پيلانى غوێران دژى "پەكەكە"يە

پاش يەكساڵ كارى چڕوپڕى موخابەراتى و نهێنى، داعش بە ئامادەسازى تەواو، پەلامار و هێرشى بۆ سەر زيندانى سەناعە لە گوێران بەڕێوەبرد، كە بە تەنها و تەنها هەرگيز داعش ناتوانێت پلان و سيناريۆى وەها دابڕێژێت، مەگەر ميت و موخابەراتى سوريا و لايەنى تر بەشدار نەبوو بن.

سيناريۆكە ئاوا داڕێژراوە:
"نەخشەى كارەكە لە سەرێكانيەوە بە هاوكارى توركيا لە مانگى ئازار و نيسانى 2021 دارێژراوە، شانە نوستوەكانى داعش لە غوێران وجودييان هەبوو، وردە وردە، تاك تاك و گروپ گروپ گەڕانەوە غوێران و ڕۆژانە كارياندەكرد و چاودێرى زيندانەكە و جموجوڵى هەسەدە و هێزەكانى ئاسايشييان دەكرد، دواتر لە ڕێگاى جۆراوجۆرەوە بە نهێنى چەك، تەقەمەنى، ئۆتۆمبێل و پێداويستى جۆراوجۆرييان بۆ ڕەوانە كراوە"، واتا لە ماوەى ئەو هەشت مانگەدا، (200) چەكدارى داعش لە ناوچەكانى سەرێكانێ و گرێ سپى و ڕوومادييە، نێردراونە ناو گەڕەكى غوێران و دەروبەرى زيندانەكە، چەك و تەقەمەنييان گواستۆتەوە بۆ ناو ئەو ماڵانە، هاوكات گيراوانى داعش لەناو زيندانەكەوە، پەيوەندييان لەگەڵ دەرەوە هەبوە، كە هەسەدە دەڵێت "زياتر لە (5000) داعش لەو زيندانەدا، زيندانى كراون و چاوەڕوانى پەيامى دەرەوە بوون، تا دەستبدەنە ياخيبوون و شكاندنى دەرگاى زيندانەكە و نانەوەى فەوزا و ئاژاوە"، پاش ئەمانە:

قۆناغى يەكەم: لەگەڵ ئامادەكارى تەواوى سيناريۆكە، فەرمانى هێرشدرا و لە چوار ڕيانى غوێران بە ئۆتۆمبێلێكى ئامادەكراوى بۆمبڕێژكراو، بە (50) كيلۆ (TNT) تەقێندرايەوە، كە سێ تانكەرى سوتەمەنى لەو ناوچەيە هەبوون و هەموويان گڕيانگرت و بەردەم زيندانەكە بوە يەكپارچە ئاگر و گڕ.

قۆناغى دووهەم: ڕێگاى سەرەكى زيندانەكە بەوشێوەيە دادەخرێت و لە دەست و كۆنتڕۆڵى هێزەكانى ئاسايشدا نامێنێت.

قۆناغى سێيەم: ئۆتۆمبێلى دووهەمى (TNT) ڕێژكراوى ئامادەكراو لە بەردەم دەرگاى زيندانەكە دەتەقێندرێتەوە.

قۆناغى چوارەم: پاش تەقينەوەكان، شانە نوستوەكانى ناو ماڵ و هاوسێيەكانى زيندانەكە دێنە دەرەوە و دەست دەكەن بە تەقەكردن و شڵەژانى ناوچەكە و بەديلگرتنى خەڵكى مەدەنى ناو گەڕەكەكان.

قۆناغى پێنجەم: دواتر ئۆتۆمبێلى ئامادەكراوى بەهێز خۆ دەكێشێت بە ديوارى زيندانەكە و دەيڕوخێنێت و شانە نوستوەكانى دەچنە ناو زيندانەكە و چەك بەسەر زيندانييەكاندا دابەشدەكەن و چەندين ئاسايش و پاسەوان ديل دەكەن.

بەوشێوەيە كۆى پلانەكەى داعش، تا ئەو شوێنە وەك خۆى جێبەجێكرا و تاڕادەيەكى زۆريش سەركەوتوو بوو، كە گومان دەكرێت دەزگاى ميت و موخابەراتى سوريا، ڕۆڵى گرنگيان هەبوو بێت، هاوكات لەگەڵ ئەم هێرشانە توركيا دەيويست پەلامارى چەند ناوچەيەك بدات، بەڵام بەهۆى ئۆپراسيۆنى هەسەدە لە حەسەكە و ڕەققا، دەستگيركردنى چەند شانەيەكى گەورە و گرنگى داعش پلانەكەيان دواكەوت، بەڵام هاوكات لەگەڵ پەلامارى زيندانەكەى غوێران، گروپەكانى سەر بە توركيا پەلامارى زرگان، تل تەمر، عەين عيسايان داوە، وەكو تەواوكراوى سيناريۆكە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بە تايبەت پاش ئەوەى لە دوايين ديدارى ئەردۆگان و بايدن، واشنتۆن ڕازى نەبوو بە ئۆپراسيۆنى توركيا بۆ سەر ڕۆژئاوا، بەڵام سيناريۆكانى ئەوان شكستيان هێنا، لە بەرامبەردا هێزەكانى هەسەدە، جيا لەوەى بەرەنگارى ئۆپراسيۆنەكە بوونەوە، لەهەمانكاتدا پەيوەست بوون بە پەلامارى غوێران، هێزەكانى هەسەدە و ئاسايش گەڕەكەكانى غوێران و زهوريان گەمارۆدا و شەڕ كەوتە بوارى پراكتيكييەوە، لە (20ى ژانيوييە)ى ئەمساڵدا، (150) چەكدارى شانەى نوستوو، (200) داعشى تر كوژران.

سەرچاوەكانى زانياريش باس لەوەدەكەن، كە پاش ئەوە لە (30 كانونى يەكەم)دا، هەردوو دەزگاى ميت و هەواڵگرى سوريا لە عەقەبەى ئۆردون كۆبوونەتەوە، ئاماژە بەو ئۆپراسيۆن و پەلامارە بۆ سەر غوێران كراوە، بەهەمانشێوە لە كۆبوونەوەى (21 كانونى يەكەمى 2021)يش لە ديدارى ئاستانا لە نێوان توركيا، ڕوسيا و ئێران، ئاماژە بەوە كراوە، كە ناوچەى باكور و ڕۆژهەڵاتى سوريا جێگەى مەترسيين و باس لەوە دەكرێت، گەر هێرشەكانى داعش و سيناريۆكانى بۆ سەر غوێران سەركەوتوو بوايە، بەرنامە هەبوو، توركيا پەلامارى باكورى تل تەمر و سورياش پەلامارى تەبقا و دێرەزوور بدەن.

ئەوەى جێگەى پرسيار و سەرنجە، يەكساڵ كارى چڕوپڕ و نهێنى داعش، چۆن دەزگاى هەواڵگرى ئەمەريكا، بەو نەخشە و زانيارييانەى نەزانيوە، گەر زانيوويەتى بۆ قسەيان نەكردوە؟

ڕوونە، كە توركيا ويستوويەتى لە ڕێگاى ئەم پەلامارەوە دەست بەسەر حەسەكە و ڕێگاى (M4)دا بگرێت، بەمشێوەيەش گەر هێز بكەوتايە دەست چەكدارانى داعش، ئەوا هەرێمى كوبانێ و جەزيرە پەيوەندييان پێكەوە نەدەما و بەوشێوەيەش پەيوەندى نێوان ئەم كانتۆنانە بە ڕەققەوە دەبەسترا و هەسەدە دەكەوتە ناو گەمارۆيەكى بەهێزى توركيا و داعش و چەكدارە بەكرێگيراوەكانى توركيا لە عەفرين و سەرێكانێ و گرێ سپى.

باس لەوە دەكرێت، لە كۆبوونەوەى عەقەبەى ئۆردون، سورياش ئامادەگى دەربڕيوە لەپاڵ ئەو سيناريۆيەى توركيا، هێزەكانى ڕژێمى بەشار ئەسەد بە پشتيوانى ڕوسيا، پەلامارى دێرەزوور و تەبقايان دەدا و دەستيان بەسەر سەرچاوە نەوتييەكانى ئەو كێڵگانەدا دەگرت، كە تا ئێستا لەژێر دەستى هەسەدە دان و ئەمەريكاش چاودێرييان دەكات، داخستنى دەروازەكانى تەل كۆچە و سێملكان ئاماژەيەكن بۆ ئەوەى پيلانێكى چنراوى جەمسەرە بەهێزەكانى ناوچەكە هەبوە بۆ كۆتاييهاتنى ئەزموونى ڕۆژئاوا و دەرپەڕاندنى ئەمەريكا و هاوپەيمانەكانى.

بەمشێوەيە توركيا، كە داڕێژەرى سەرەكى پيلان و پلانەكەيە دەستى دەگرت، بەسەر عەين عيسا و تل تەمر و لەملاشەوە فشارى زۆرترى دەخستە سەر يەكينەكانى پاراستنى شەنگاڵ (يەبەشە)، وەكو خۆى دەڵێ "سەر بە (PKK)ن، بۆ چۆڵكردنى شەنگاڵ"، واتا پاش داستانى كۆبانێ و داگيركارى عەفرين، هێشتا ئەو وڵاتانە دەيانەوێت كۆتايى بە ئەزموونى خۆبەڕێوەبەرى ڕۆژئاوا بێت، ئەگەر چى هەست بەو مەترسييەى پشتى پەردەش دەكەن، كە ڕەنگە ئەو پشتيوانييەى ئەمەريكا، چەپى فەڕەنسى، حكومەتى سويد، پەرلەمانى برۆكسل و پشتيوانييەكانى ئەڵمانيا و ئيتاڵيا، لە هەر كاتێكى چاوەڕوان نەكراودا، ڕۆژئاوا بكاتە وڵات، يان هەرێمێكى نێودەڵەتى دانپێدانراوى معترف و ديفاكتۆ.

هەسەدە، هەموو توانا و سەرمايەى ئينسانى و مرۆييەكانى بەكارهێناوە، بەرامبەر ئەو گەلەكۆمەكێيە دوژمنكارانەيە، بەڵام بەرپرسيارێتى گەورەش لەسەر ئەمەريكا و هاوپەيمانەكانى هەيە، كە داكۆكى لەم ئەزموونە بكەن، كە پڕيەتى لە عەدالەت، يەكسانى و ئازادى وەكو چەپە فەڕەنسييەكان دەڵێن "ئينتەرناسيۆنالى چوارەم، لە ئێرەوە سەرهەڵدەدات"، ئەوانە هەمووى ئەوە نيشاندەدات كە كۆى ئەو پيلان و ئاژاوەگێرييانە، گەر بۆ لەناوبردنى ئەزموونى ڕۆژئاواش بێت، بەڵام ئامانجە سەرەكييەكە دژى پەكەكەيە.

488 جار خوێندراوەتەوە