عومەرى سەید عەلى، شۆڕشگێڕى زیندانەکانى بەعس، ڕێکخستنە
نهێنییەکانى شار و پێشمەرگەى شاخ، کارەکتەرى گروپى زیندان و لە دامەزرێنەرانى
بزوتنەوەى گۆڕان، دۆست و نزیکى چوار دەیە لە خەبات و تێکۆشانى مام جەلال و نەوشیروان
مستەفا، پیاوێکى ئارام و واقیعى، شارەزا لە سیاسەت و پەیوەندى حیزبى، قسەى مەنتقى
و لۆژیکى دەکات و ڕووداوەکانى مێژوو تاڵ بە تاڵ دەهۆنێتەوە، بەبێ لێ پچڕاندن و پەڕاندن.
باوەڕى بەوەیە، بارودۆخى سیاسى کوردستان، پێویستى
بە یەکگرتوویى و نزیکبوونەوەى هەموو ئەو حیزب و جەرەیانە سیاسییانە هەیە، کە لە خەمى
ئەزمونى هەرێمى کوردستان و قوربانییەکانى شۆڕشى خەڵکى کوردستانن.
ئێستا بۆ پاریزگاریی لەمانیفێستی نەوشیروان مستەفا دانیشتوە و بۆ پارێزگارى لە بزوتنەوەکەیان ئەزمونێکی نوێی
پێشکەش کرد و باوەڕى وایە، هێشتا بزوتنەوەکە چانسى ئەوەى هەیە، وەکو هێزێکى کاریگەر
و ئۆپۆزیسیۆن بە تەنها یان لەگەڵ لایەنەکانى تر دەور و نەقشى خۆى بگێڕێت.
ئەو فۆڕمێکى جیاوازترى پێیە بۆ سیاسەت و ئیدارەى
ئێستاى گۆڕان، هەرچەندە ڕەنگە لایەن و کەسانى تر هەبن لە ناوەوە یان دەرەوە لەگەڵ
ئەم فۆڕمەى ئەو نەبن، بەڵام ئەو بە ئیرادەوە دەڵێت "ڕێگا ڕاستەکە ئەوەیە، کە
گرتوومانە".
عومەرى سەید عەلى، خوێنەرى کتێبە و ستایشى ئەوانە
دەکات، کە بە کتێب وەکو دیارى بەسەریدەکەنەوە، جیا لە هەموو ئەوانە دۆستە دوور و
نزیکەکانى کۆن و نوێى دەڵێن "سەید عەلى دەستپاکە و هیچ گەندەڵییەکى نییە، شەفاف
و ڕاست و ڕوونە لە بەرامبەر دزى و گەندەڵى، توڕە و نیگەرانە".
دیدار و بینینى ئەو زۆر چێژبەخشە، بە تایبەتى کە
باس لە چیرۆک و حیکایەتى شۆڕش و گێڕانەوەى مێژوو دەکات، لەم دیدارە کورتەدا، دونیایەک
قسەى نەوتراوى پێبوو، کە بۆ ڕابردووى مێژوویەکى دوور و درێژ، وتنى هەق و بەرهەقە.
ماڵەکەی هەمان ئەو ماڵەیە، کە لە (1991) و دوای
ڕاپەرین تێیدا نیشتەجێبوە لە سەهۆڵەکەی سلێمانی، ماڵێکی سادە و کۆن، بەڵام پاک و
ئاسودە و پڕ لە سەوزایی.
ماڵی هیچ بەرپرسێکی تری ئەم وڵاتە نابینی بەمشێوەیە،
بەڵام بە قەناعەتە.
زۆر خۆی بە دۆستی مام جەلال و کاک نەوشیروان دەزانێ،
لەگەڵ هەردووکیان ئەزمونێکی دوور و درێژی سیاسی، مێژوویی و هاوڕێیانەی هەیە، پێیوایە
پیاوی وەکو مام جەلال کەم وێنەیە و نەوشیروان مستەفاش بە کەسایەتییەکی سیاسی گەورە
دەزانێ.
تازەترین دیداریشمان لەم ماوەیەدا بۆ سەرەخۆشی
گیان لەدەستدانی هاوسەرەکەی لەگەڵ هاوڕێم سەروەت تۆفیق لە ماڵەکەی خۆی سەردانمانکرد
دوو قاوەمان خواردەوە.
وتم: بۆ بیرەوەرییەکانت نانوسیتەوە؟ وتم: بەڵکو
ئامادەگی هەبێت، وتی: بە کەڵک نایەت، جارێ وازی لێ بهێنە، بارودۆخەکە بە کەڵک نایەت.
پرسیاری ئەوەشمکرد، ئەو هەواڵانە ڕاستە، کە دەڵێن
"دەست لە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵدەگریت بۆ کەسێکی تر و میدیاکان
باس لە دانا ئەحمەد مەجید دەکەن؟".
وتى: بەڵێ، بڕیارمداوە، هەرچەندە چەند ساڵێکە ئەوەم
وتوە، بەڵام بە گوێیان نەکردووم و سوپاسیان دەکەم، کە منیان قبوڵبوە.
بەڵام ئێستا بڕیارمداوە، کەسێکى تر ئەو کارەى
من بکات، زۆر وەسفى هاوڕێ و دۆستەکانى کرد.
لێم پرسى؛ ئەم فۆڕمە بۆ دەستا و دەستکردنى دەسەڵات،
کارێکى نوێ و گرنگە، کەس دەست لە پۆستەکەى بەرنادات.
بۆیە، هەرچى چۆنێک بیر لەم هەڵوێستەى عومەرى سەید
عەلى بکرێتەوە، ئینسانى، دیموکراسیانە، مەدەنى، باوەڕ بوونە بە دەستا و دەستى دەسەڵات
و نمونەیەکى باش و جوان و نوێیە.
346 جار خوێندراوەتەوە