بۆ دابەزاندنی كێش... پێش كاتژمێر 09:00ـی بەیانی ئەم چوار هەنگاوە جێبەجێ بكە

KNN : Kurdish News Network
08:29 - 14/04/2025
تەندروستی
+
-

گرتنەبەری رێكاری تەندروست لە بەیانیاندا بێجگە لە ئەوەی کاریگەریی گەورەی لەسەر دابەزاندنی کێش هەیە، هۆكارێكیشە بۆ بەردەوامبون بۆ ئەنجامدانی خوە سودبەخشەکان.


ماڵپەڕی (Eating Well) بڵاویكردوەتەوە، لەلایەن پسپۆڕانی خۆراکەوە چوار رێكاری تەندروستی گرنگ دەستنیشان كراوە بۆ ئەوەی لەبەیانیاندا مرۆڤ ئەنجامی بدات، كە دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش و دەستپێکردنی رۆژێكی نوێ بەتەندروستییەکی باشەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:


1. خەوتنی پێویست؛ کەم خەوی دەبێتە رێگر لە گەیشتن بە ئامانجی دابەزاندنی کێش.
مەندی ئینرایت، پسپۆڕی خۆراک و نوسەر دەڵێت: نەك تەنها كەم خەوی كە وا دەكات هەست بەماندویی و سستی بکەیت، بەڵکو خەوتنی ناڕێک دەبێتە هۆی زیادبونی ئارەزوی خواردن و هەڵبژاردنی خۆراکی ناتەندروست ئەمەش زیادبونی كێش و زیاد وەرگرتنی کالۆری لێدەكەوێتەوە.


دەشڵێت: هەرچەندە زو لە خەو هەڵسان دەتوانێت سوتانی کالۆری زیاد بکات، بەڵام ئەگەر کەسەکە بەشی پێویست كە حەوت كاتژمێرە نەخەوێت لەوانەیە کاردانەوەی خراپی لێبکەوێتەوە.


2. خواردنەوەی کوپێک ئاو؛ رۆژانە و دوای لە خەو هەستان یارمەتیت دەدات لە دابەزاندنی کێش.


دوای لە خەو هەستان و خواردنەوەی پەرداخێک ئاو لە ماوەی 30 خولەکدا، سودی بۆ كرداری هەرسکردن هەیە و رێگری لە وشکبونەوەی لەش دەكات ئەمە بێجگە لە ئەوەی برسێتی ناهێڵێت،  ئاسانکاری بۆ هەڵبژاردنی تەندروست بۆ ماوەی رۆژەکە دەكات.

 

بۆنی تاوب-دیکس، پسپۆڕی خۆراکی لە کتێبی "پێش ئەوەی بیخۆیت بیخوێنەرەوە"ـدا دەڵێت: ئەو كەسانەی (30) خولەك پێش خواردنی ژەمەكانیان دو کوپ ئاویان بۆ ماوەی (12) هەفتە لەسەر یەك خواردوەتەوە، نزیکەی چوار کیلۆ لە کێشیان دابەزاندوە.


3. نانی بەیانی دەوڵەمەند بەپرۆتین؛ ئەو خۆراكانەی پڕۆتینیان زۆرە، کێشی لەش دادەبەزێنن

 

بەردەوام توێژینەوەكان جەخت دەكەنەوە، بۆ خواردنی نانی بەیانی هەمیشە ئەو خۆراكە مادددانە بخۆ كە دەوڵەمەندن بەپرۆتین، چونكە هاوكارن لە دابەزاندنی کێش ئەمە بێجگە لەئەوەی تا ماوەیەكی زۆر هەست بەبرسێتی ناكەیت و ئارەزوی خواردن كەم دەكاتەوە، لەوانە؛ هێلکە، ماست و بەرهەمەكانی و  گوێز و تەنانەت پەلەوەریش لەخۆدەگرێت.


4. چالاکی جەستەیی؛ وەرزشکردنی بەیانیان یارمەتی دابەزاندنی کێشت دەدات


ژمارەیەك لە توێژینەوەكان جەخت دەكەنەوە كە؛ وەرزشکردنی بەیانیان دەتوانێت سوتانی چەوری زیاد بکات و میتابۆلیزم بەرز بکاتەوە و کۆنترۆڵی ئارەزووی خواردن باشتر بکات، هەروەها دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست و ئەرێنی.

740 جار خوێندراوەتەوە