بەکام داتایانە شایەتومان بهێنین؟!

ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و به‌غدا، به‌بڵاوكراوه‌كانیان یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن له‌باره‌ی شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێم له‌ به‌غداد و پابه‌ندی و مه‌رجه‌كانی به‌غداد له‌ هه‌رێم.

 

موچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌هه‌مو چین و توێژه‌كانه‌وه‌ له‌ساڵی دارایی 2024 دا 11 موچه‌یان وه‌رگرتوه‌، هه‌ندێکجار له‌كاتی خۆی و زۆرینەی جار دوای 40 و 50 و 60 رۆژ، هه‌رچی  مووه‌ی مانگی 12 دابه‌شنه‌كراوه‌‌، له‌م باره‌‌یه‌وه‌ تا ئێستا هیچ ئاسۆییه‌كی ڕون   ونزیك بونی نییه‌، ئه‌مه‌ لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی فیدراڵ، ئاماژە بەوەدەکات موچەى سەرجەم مانگەکانی ساڵی ڕابردوی ناردووە.

 

له‌بڵاوكراوه‌یه‌كیدا وەزارەتى دارایی و ئابورى هه‌رێم، ئاماژەى بەوەداوە پشکى تەرخانکراوى هەرێمى کوردستان بۆ مووچە لە بودجەى ساڵی دارایی 2024  "(11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن و 335) هەزار دینار بوە، بەڵام 822 ملیار و 642 ملیۆن و 15 هەزار و 37 دینار کەمتر لەو پشکە نێردراوە.

 


هه‌روه‌ها وەزارەتى دارایی هه‌رێم رایگەیاندوە، تاوەکو 30-11-2024  بڕى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان (چوار تریلیۆن و 347 ملیار و 484 ملیۆن و 382 هەزار و 654)  دینار بووە.

 

به‌قسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی، هه‌رێم له‌ساڵی ڕابردودا به‌پێنج گوژمه‌، 399 ملیار و 168 ملیۆن و 964 هەزار و 550 دینارى داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کراوە، به‌پێی ڕێكه‌وتنێك پێویسته‌ هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی شایسته‌داراییه‌كانی له‌به‌غدا، مانگانه‌ ڕێژه‌ی 50% ی داهاتی نانه‌وتی و ناوخۆیی بنێرێت بۆ به‌غداد.

 

هه‌فته‌ی ڕابردو، لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، میوانداری له‌ ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق كرد، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی دارایی 2025 و هه‌واركردنه‌وه‌ی و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، تێدا خانمی وه‌زیر به‌ڕاشكاوی وتویه‌تی ئێمه‌ موچه‌ی سه‌رجه‌م مانگه‌كانی ساڵی ڕابردومان ناردوه‌ و به‌رپرس نین له‌چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی موچه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆرانی هه‌رێمدا.

 

شایانی باسه‌، له‌په‌راوێزی كۆبونه‌وه‌كه‌، بڕیاردرا‌ بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی كه‌ له‌ حه‌وت ئه‌ندام پێكدێت‌، بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا وردبینی بكه‌ن له‌ شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێم و ڕاست و دروستی تۆمه‌ت وداتا و ژماره‌ و بڵاوكراوه‌كانی هه‌ردولا.

 

لەئەگەری ڕاست و دروستی داتاو ژمارەکانی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ولێرو به‌غدا، پێمان وایه‌ جگە لەکاتکوشتن و به‌فیرۆدان، فه‌رمانبه‌ران و موچەخۆرانی هه‌رێم، بەردەوام قۆچی قوربانیەکەن و نابینین ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ ڕێكاری یاسایی یان ئیداری و دارایی بگیرێته‌به‌ر لەقازانجی موچەخۆران بێت.

 

هه‌ر بۆیه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا، موچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، نازانن به‌ داتا و زانیاری كام لا شایه‌توومان بهێنین! ئه‌وه‌ی به‌لای مووچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ گرنگ و به‌بایه‌خه‌، وه‌رگرتنی مووچه‌كانیانه‌ له‌كاتی خۆیدا، بێ دواكه‌وتن و بێ سه‌رئێشه‌، چونكه‌ به‌ڕاستی هه‌ردوو ساڵی دارایی 2023 و 2024  قورس و پڕمه‌ینه‌ت بوون بۆ مووچه‌خۆران به‌گشتی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان به‌تایبه‌تی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ ده‌ ساڵه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ شایسته‌داراییه‌كانیان له‌بابه‌تی به‌رزه‌مووچه‌( ترفیع) بێ به‌شن.


152 جار خوێندراوەتەوە