دو ئاوڕدانەوەی فیکریی لە ئەحمەد شەرع

1

 

 (ئەحمەد شەرع لە سەر هەمان کورسی بەشار ئەسەد دادەنیشێت و پێشوازی لە میوانە بیانیەکان دەکات) ئەمە سەردێڕێکی تابڵێی ترسناک و فریودەرە، ئەم سەردێڕە با وردتر بهێنینە پێش چاو و زیاتر زومی بکەین: ئەو پیاوەی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردودا بەشدارییەکی کارای لە داڕشتنی پلانە تیرۆرستیەکانی قاعیدە و داعش و جەبهەتولنوسرە و دواتریش تەحریر شامدا هەبو لە عێراق و شام؛ ئەو عەقڵە جیهادییەی ناوی لە لیستی تیرۆردا وەک ڕابەرێکی جیهادی گەورە و پیاوکوژێکی مەترسیدار تۆمارکرابو، ئێستا ئیدی وەک کەسی یەکەم؛ وەک پاڵەوانی گەورەی دوای جەنگ و گەیشتن بە ئازادی؛ وەک ڕابەری شۆڕشگێڕە سورییەکان و سەردەستەی ئازادیخوازان پێشوازی لە جیهان دەکات و شاندی وڵاتان لە هەمو لایەکی دونیاوە، دەستە دەستە دێنە لای و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەن و پەیوەندی لەگەڵ دەبەستن! ئەمە چ جۆرە لێکدژییەکی مەترسیدارە کە دونیای ئەمڕۆ و سیاسەتمەدارەکانی تێیدا دەژین؟

 

سەردێڕەکە خۆی گوزارشتە لە ساتێکی مێژویی یەکلاکەرەوە و شۆکهێن، شۆکهێنە چونکە وێنەکە خۆی زۆر ڕونتر لەوە پیشانداوین کە ئێمە چاوەڕێ بوین خۆی دەربخات و بیبینین، هەندێک جار ئەم خۆخستنەبەرچاوەی هەقیقەت بەو ڕوتیە پەتییەوە؛ بەو ئێجگار ڕونییەوە؛ زیاتر لەوەی کە شاراوە بمێنێتەوە، ئێمە فریو دەدات و لەگەڵیشیدا بەر شۆکێکی گەورە دەکەوین.

 

 

سەردێڕەکە جۆرێک لە خستنەبەرچاوی ئەمەندە نوێ بەرهەم دەهێنێت کە نەتوانین بەو جۆرەی پێویستە لێی تێبگەین و شیبکەینەوە، لەگەڵیشیدا وێنایەکی ڕونی سیاسیمان پیشان دەدات کە تێیدا هەمو شتەکان ئاسایی دەربکەون و بە بەرچاوماندا تێپەڕ ببن و نەتوانین گرفتە گەورەکە وەک گرفتێکی هەقیقی ببینین.

 

ئەلێکساندەر کۆیرێ، بۆ ئەم وێنا ڕونە سیاسیانە کە باری تێگەیشتن لە ئینسان ئاڵۆز دەکەن، چەندین ڕاڤەی تایبەت و پڕ بەهای پێشکەش کردوین، ئەو لە یەکێک لە وتارە پڕبایەخەکانی خۆیدا دەربارەی درۆ و بەتایبەتتریش درۆی سیاسی، زۆر ورد باسی ئەم جۆرە دەرکەوتنانە؛ باسی ئەم وێنا ڕونە سیاسیانە دەکات، بەتایبەتی لە پەیوەست بە درۆی سیاسییەوە، وتارەکە کە بەناونیشانی (تێڕامانەکان لەبارەی درۆوە) نوسراوە و بۆتە پاڵنەری تێگەیشتنە فەلسەفیەکانی چەندین بیریاری مەزنی وەک هانا ئارێنت و ژاک دێرێدا سەبارەت بە درۆی سیاسی، بێ ئەندازە بۆ تێگەیشتن لە کەسێتی سیاسیەکان هاریکارێکی باشە.

 

کۆیرێ لەو وتارە گرنگەیدا، ڕاشکاوانە لەسەر ئەم گرفتە ئاڵۆزە دەوەستێت و ڕاڤەکاری زۆر وردی هزرییانەی بۆ دەکات و دەریدەخات کە چۆن سیاسیەکان جاروبار هەقیقەت وەک ئەوەی هەیە دەخەنە ڕو، بێ هیچ درۆ و ئیزافاتێک، ئەمەش لە پێناوی سەرلێشێواندنی خەڵک و فریودانیاندا. واتا ئەم وێنا ڕون و سادانەی نێو سیاسەت، کە لە ڕوکەشدا ئاسایی و سادە دەردەکەون، لە پشتیانەوە چەندین ئاماژەی ترسناکی سیاسی و گەمەی تۆقێنەر هەن؛ دونیایەک نیازی خۆمەڵاسدەر و بەلاڕێدابەر هەن و جەماوەر بە پلەی یەک تێیدا بە ئامانج دەگیرێت.

2

جیهان کاتێک دەیەوێت شەرع وەک ڕابەری سورییەکان بناسێنێت، هەوڵ دەدات بیانویەکی لۆژیکیی بۆ بهێنێتەوە: (ئەم پیاوە پاڵەوانی دوای جەنگە و دەبێت لەگەڵی دابنیشین) ڕاستە ئەم بیانوە لۆژیکییە، بەڵام بۆ ئەحمەد شەرع نا، بەڵکو بۆ گیڤارا، بۆ ماندێلا، بۆ غاندی و دەیان ناوی گەورەی شۆڕشگێڕی دی.

 

بە پاڵەوان پیشاندانی ئەحمەد شەرع لە لایەن بەشێک لە وڵاتانی جیهانەوە، هەر بە تەنها پیشاندانی ڕوی قێزەونی سیاسەت نیە لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەڵکو پیشاندانی داڕمانی بەها باڵاکانی نێو مێژوی فیکری سیاسی مرۆڤایەتیشە، پیشاندانی ئەو وێنا جێگرەوەیەی ئەمڕۆیە بۆ سیاسەت کە زۆر دورتر لە ماکیاڤیللی ڕۆیشتوە و گەیشتۆتە جێیەک شیاوی هیچ جۆرە بەرگری لێکردنێک نەبێت، ئەمە گەر بە دیوێکدا بەو باوەڕە ئەمریکیە تەقلیدیە پۆلیش بکرێت کە پێی وایە لە سیاسەتدا نە دۆستی هەمیشەیی هەیە و نە دوژمنی هەمیشەیی، کە ئەم دێڕەش بۆ خۆی دێڕێکی پڕ کێشەیە، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا دەرخەری دابڕینی یەکجارەکیی ئەخلاقە لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهاندا، کە ناتوانێت جێگرەوەی ئەخلاقیانەی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە دژە ئینسانیەکاندا و ناشتوانێت پشتیوانێکی ڕاستەقینەی هێزە ئینسانیەکانی ناوچەکە بێت.

 

هەرچۆنێک بێت ئێستا ئەحمەد شەرع وەک پاڵەوانی دوای جەنگ خراوەتەڕو، لەم خستنەڕوەدا کۆمەڵێک وڵاتی زلهێز و ناوچەیی و کۆمەڵێک میدیای زەبەلاح دەستی باڵایان هەبوە و بۆ جێبەجێکردنی چەند مەرامێکی سیاسی قۆناغی ڕاگوزەری سوریا، ئومێدی لەسەر هەڵدەچنن و کار بۆ بە پاڵەوان پیشاندانی دەکەن.

 

ئەوەی ئازاربەخشە ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم خستنەڕوەی ئەحمەد شەرعدا وەک پاڵەوانی دوای جەنگ، هەوڵ دەدرێت وەک ئازادیخوازێکی گەورەش پیشانی جیهان بدرێت، میدیای عەرەبی و تورکی و بەشێکی میدیای کوردیش، زۆر بە چڕی بۆ تۆخکردنەوەی ئەم وێنا پاڵەوانسازییە لە زیهنی وەرگردا خراونەتە کار. بۆ ئەوەی ئەمەش بکەن، هەستاون بە دابڕکارییەکی سەیر لە نێوان ئەبومحەمەد جۆلانی و ئەحمەد شەرعدا، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەحمەد شەرع لە مێژوەکەی خۆی دابڕێنراوە، واتا چیدی بنەچە دێرینترەکەی ئەم پیاوە و ڕابردوەکەی بە کەڵکی ئەو وێنا پاڵەوانسازییە نایەت کە ئەمڕۆ بۆ ئەحمەد شەرع داڕێژراوە! ئاخر ئەوە دەبێتە کارێکی شێوێنەر تۆ بێیت و لە میدیایەکەوە کە ڕاسپێردراوە بۆ داتاشینی وێنای پاڵەوانێک، نەزانانە بڵێیت: (هۆ خەڵکینە، هەرچەندە ئەحمەد شەرع لە ڕابردودا، سەرکردەیەکی قاعیدە و داعشی بوە و سەربڕ و خوێنڕێژ بوە، بەڵام ئێستا بۆتە پاڵەوان و ڕزگارکەر و ئازادیخواز و دەبێت خۆشتان بوێت!)

 

لە وێنا ڕونە سیاسیە نمایشکراوەکەدا، ئەحمەد شەرع وەک پاڵەوانی جەنگ و ئازادیخوازێک دێتە نێو دیمەشق و کۆتایی بە دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری ئەسەد دەهێنێت و بۆ ماوەیەکی کاتی خەڵکی سوریا هەست بە ئازادی دەکەن و تامی ئازادبون دەچێژن، بەڵام ئەم هەستکردنە ئەوەندەی هەستی دەربازبونە لە دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر، ئەوەندە هەستکردن نیە بەوەی ئەوەی هاتوە ئازادیخوازە و ئازادی لەگەڵ خۆی بۆ سورییەکان هێناوە، هەروەها دەربڕی هێز و توانای میدیای نوێیە لە دروستکردنی پاڵەوان و شێواندنی هەقیقەتی ڕوداوەکان و لەبیربردنەوەی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت نەمانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد.

 

خاڵێک کە بۆ سورییەکان گرنگە بیزانن، لِە نێو ئەم کەوانەیە دایدەنێم: (ڕەنگە لەسایەی هێزێکی پەڕگیردا و ناچارانە جاروبار ڕێگە بە بڕێکی دیاریکراو لە ئازادی بدرێت، بەڵام بێ هیچ گومانێک هێزی پەڕگیر و ناتەبا و نامۆ بە ئازادییە فەردییەکانی ئینسان: هێزی دژ بە ئازادی بیروڕا و ئازادی ژیانکردنی خۆویستانە، هەرگیز ناتوانێت بە ناکۆتا ڕێگە بە دۆخی جێگیربوی ئازادی بدات)، ئەمە بۆ ئەحمەد شەرع و هێزە جیهادییەکەشی ڕاستە، تەنها لە یەک باردا نەبێت، ئەویش دەستبەرداربونی ئەحمەد شەرعە لە پرەنسیپە جیهادی و داعشیەکانی خۆی و ڕێگەدانێتی بە دەستەمۆکردنی سوریا وەک وڵاتێکی هاریکار لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها دەربڕینی پاپەندبونێتی بە مۆدێلی ئیسلامی سعودی/ ئیماراتی لە تایپە بن سەلمانیەکەیدا.

 

پرسیارێک کە لەم دێڕانەوە دەمێنێتەوە، ئەوەیە کە ئاخۆ جۆلانی تیرۆرستی دوێنێ و ئەحمەد شەرعی پاڵەوانی ئەمڕۆ دەتوانێت بەم ئاڕاستەیە هەنگاوی بوێرانە بنێت و پشت لەو مێژوە شیرییەی خۆی بکات کە لێیەوە دروستبوە و کاژە کۆنەکەی فڕێبدات و ببێتە بن سەلمانێکی تر ؟ یاخود نەخێر ئەم پیاوە و نەرمی نواندنە کاتییەکانی و هەڵوێستی وڵاتان بەرامبەری تێکڕا ئاماژەن بۆ هاتنە ئارای جۆرێک لە هاوسەنگی نوێ، کە تێیدا هەم شەریعەت جێگەی بێتەوە بە شێوازە سەلەفیە / ئیخوانییەکەی و هەمیش بەرژەوەندی و ئەجێندای وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕەهەندە ئابوری و سیاسیەکەیەوە تیا پارێزراو بمێنێتەوە و توندڕۆیی و داعشبیریی بۆ ناوخۆ و لێکبوردەیی و ئاشتی و دیموکراسی بۆ دەرەوە دەبێتە ناسنامەی سوریاکەی دوای ئەسەد؟!

349 جار خوێندراوەتەوە