گەر بڕوانینە
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵسەنگاندنیان
بۆ بکەین، ئەوسا پرسیارێکمان لا دروستدەبێت:
ئایا ئەم
ئەنجامانە جێگای گومان و سەرنجی دیاریکراون لەسەر چۆنیەتی ژماردن و جیاکردنەوەی
دەنگەکانی دەنگدەرانی بەشداربووی ئەم هەڵبژاردنە و تایبەتمەندییەکانی ساختەکاری
هەڵبژاردن لەخۆدەگرن یاخود دەرخەری ئەنجامێکن کە ساختە نییە و هۆکاری شەرم و شورەییە
بۆ کۆمەڵگاکەمان؟
ئەنجامە
فەرمییەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەڵێن: گوایە دوو پارتی دەسەڵاتدار و دەسکەلا دروستکراوەکەیان
توانیویانە زۆرینەی دەنگەکانی کۆمەڵانی خەڵک بەدەستبهێنن.
ئەمەیان لە
لایەکەوە وامان لێ دەکات کە ئەنجامەکانمان لا چاوەڕواننەکراو و سەیر و سەمەرە بن،
هاوکات بە ناسروشتی لێیان بڕوانین و گومان لە ڕاستی و دروستی بەڕێوەچوونی
هەڵبژاردنەکە و گەیشتن بە ئەنجامەکەی بکەین.
هەڵبەتە بۆمان هەیە بە دوای چەند نیشانە و
بەڵگەیەکدا بگەڕێین کە بوونی ساختەکاری هەڵبژاردن بسەلمێنن.
کاتێک ئەم
بەدواداچوونە ئەنجامدەدەین؛ شتگەلێک دەردەکەون کە دەرخەری دروستی و گونجاوی
گومانەکەمانن و بە تەواوەتی وامان لێ دەکەن کە باوەڕمان بە ڕاستی و دروستی
ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە نەمێنێ، هاوکات دان بەوەدا بنێین کە ئەم جارەش وەکو
جارەکانی پێشوو ساختەکاری هەڵبژاردن ئەنجامدراوە کە بە بەرژەوەندی لایەنەکانی
دەسەڵاتدا شکاوەتەوە.
بێگومان ئەمە دەستی دەوڵەتانی دەرەکیشی
تێدابووە و ئاشکرایە کە هەندێک لایەن بۆ مانەوەی خۆیان ئامادەن لادانی نیشتیمانییان
هەبێ و ببنە گوێڕایەڵی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان.
لە لایەکی دیکەوە هەرهەموومان
لە کاتی ئەم بانگەشەیەی هەڵبژاردندا ئەو خەڵکە زۆرەمان بینی کە پشتیوانی تەواوی
خۆیان بۆ سەرخستنی لیست و کاندیدی لایەنەکانی دەسەڵاتی ستەمکار دووپاتکردەوە.
هەروەوها بینیمان کە توانرا زۆرێک لە خەڵک بە تێکڕایی لە ڕێگای بانگەشە
پۆپولیستییەکەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە ناڕاست و هەڵماتچییەکە
فریوبدرێن، کە
سەرۆکەکەیان تەنها بازرگانێکی گیرفانپیسە و دەسەڵات وەکو دەسکەلای خۆی بەکاری
دەهێنێت؛ تاوەکو دەنگی ڕاستەقینەی ناڕازی ئۆپۆزیسیۆنی پێ کپبکات. گەر ورد لێی
بڕوانین کاری ڕامیاری بەپێزەوە ناکات، بەڵکو وەکو منداڵێکی هەڵماتچی و بێکاری ناو
کۆڵانەکان قسەی قەبە دەکات؛ تاوەکو سەرنجی خەڵکی ڕابکێشێت و فریوییانبدات و سواری
شەپۆلی ناڕازی خەڵک بێت، هاوکات لە ڕێگای ئەوەوە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێک ببینێ کە لە
ژێرەوە دەسکەلای دەسەڵاتی گەندەڵکار و ستەمکارە و لە پێناو بەرژەوەندی ئەو
دەسەڵاتە و خودی خۆیشی کاردەکات.
لێرەدا دەبێ ئەوە
لەبەرچاوبگرین کە ساختەکاری هەڵبژاردن بە سنوری خۆی ئەنجامدەدرێت؛ دەکرێت بڵێین کە
هێشتا تا ڕادەیەک شاراوەیە، بەڵام ئەو پشتیوانییە تێکڕاییەی خەڵک بۆ لایەنەکانی
دەسەڵات و دەسکەلاکەیان شاراوە نەبوو و بە ئاشکرا و بە زەقی دیار بوو. ئەوە نیشانماندەدات
کە ئەگەر ساختەکاری هەڵبژاردن ئەنجامدرابێ، ئەوە لە هەمان کاتدا ڕێژەییەکی زۆری
خەڵک دەنگیداوەتەوە بە دەسەڵات و دەسکەلا دروستکراوەکەیان؛ تەنانەت گەر لە ڕاستیدا
تەنها نیوەی ئەو ڕێژە فەرمییەش دەنگی پێدابن، ئەوە هێشتا هەر زۆرە. جا گەر
هۆکارەکە باوەڕی خودی خەڵک بووبێ بەم پارتە ستەمکارانە یان کاریگەری بانگەشە
پۆپولیستییەکەیان بووبێ لەسەر خەڵک و توانیبێتی بە جۆرێک کاریگەرییان تێبکات تا
ئاستی فریودان. هەرچۆنێک بووبێ، ئەمە هەر وا دەکات کە هەست بە شەرم و شورەیی بکەین
لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵگایەدا، چونکە دەبینین بەشێکی زۆری کۆمەڵانی خەڵک بۆ جارێکی
دیکە ئامادەبوون متمانەی خۆیان ببەخشنەوە بە دەسەڵاتێکی ستەمکار و گەندەڵکار، کە
گەورەترین بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆدەگرێت بۆ ئەو بار و دۆخە خراپەی هەرێمی
کوردستانی تێکەوتووە و خودی کۆمەڵانی خەڵک چەندین ساڵە بە دەستییەوە دەناڵێنن. متمانەی
خۆیان بەخشییەوە بە لایەنێکی شاگرد و پۆپولیست کە ئاسانە لێی تێبگەیت کە
ئاراستەکراو و دروستکراوە و ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینەی نەگێڕاوە و نایگێڕێت،
کەچی خەڵکێکی زۆر نەیانتوانی خۆیان لە ئەو فریودانە بپارێزن.
پێویستە بۆ ئەم
ڕاستییە تاڵە توێژینەوی ڕامیاری و کۆمەڵناسی ئەنجامبدرێن؛ تاوەکو تێبگەین هۆکاری
متمانەپێبەخشینەوەی زۆرێک لە خەڵک بە دەسەڵاتێکی ستەمکار و گەندەڵکار چی بووە و
فریودانێکی ئاسانی خەڵکی لە ڕێگای دروشمی پۆپولیستی سادە و زەق چی بووە.
گەر سلێمانی بە
نمونە بهێنینەوە، دەبینین کە دوو لایەنی دەسەڵاتی ستەمکار و لایەنە شاگردە هەڵماتچی
و فریودەرەکەیان توانیویانە بۆ هەریەکە لە خۆیان ڕێژەیەکی زۆری دەنگی دەنگدەرانی
بەشداربووی هەڵبژاردنەکە بەدەستبهێنن. وەکو گوتمان پێمان وایە ساختەکاری تا
ڕادەیەکی زۆر ئەنجامدراوە و هێشتا تا ڕادەیەک شاراوەیە، بەڵام ئەو پشتیوانییە
تێکڕاییەی زۆرێک لە هاوڵاتیان شاراوە نەبوو و بە زەقی دیار بوو. لێرەدا دەبێ ددان
بەوەدا بنێین کە جیگای شەرم و شورەییە لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا دەسەڵاتێکی ستەمکار
و دەسکەلایەکی پۆپولیست بتوانن متمانەیەکی زۆری خەڵک بۆ هەریەکە لە خۆیان بەدەستبهێننەوە.
شەرمە و شورەییە لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا خێوەت و چادری دەسەڵات و هەڵماتچییە
گیرفانپیس و پۆپولیستەکانی لاکۆڵانەکانی شار جمەیان بێت لە خەڵک و لە هەمان کاتدا
پەرتوکخانەکان و سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکانی شار خاڵی بن لە خەڵک.
لێرەدا دەبێ بترسین
لە لەدەستدانی ئەم نازناوە جوانە و بەدواداچوون بۆ ئەوە بکەین کە ئایا بەڕاستی
زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی وەکو نمونەیەکی دیاریکراو و زەق، دەسەڵاتێکی
ستەمکار و دەسکەلایەکی هەڵماتچییان لا پەسەندە یان دەستەبژێری ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو
و هۆشیار بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە؟ پێویستە لە خۆمان بپرسین کە دەبێ جوڵەی
ڕۆشنگەری لە تەواوی هەرێمی کوردستان چەند پاشەکشەی کردبێ، گەر پایتەختی
ڕۆشنبیرییەکەی دۆخی بە شێوەیەک بێ کە ترس هەبێ لە لەدەستدانی ئەو نازناوە جوانەی،
کە بە هۆی مێژوویەکی دێرینی لێوانلێو لە شارستانییەت و ڕۆشنبیری پێی بەخشراوە؟.
قسەی کۆتایی و
وەڵامی پرسیاری سەرەکی وتارەکە ئەوەیە، کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەم نیشاندەری هەڵبژاردنێکی ساختەن و تایبەتمەندییەکانی
ساختەکاری هەڵبژاردن لەخۆدەگرن؛ هاوکات جێگای شەرم و شورەیین و دەرخەری ئەوەن کە
جوڵەی ڕۆشنگەری لەم کۆمەڵگایەدا بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە و کارە خوار و
خێچەکانی دەسەڵاتی ستەمکار و شاگردەکانی پەرەیانسەندووە!
ئەم ڕاستییە تاڵە
پێویستی بە خەباتێکی مەدەنی بەهێز هەیە کە تێبکۆشێت لە پێناو گۆڕانکاری ڕیشەیی و بەهێزکردنەوەی
جوڵەی ڕۆشنگەری و بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتێکی ستەمکار، لە هەمان کاتدا قۆڵی لێ
هەڵبماڵێت و خەباتگێڕانە کاربکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامە ڕامیارییەی دەتوانێت بمانگەیێنێتە
کەنارێکی ئارام!
بەڵام پرسیارێکی مەترسیدار
ئەوەیە، کە ئەگەر کۆمەڵانی خەڵک لە گرنگی تێگەیشتنیان بۆ ئەم بابەتە و بەشداری
تێکڕایییان لە ئەم خەباتە پیرۆزە تێنەگەن، ئەوە بەرەو کوێ هەنگاودەنێین و دەتوانین
چی دیکەش لە دەستبدەین؟!
789 جار خوێندراوەتەوە