لە سوریا چ ڕویدا؟

گۆڕانکارییەکانی چەند رۆژی ڕابردوی سوریا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خێرا بون، بە جۆرێک کە تەنانەت دەرفەتی ئەوەشمان نەبوە بپرسین چ ڕویداوە، لەم وتارەدا هەوڵدەدەین شیکردنەوەیەکی وردی ئەم گۆڕانکارییانە پێشکەش بکەین.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بنەماڵەی ئەندامانی سوپای پاسداران، گرنگی بونی ئێرانی لە سوریا بەم شێوەیە خستەڕو: "ئەگەر لە سوریا پێشمان بە نەیارەکانمان نەگرتبا، دەبو لە تاران، خوراسان و ئیسفەهان لەگەڵیان شەڕمان بکردبایە". ستراتیژی ئێران لە سوریا لەسەر دو بنەمای سەرەکی دامەزراوە: یەکەمیان ڕوانگەی دینییە کە پاراستنی "حەرەمەین" وەک ئامانج دادەنێت، دوەمیان ڕوانگەی سیاسییە کە جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەکاتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە سوریا دەگوزەرێت، هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر قوڵایی ستراتیژی ئێران.

 

دوای ڕوداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئیسرائیل بە مەبەستی "گۆڕینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، دەستی کرد بە پرۆسەی داڕمان و لاوازکردنی هێزە نزیکەکانی ئێران. ئەم پرۆسەیە لە غەززەوە دەستی پێکرد، پاشان گەیشتە حیزبوڵڵای لوبنان و هەیکەلی ئەم ڕێکخراوەی داڕماند، و لە کۆتاییدا وەک پێشبینی دەکرا، سوریای کردە بەشێک لەم هاوکێشە نوێیە.

 

ساڵی ٢٠١٧، قاسم سولەیمانی لە ئەبوکەمال نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی نارد و تێیدا ڕایگەیاند: "وەک سەربازێک کە لەلایەن مەزنی بەڕێزەوە [عەلی خامنەیی] ڕاسپێردراوم لەم بوارەدا، لەگەڵ تەواوبونی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەبوکەمال، دوایین قەڵای داعش، بە دابەزاندنی ئاڵای ئەم تاقمە ئەمریکی-زایۆنیستییە و هەڵکردنی ئاڵای سوریا، (...) ڕادەگەیێنم". ئەم نامەیەی سولەیمانی لە ئەبوکەمال گرنگییەکی تایبەتی هەبو.

 

دوای ڕوخانی سەدام حوسێن، ئێران توانی لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە، بەتایبەت لە پارێزگای قایم، ناوچەی ئەبوکەمال لە پارێزگای دێرەلزور بەکاربهێنێت بۆ دروستکردنی کۆریدۆرێکی زەمینی. ئەم کۆریدۆرە لوبنانی لە ڕێگەی سوریا و عێراقەوە بە ئێرانەوە دەبەستەوە. هەروەها لەم ڕێگەیەوە ئێران دەستی دەگەیشتە بەندەری لازقیە لە سوریا، واتە دەریای نێوەڕاست. کەواتە نامەکەی سولەیمانی پەیامێکی گرنگی هەبو: ئێران دوبارە دەستی بە کۆریدۆرەکە ڕاگەیشتەوە و توانی لە ڕێگەی زەمینییەوە بگاتەوە دەریای نێوەڕاست. بە کورتی، کۆریدۆری قایم-ئەبوکەمال-مەیادین-دێرەلزور، شادەماری ئێران بو بۆ مانەوە لە سوریا و پڕچەککردنی حیزبوڵڵای لوبنان.

 

لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: لە سوریا چ ڕویدا؟ دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئیسرائیل هەردو وڵاتی سوریا و لوبنانی کردە ناوچەی کوشتن بۆ پاسدارەکانی ئێران. واتە هاوکات لەگەڵ شەڕ لە لوبنان، ئیسرائیل فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی لە سوریا دەکردە ئامانج، بەم مەبەستەی کە حیزبوڵڵا ئاسانتر لاواز بکات. ئەم هەڕەشە بەردەوامەی ئیسرائیل ناچاری کرد ئێران هێزەکانی خۆی لە لوبنان بکشێنێتەوە بۆ سوریا، و لەوێشەوە بۆ عێراق، کە ئەمەش بوە هۆی کەمبونەوەی هەژمونی ئێران لە هەردو وڵات.

 

بە بۆچونی من، خێرایی گۆڕانکارییەکانی سوریا بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:

 

یەکەم: هاوکات لەگەڵ پاشەکشەی حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس لە غەززە، و لاوازبونی ڕۆڵی حیزبوڵڵا لە پاراستنی بەشار ئەسەد، هۆکارێکی گرنگی دیکە کە وای کرد ئەسەد نەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، نەمان یان لاوازبونی سوپای پاسداران لە لوبنان و سوریا بو. بەڵام ئەم لاوازییە پێش جەنگی غەززە و لوبنان دەستی پێکردبو - یەکەم نیشانەی ئەم لاوازییە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە بەغدا دەرکەوت. ئەزمونی چەندین ساڵەی بون لە لوبنان، سوریا و عێراق، لەگەڵ هەبونی نفوز و پەیوەندی کەسی لەگەڵ زۆربەی گروپە شیعەکانی ناوچەکە، وایان کردبو سولەیمانی کاریگەرییەکی زۆری هەبێت. بەڵام دوای کوژرانی و هاتنی جێگرەکەی، ئیسماعیل قائانی، سوپای قودس ئەو پێگە پێشوەی نەما و لاواز بو، چونکە قائانی نەیتوانی وەک سولەیمانی کاریگەر بێت. کەواتە کوژرانی سولەیمانی دەکرێت وەک یەکەم هەنگاوی لاوازکردنی دەستی ئێران لە ناوچەکە ببینرێت.

 

هەنگاوی دوەمی ئەم پرۆسەیە کوژرانی سەید ڕەزی موسەوی بو لە دیمەشق. لە مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٣، دوای هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە موسەوی، کە فەرماندەیەکی باڵای بەرەی مقاومە بو لە سوریا، کوژراوە. نەمانی موسەوی، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕێکخستنەکانی بەرەی مقاومە لە سوریادا هەبو، بۆشاییەکی گەورەی دروستکرد.

 

هەنگاوێکی دیکەی لاوازکردنی سوپای پاسداران، هێرشی مانگی چواری ئەمساڵ بو بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، کە تێیدا حەوت پاسداری پلەبەرزی ئێران کوژران، لەوانە محەممەد ڕەزا زاهیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە سوریا و فەرماندەی سوپای قودس لە لوبنان. کوژرانی زاهیدی، دوای کوژرانی سولەیمانی و لێدانەکانی دواییی ئیسرائیل، زەبرێکی گەورە بو لە هەیمەنەی "سیاسەتی هێز"ی ئێران لە ناوچەکە.

 

کوژرانی یەک لەدوای یەکی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران، هاوکات لەگەڵ هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و جەنگی غەززە، هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەتەواوی گۆڕی. ئەم جەنگە بوە هۆی ئەوەی کە ڕوداوەکان خێراتر پەرەیان سەند و سەربازەکانی ئێران وەک دۆمینە یەک لەدوای یەک کەوتن. بە کورتی، ئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و ترسی ئێران لە ناردنی فەرماندەی نوێ بۆ سوریا و لوبنان لەترسی کوژرانیان، لەگەڵ داڕمانی هەیکەلی هێزەکانی لەو وڵاتانە، بۆشاییەکی گەورەی دروستکرد کە هاوسەنگی هێزی لە دژی بەشار ئەسەد و ئێران گۆڕی.

 

دوەم: هاوکاری و پشتیوانی تورکیا بۆ گروپە چەکدارەکان هۆکارێکی دیکە بو کە یارمەتی پێشڕەوی خێرای ئەوانی دا. هاوکارییەکانی تورکیا دو لایەنی هەبو: یەکەم، دروستکردنی هاوسەنگی لەگەڵ ڕوسیا لە سوریا. تورکیا کەڵکی لە گیرۆدەبونی ڕوسیا لە جەنگی ئۆکرانیا وەرگرت و وای کرد ڕوسیا وەک جاران نەتوانێت پشتیوانی لە ئەسەد بکات. باجێکی زۆریشی دا بە ڕوسیا بۆ ئەوەی بێلایەن بمێنێتەوە، باجێک کە زۆر زیاتر بو لەوەی ئێران دەیدا. بۆیە ڕوسیا لە نێوان تورکیا و ئێراندا ستراتیژێکی گرتە بەر کە "نە شیش بسوتێت، نە کەباب". بەم جۆرە بونی تورکیا لە هاوکێشەکانی سوریادا توانی تا ڕادەیەکی زۆر هاوسەنگی هێز بە قازانجی گروپە چەکدارەکان بگۆڕێت.

 

ترسی تورکیا لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەندە قوڵە کە ناچار بو ئەم دەستپێشخەرییە بکات لە پشتیوانیکردنی ئەو گروپانە، بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەهێزبونی زیاتری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگرێت. یەکێک لە گریمانە سەرەکییەکانی دڵەڕاوکێی تورکیا ئەوەیە کە دەزانێت پرۆکسییەکانی ئێران لە سوریا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج. بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی دوای نەمانی پرۆکسییەکانی ئێران، هێزە کوردییەکان تاکە جێگرەوەی بەهێزن. هەر بۆیە تورکیا ئەم دەستپێشخەرییەی کرد تا خۆی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و ڕێگە نەدات کورد ببێتە فاکتەری گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە سوریا.

بە بۆچونی من، لە داهاتویەکی نزیکدا ئەگەری ئەوە هەبو کە ئەمریکا و ئیسرائیل، کۆریدۆری قایم-بوکەمال-مەیادین-دێرەلزور و هەروەها بەندەری لازقیە بکەنە ئامانج و هێزە کوردییەکان لەوێ جێگیر بکەن، یان بیانکەنە بەشێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە لە هاوکێشەکانی سوریا. بۆ بڕینی دەستی ئێران لە سوریا، پێویستە ئەو کۆریدۆرە و بەندەری لازقیە بکرێنە ئامانج تا بۆشایی بکەوێتە نێوان پرۆکسییەکانی ئێران. ئەمەش خەونی گەیشتنی ئێران بە دەریای نێوەڕاست و "ئاسایشی جێگیری ئێران" توشی کێشە دەکات. بۆیە تورکیا ئەم قومارە مەترسیدارەی کرد و دەستپێشخەری کرد بۆ ئەوەی هێزەکانی نزیک لە خۆی ببنە پڕکەرەوەی بۆشایی نێوان هێزەکانی ئێران. مەبەست لە قومار ئەوەیە کە هاوکێشەکان دەکرا بە هاتنەوەی بەهێزی ڕوسیا و ناردنی هێزی زیاتری ئێران بۆ سوریا، گۆڕانی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت و تورکیا لەم پلانەی خۆیدا سەرکەوتو نەبێت.

 

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران، لە کۆبونەوەی ساڵانەی داڤۆس وتبوی "ئەگەر حەماس لە غەززە بکەوێت، شەڕ هەنگاوێک نزیکتر دەبێتەوە لە ئێران". ئێستا کە حەماس "کەوتوە" و حیزبوڵڵا توشی داڕمانی ناوخۆیی بوە، ئێران زیاتر لە هەر کاتێک هەست بە مەترسی دەکات و ڕوداوەکانی دواییی سوریا فشارێکی زیاتری خستوەتە سەری، بە جۆرێک کە ناچاری بە پاشەکشەیەکی گشتی دەکات لە ناوچەکە.

 

خاڵی سێیەم ئەوەیە کە هێرشی ئەم گروپانە لە سوریا، تا ڕادەیەکی زۆر بە قازانجی ئەمریکا و ئیسرائیل تەواو دەبێت. ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دروستکردنی ئەو بۆشاییەی باسمان کرد لە سوریا، دەبو تێچوی زۆریان بدایە، وەک مەترسی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل یان تێچوی ئابوری. بەڵام ئێستا بەبێ هیچ تێچویەک، لە کورتماوەدا دەستکەوتەکانیان لە ڕێگەی ئەم گروپانەوە بەدەستهێناوە و دەتوانن چاودێری دۆخەکە بن تا ئەو کاتەی هەست دەکەن لە کۆنتڕۆڵیان دەردەچێت. هەر بۆیە لەم چەند ڕۆژەدا، ئەمریکا تەنیا چاودێری دۆخی سوریای کردوە. هاوکات لەم کاتەدا کە لە ئەمریکا دەسەڵات دەستاودەست دەکرێت، ئەمریکا پێویستی بە هاوکاری ئیسرائیل نییە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو گروپانە لە سوریا، چونکە شەڕی ئەو گروپە تیرۆریستییانە لە لازقیە لەلایەن گروپە تیرۆریستییەکانی دیکەوە، وەک تەحریرەلشام، دەکرێت.

 

دۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیتر ناگەڕێتەوە دۆخی پێش حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣. گۆڕانکارییەکان خێراییەکی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە کە هۆکاری سەرەکی دڵەڕاوکێی بەشێک لە دەوڵەتانە. ئێران لە ترسی کەوتنی یەک لەدوای یەکی هەمو پرۆکسییەکانی، بە هەر تێچویەک بێت دەیەوێت پێش بەم گۆڕانکارییانە بگرێت. تورکیا دەیەوێت کارتی زۆری بەدەستەوە بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترامپ و هەروەها ڕێگە لە بەرەوپێشچونی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بگرێت. هاوکات ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی داهاتوی ئێران بۆ سەر خۆی، چاوەڕوان دەکرێت لێدانەکانی لە پرۆکسییەکانی ئێران زیاتر بکات.

 

دۆخی ئێستای سوریا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە داهاتوی عێراقەوە هەیە، واتە هەر گۆڕانکارییەک لە سوریا ڕوبدات، کاریگەری لەسەر عێراق دادەنێت. ئیسرائیل دەیەوێت لە کۆتاییدا هەمو مەترسییەکانی ئێران لە ناوچەکە بگەڕێنێتەوە سەر سنورەکانی ئێران، واتە پێش بە مەترسییەکانی ئێران لەسەر سنورەکانی ئێران بگرێت. بۆیە پێدەچێت ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕودەدات، لە داهاتویەکی نزیکدا وەک بەهاری عەرەبی، تەشەنە بکات بۆ عێراق و ئەو وڵاتەش تێوەبگلێنێت.

 

لە کۆتاییدا، دۆخی ئێستای سوریا، هاوشان لەگەڵ لاوازی دەوڵەتی بەشار ئەسەد، بەرهەمی ئەو سێ خاڵە سەرەکییەیە کە بە وردی باسمان کردن: یەکەم، لاوازی سوپای پاسداران لە ناوچەکە دوای ئامانجگرتنیان لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە و ترسی ئێران لە بەکارهێنانی فەرماندەکانی لە سوریا و لوبنان. دوەم، هاوکاری و پشتیوانی تورکیا لەو گروپانە و تێکدانی هاوسەنگی هێز، لەگەڵ ئامادەکاری بۆ هاتنی دۆناڵد ترامپ و گفتوگۆکردن لەسەر داهاتوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. سێیەم، قازانجی کاتیی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم گۆڕانکارییانەی ئێستای سوریا، کە وەک فشارێک بۆ سەر ئێران دەیبینن و بۆیە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی کردەییان نەبوە. بەڵام ئەوەی کە ئێستا لە سوریا ڕودەدات، پێناچێت بەمزوانە کۆتایی پێبێت و بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەو وڵاتە کات زۆر پێویستە. هاوکات ئێران بە باشی دەزانی لە سوریا پێش بە مەترسییەکان بگرێت و نەهێڵێت لەوە زیاتر نزیک ببێتەوە لە سنورەکانی خۆی، بۆیە پێدەچێت کە سوریا ببێت بە خاڵی وەرچەرخانی داهاتوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ.

451 جار خوێندراوەتەوە