرینی نێو مێژوی ئێمەن، کە زۆرترین بەشدارییان لە گەشەسەندنی ژیارییانەی
کورد و ناوچەکەدا هەبوە، هەمو ئەو ناوانەش پێکڕا ئاماژەن بۆ قۆناغێلی گەشەی ژیارییانەی
شاری کفری . شارستانیەتی کورد ئەگەر پێنج شاری مێژویی گرنگی هەبێت، ئەگەر بڕیار بێت
ڕێز لە مێژوی هەرە دێرینی خۆی بگرێت و ئاوڕێک لە ڕابردوی خۆی بداتەوە، ئەوا بێ هیچ
دو دڵیەک دەبێت کفری پێشەنگی ئەو پێنجە بێت و وەک سەروەتێکی نیشتمانی لێی بڕوانێت
و بیپارێزێت، لانیکەم وەک شارێکی شوێنەواریی ئاوڕ لەو هەمو شوێنەوارە مێژوییانەی
بداتەوە.
سی ساڵی دوای سێ هەزار ساڵەکە
کفری کە خودان مێژوییەکی سێ هەزار ساڵەیە، کە
ناوی لە چەندین دەقی گرنگی سۆمەری و ئەکەدی و بابلی و عیبریدا هاتوە، کە ماوەیەکی
زۆر ناوەندی حکومڕانی و بازرگانی بوە، هەمو ئەمانەش لە تۆماری چەندین ڕۆژهەڵاتناس
و مێژونوسدا گەواهیان بۆ دراوە، ئێستا دوای سێ هەزار ساڵ تەمەن، شوێنەوارەکانی بونەتە
کەلاوەیەک و ڕۆژ بە ڕۆژ و هەر جارەی لایەکی لێ دادەڕمێت و لەناودەچێت، هەر جارە و
گەڕەگ و کۆڵانێکی ئەم شارە مێژوییە بەرەو چۆڵبون دەچێت و بازاڕەکانی دادەخرێن. شارەکە
لە ژێر سایەی حکومڕانیی خۆماڵیانەی کوردیدا و تەنها لە ماوەی سێ دەیەدا و دوای سێ
هەزار ساڵ لە خۆڕاگری و ئاوەدانی و شارستانیەت ، کرا به وێرانەیەک و هیچ هۆکارێکی
ژیانکردنی شکۆمەندانەی تیا نەما. گەنجەکانی بێکار و گەڕەکەکانی بێ خزمەتگوزاری
کران؛ بەرپرسەکانی گەندەڵ و گیرفانبڕ دەرچون و خەڵکەکەی بێ پارە و ڕەنجەڕۆکراو مانەوە؛
کاسبکارانی بێ ئیش و بێ ئیشەکانیشی ئاوارە و پەراگەندەی شارانی تر بون..!
لێرە و لە نێو ئەم مەملەکەتی زوڵم و جەور و ستەمەدا،
تۆ ئەگەر ئەڵقەلەگوێی حیزب نەبیت؛ ئەگەر وەلائت بۆ حیزبێکی کوردی نەبێت؛ ئەگەر نەتتوانی
سەردانی کۆمیتە و ناوچە و لق بکەیت، سفری دوای فاریزەش نیت، با لە خوێندندا کۆچەر
بیرکار و لە کاردا بیل گەیتس و لە ژیانی کۆمەڵایەتیشا بێ وەیی و خزمەتکاری خەڵکی بیت..!
گەنجی ئەم شارە دوای چەندین ساڵ خوێندن، ئەگەرچی دەرچوی باشترین کۆلیژ و زانکۆکان
بن، ئەگەرچی چەندین زمان بزانن و بە قەد باڵای سەرکردە و جەلادەکانی ئەم نیشتمانە
کتێبیان خوێندبێتەوە، گەر نەچنە کۆمیتەی حیزب، گەر نەبنە کۆیلەی ئەم و ئەو، مافی بون
بە وانەبێژیشیان پێ ڕەوا نابینرێ و دانەمەزرێنرێن؛ لێرە گەر تۆ مامۆستایەکی زۆر بە
ئەزمونیش بیت و دەیان ساڵ خزمەتت هەبێت، گەر نەبیتە ئەڵقەلەگوێی ئەم جەلادانە ناکرێیتە
بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکیش..!
کفری سەردەمانێک پێی دەگوترا "شاری وەزیران"
و تەژیبو لە جوڵەی بازرگانی و ڕۆشنبیری و هونەری ، پڕ له جوڵەی سیاسی بو، لەبەرچی؟
چونکە بەرپرسە باڵاکانی ئەوسای، نوێنەرانی ئەو سەردەمەی، وەک: (وەزیری بەرگری، وەزیری
داد، وەزیری تەندروستی، وەزیری ناوخۆ، وەزیری کشتوکاڵ، خانەوادەی سەرۆک وەزیران و
ئەندامانی ئەنجومەنی ئەعیان) پێکڕا لە کفری نیشتەجێ بون و شاری خۆیان بە جێ نەدەهێشت
و خۆیان لە خەڵکی شارەکە جیانەکردبوەوە، بەردەوام گرنگیان بە شار دەدا و پێشیان دەخست.
"جەمیل پاشا" کە نوێنەری هەمو ویلایەتی موسڵ بو ( واتا نوێنەری تەواوی
باشوری کوردستان بو) لە پەرلەمانی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ، ماڵەکەی هەر لە کفری بو!
مەحمود پاشا و عومەر نەزمی و جەمال نەزمی و دەیان کەسایەتی سیاسی ناوداری دی، کە بەرزترین
پلە و پۆستی سەردەمی پاشایەتیان لە بەغداد درابویێ، هیچیان پشتیان نەکردبوه کفری و
ماڵیان بەیەکجاری نەگواستبوە بەغدا...! ئەمێستا ئەوانەی نوێنەری خەڵکی کفرین و بەرپرسی
باڵای ئەم حکومەتەن ماڵیان لە کوێیە؟ هەر ئەوەندەی دەبنە بەرپرس یەکەمین کارێک کە
دەیکەن ماڵیان دەبەنە شارانی دی و ژیانی خۆیان دەگۆڕن، ئیدی نە غەمێک لە شارەکەی خۆیان
دەخۆن و نە ئاوڕ لە ئەوانەش دەدەنەوە کە گەیاندنیان بەو پۆستە. شار بە بەرپرسە غەمخۆرەکانیەوە
شارە، کە بەرپرسی غەمخۆری نەبو، کە بەرپرسەکانی چڵێس و چاولەکورسی و پۆست بون، کە
خەڵکە دڵسۆزەکەی لێی هەڵهاتن و ڕۆیشتن، ئیدی لەوێوە پرۆسەی لەشارخستن دەست پێدەکات.
پرۆسەی لەشارخستنی کفری بۆچی سەری گرت؟
یەک: عەقڵیەتی ئیدارەدانی کوردی لە ڕاپەڕینەوە
کاری لەسەر ئەوە کردوە هەندێک شار لەسەر حسابی هەندێکی تر گەورە بکات، لەبری ئەوەی
هەوڵ بدات وەک یەک خزمەتگوزاری پێشکەشی هەمو شارەکان بکات، دەهات و خزمەتەکانی لە یەک
شاردا چڕ دەکردەوە و شارانی دەوروبەری ناچار بون وەک پەروانە بە دەوری ویدا بسوڕێنەوە.
ئەم ناعەدالەتیە وایکرد کە شارەکان لە نێو خۆیاندا بچن بەگژ یەکدیدا و ڕق و کینە و
دوبەرەکی بکەوێتە نێوانیانەوە، بۆ نمونە: (هەولێر و سلێمانی/ ڕانیە و قەڵادزێ/ هەڵەبجە
و سەیدسادق/ کفری و کەلار/ ڕەواندز و سۆران/ دهۆک و زاخۆ/ ئامێدی و دهۆک/ ....
هتد)، هەر نانەوەی ئەم دوبەرەکیەش لە نێوان شارەکاندا بۆ خۆی ئاماژەیەکی ڕونە بۆ بیماری
عەقڵیەتی ئیدارەدانی کوردی و کڵۆڵی سەرانی حیزب.
دو: ئەنجامی ئەو دابەشکارییە نادادپەروەرانەیەی
دەسەڵاتی کوردی کە لە خاڵی یەکەمدا باسمان لێوەکرد، وایکرد کە بەهای ئابوری هەندێک
لەو شارانە لە هەندێکی تریان زۆر زیاتر بێت، ئەو شارانە کە دەکرانە میحوەری شارانی
دەوروبەر، لە هەمان کاتدا دەبونە بازاڕێکی گەورەیش بۆ حیزب و سەرانی سیاسی کورد،
تا بتوانن سەرمایەی دزراوی میللەت بۆ خۆیان زیاتر بەگەڕ بخەن و وەک دەڵاڵێکی خانوبەرە
خەریکی کڕین و فرۆشتنی سەدان و هەزاران دۆنمی ئەو شارە میحوەرییانە بن و بە دەیان
پرۆژەی قازانجداریان تیا جێبەجێ بکەن، لە هەمان کاتیشدا لە ڕێی سیاسەتی پشتگوێخستنی
شارەکانی دەوروبەریشیەوە خەڵکی شارەکانی دی ناچار بکەن بچنە نێو ئەو پرۆژانەوە و
قازانجەکانیان بە خاوەنی ئەو پرۆژانە ( کە هەر نوێنەری حیزبن) ببەخشن، جا ئەو پرۆژانە
چ نەخۆشخانەیەکی ئەهلی بێت یان پرۆژەیەکی نیشتەجێبون یان هەر شتێکی تر بێ.
سێ: کە تۆ لە جێگایەکدا ژیایت هیچ بنەمایەکی
شارنشینی تیا نەمابو، کە نەخۆش کەوتیت و نەخۆشخانەیەک نەبو بۆ چارەکردنت، کە بۆ
مامەڵەیەکی ئاسایی ناچاربیت بچیتە شارێکی دی، کە لە بێ کارییدا براکەت، خۆت یان کوڕەکەت
بچنە شارێکی دی و خواخواتان بێت لە چێشتخانەیەکدا ببنە قاپشۆر، کە بە هۆی نەبونی
پزیشکی دادەوە بە مردویش تەرمەکەت ببەنە شارێکی دی و دواتر بتهێننەوە زێدی خۆت، ئیدی
هیچ ناچار نیت لە شوێنێکی وەهادا بژیت و جێی نەهێڵیت. کاتێکیش زۆرینە خەڵکی شارەکەی
خۆیان جێهێشت، شار چۆن دەبوژێتەوە؟ چۆن نابێتە وێرانەیەک؟ چۆن لە شار ناخرێت و نابێتەوە
بە لادێ؟!
ئایا مێژو ئەم ستەمە دەشارێتەوە؟
ستەمکاری و چەوساندنەوە و وێرانکاری سێ خەسڵەتن،
ڕەنگە بۆ ماوەیەک و بە زەبری هێزی تۆقاندن کەس نەتوانێت باسیان بکات، ڕەنگە بۆ ماوەیەک
ستەمکار بتوانێ بیشارێتەوە، بەڵام هۆ ستەمکارانی ئێرە، هۆ بازرگانانی پارە و خوێن،
ئەی سەرانی کوردی خوێنمژ، ئەی بەرپرسانی داماڵراو، دڵنیابن و گوێبگرن کە مێژو هەرگیز
ئەم لەشارخستنەی کفری، ئەم غەدرە گەورەیەی ئێوە لەبیری خۆی ناباتەوە! دەبێت زۆر لەوە
دڵنیابین هەر لە ڕەحمی ئەم خاکە و دامێنی ئەم وڵاتەوە، سبەی ڕۆژێ، نەوەیەکی دی سەردەردێنێ
و وەک شێرێکی بریندار پڕ بە گەروی هاوار دەکات: ئێرە جێگای ئێوە نیە، بەو بیمارییەوە
حکومداری چۆن دەکرێت، شاربەدەربن. مێژونوسێک بەسەردێڕێکی گەورە دەنوسێت: ( شارێک هەبو
دوای سێ هەزار ساڵ تەمەن، دوای سێ هەزار ساڵ لە شارستانیەت و ژیان، دوای ئەوەی لەبەردەم
سەدان دەسەڵاتی داگیرکەر و وێرانکار و ستەمکاردا خۆڕاگربو، هەر لە لوتکەدا مایەوە
و دانەڕما، کەچی دواجار دەسەڵاتدارانی خۆماڵی، ئەوانەی لە پێست و خوێنی خەڵکەکەی خۆی
بون و بە خانەخوێیان دەزانین، بە سی ساڵ توانیان حیکایەتی شارستانیەتی ئەو شارە تێک
بشکێنن و وێرانی بکەن، بیکەنە دۆزەخێک کە خەڵکەکەی هەمو ئاواتێکیان ئەوە بێت ڕۆژێک
زوتر لێی دەرباز بن و لەوە زیاتر ئازاری تێدا نەچێژن)، ئەمە وەک شەرمەزارییەک دەنوسرێتەوە،
بۆ هەمیشە دەتانکەن بە مەسخەرەی خەڵک، عیبرەتەن لیئولەل ئەلباب! با هەموان بزانن،
ئەو کاولکارییەی بە سێ هەزار ساڵ بە هیچ دوژمنێک و داگیرکەرێک نەکرا، بە سی ساڵ
حکومڕانانی خۆماڵی کردیان، بەخێر بێن بۆ وێرانەخاکی کفری، بەخێربێن بۆ بینینی تراژیدیای
بیماری عەقڵیەتی ئیدارەدانی کورد.
259 جار خوێندراوەتەوە