بۆ تێگەیشتن و پێشبینیکردنی بڕیار و سیاسەت و فەلسەفەی
هەر سەرکردەیەک، پێویستە سەرەتا لە کەسایەتی و بیرکردنەوە و پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی
و سیاسی تێبگەین، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرکردەیەکی سیاسی تەقلیدی نییە، بەڵکۆ ئەو
بزنسمان و پێشکەشکار و براندێکی جیهانییە و یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە زۆرترین
مشتومڕاوی لەناوخۆی ئەمەریکا و جیهاندا دروستکردوە.
رەنگە باشترین رێگە بۆ تێگەیشتن لە ترەمپ کتێبەکەی
بێت هونەری رێککەوتن (the art of deal) کە بەهاوبەشی لەگەڵ
تۆنی شوارتز نوسراوە و لە ساڵی 1987 بڵاوکراوەتەوە و یەکێکە بوە لە پڕفرۆشترین کتێبەکان.
پێش ئەوەی باسی کتێبەکەی بکەین بە پێویستی دەزانم باسیێکی فلیمی شاگردەکە یان راهێنراوەکە (the apprentice) کە لە ئۆکئۆبەری
2024 دا بڵاوکراوەتەوە و باس لەسەردەمی لاوێتی دۆناڵد ترەمپ دەکات و لەلایەن عەلی
عەباسی کە بەرەگەز ئێرانییە دەرهێنراوە و وەک خۆی دەڵێت فلیمەکە لە روداوە راستەقینەوە
وەرگیراوە.
ترەمپ لە فلیمەکەدا کە باسی ساڵانی حەفتاکان دەکات
وەک گەنجێکی بەتەماحی هەڵپەکەرە دەردەکەوێت و دەیەوێت بەزوترین کات بگاتە لوتکەی دەوڵەمەندی
لە نیویۆرک و چاوی بە رۆی کۆهین دەکەوێت کە پارێزارێکی لێزانی دڵرەقی بێبەزییە، ترەمپی
بەدڵ دەبێت و دەستی دەگرێت و فیری نهێنیەکانی سەرکەوتنی دەکات و سێ یاسای پێدەڵێت
کە ترەمپ لەگوێ دەگرێت و دەیکات بەبەرنامە و یاسای خۆی.
سێ یاسا کە ترەمپ لەژیانی واقعی خۆیدا جێبەجێ
کردوە بریتین:
یەکەم/ بەردەوام هێرش بکە: هێرش بکە هێرش بکە هێرش
بکە... بۆ سەر نەیار و کێبڕکێکارەکانت بۆ ئەوەی بەردەوام لە دۆخی بەرگریدا بن و نەتوانن
هێرش بکەنە سەرت. ئەم تەکنیکە یەکێکە لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ترەمپ کە لە کەمپینەکانی
هەڵبژاردن لەدژی هیلاری کلینتۆن و جۆ بایدن و کامالا هاریس بەکاردەهێنا، بەردەوام
هێرشی دەکردە سەریان و بەکەسانی نەزان و بێ مستەوا و بی بەرنامە و درۆزن وەسفی دەکردن.
دووەم/ هەرگیز دانمەنێ بەهەڵەدا: دان بە هیچ شتێکدا
مەنێ، ئینکاری هەمو شتێک بکە. ترەمپ بەردەوام کە روبەڕوی رەخنە و کەمکورتی دەبێتەوە
بەردەوام ئینکاری لێ دەکات، دەیان جار روبەڕوی دادگا و لێپیچنەوە کرا هەرگیز نەیوت
هەڵەم.
سێهەم/ بەردەوام خۆت بەسەرکەوتو پیشانبدە، تەنانەت ئەگەر دۆڕاویش بیت:
لە سەردەمی قەیرانی پەتای کۆڤید-١٩دا، ترەمپ روبەڕوی رەخنەیەکی زۆر بوەوە، بەڵام خۆی
بەسەرکەوتو نیشان دەدا. باشترین نمونە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2020 دوای دۆڕانی بەرامبەر
جۆ بایدن، ترەمپ وتی من بردومەتەوە و بە و ساختەکاریم لێکرا.
ئەم سێ یاسایە بەشێوازێکی جیاواز و ورد تر ترەمپ
لە کتێبەکەی (هونەری رێککەوتن) باسی دەکات، کە چەندین بنەما و یاسا دادەنێت بۆ ئەنجامدانی
سەفقەیەکی سەرکەوتو، کە خۆی هەم لە بزنس هەم لە سیاسەت بەکاری دەهێنێت و زۆرێک لەو
بنەمایانەی کە لە کتێبەکەیدا باسی کردوە، لە کۆشکی سپی چ لە سیاسەتی ناوخۆیی و چ لە
سیاسەتی دەرەوەیدا، جێبەجێ کردوە.
ترەمپ جەخت لەسەر گرنگی دانوستانی بەهێز و توند
دەکاتەوە، پێوایە دەبێت هەر لەسەرەتاوە بتوانیت ئۆفەرێکی بەهێز پێشکەش بکەیت کەناوی
دەنێت "باشترین ئۆفەر"، ئەگەر ئۆفەر بەرامبەریشت بەدڵ نەبو ئەوا لێ دوربکەوە.
لە دانوستاندن لەسەر نافتا (NAFTA) ترەمپ توانی رێککەوتنی بازرگانی ئازادی ئەمەریکای باکور (نافتا) لە بەرژەوەندی
ئەمەریکادا ئەنجام بدات.
یەکێکی تر لە بنەماکانی ترەمپ بریتییە لە
"زۆرترین فشار" لە بەرامبەرەکەت تا ناچاری رێککەوتن یان ملکەچی دەکەیت.
رەنگە باشترین نمونە کشانەوەبو لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، ترەمپ پێوابو کە
"رێکەوتنێکی خراپە" و پێویستە رێکەوتنێکی نوێ ئەنجام بدرێت، بۆ فشار
خستنە سەر ئیران کشایەوە.
بۆ ئەوەی زۆرترین فشار بخاتە سەر چین، ترەمپ سیاسەتی
سەپاندنی باج و تەعریفەی گومرگی بەسەردا سەپاند. بەنیازیشە کە دەستبەکاربو وەک سەرۆکی
ئەمەریکا رێژەی تەعریفەی گومرگی بەسەر شمەکی چیندا زیاد بکات بۆ لە 60٪.
لەکتێبی هونەری رێککەوتنەکەدا، ترەمپ جەخت لەوەدەکاتەوە
کە پێویستە مامەڵە لەگەڵ کەسانی گەورە بکەیت Deal
with the top نەك بچوک، بەواتەیەکی تر "مامەڵەی
گەورە" بکە نەک "مامەڵەی بچوک".
لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترەمپ هەمیشە هەوڵی داوە خۆی وەک "مامەڵەکاری گەورە"
پیشان بدات، دیارترین نمونەش هەوڵدانی ترەمپ بوو بۆ رێککەوتن لەگەڵ کۆریای باکور،
ترەمپ هیواداربو لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوردا رێککەوتنێکی مێژویی
واژو بکات، بەڵام سەرکەوتو نەبو.
بەهەمان شێوە، پێوایە پێویستە مرۆڤ گەورە بیربکاتەوە Think big لەم بارەیەوە ترەمپ دەڵێت "ئەگەر بڕیارە بیربکەیتەوە ئەوا گەورە
بیر بکەرەوە، زۆربەی خەڵک بیر لەشتی بچوک دەکەنەوە، چونکە زۆربەی خەڵک لە سەرکەوتن
دەترسن لە بڕیاردان دەترسن لە بردنەوە ئەترسن".
یەکێکی تر لە رێساکانی ترەمپ ئەوەیە کە پێویستە
بە بەهێزی لەمیدیا دەرکەوێت و راگەیاندنەکان لە بەرژەوندی خۆت بەکاربهێنیت. لەم
بارەیەوە دەڵێت: دەبێت وێنەیەکی بەهێز دروست بکەیت نەک لەسەر بنەمای دەستکەوتە راستەقینەکانت،
بەڵکو لەسەر بنەمای ئەوەی کە خەڵک چۆن دەتبینن. بەوتایەکی تر گرنگ نییە لە واقعدا
سەرکەوتوی یان نا، گرنگ ئەوەیە خۆت بەسەرکەوتو نیشان بدەیت و خەڵکیش وا بتبینن.
ترەمپ بە شێوەیەکی بەرفراوان سۆشیال میدیا بەکاردەهێنێت
بۆ ئاراستەکردنی پەیامەکان بۆ گەلی ئەمەریکا و جیهان. زۆرجار ترەمپ هەڵای میدیایی
لە سەرهەندێک بابەت دروست دەکات بۆ ئەوەی لەسەنتەردا بمێنێتەوە و رایگشتی لە بەرژەوەندی
خۆی راکێشیت و میدیا لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە.
بەگشتی ئەم بنەمایانەوە و دەیانی تر کە ترەمپ لە
کتێبەکەدا باسی کردون، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بیرکردنەوەی ترەمپ بیرکردنەوەیەکی میکیاڤیلییانە،
هەمو ئامرازێک بەکاربهێنە لەپێناو سەرکەوتن گرنگ نییە ئامرازەکان یاسای و شەرعییە یان.
ترەمپ سەرکەوتنی دەوێت بەهەر نرخێک بێت win-at-all-costs .
146 جار خوێندراوەتەوە