بەهار و نەورۆز وەرز و بۆنەی پۆشینی جلی كوردی

KNN : Kurdish News Network
07:24 - 20/03/2019
کوردستان
+
-

لەگەڵ هاتنی جەژنی نەورۆز و وەرزی بەهاردا، زۆرینەی هاوڵاتییان جلی كوردی دەپۆشن، جلی كوردیش چەند شێوازێكی جیاوازی هەیە و هاوڵاتییان بە پێی خواستی خۆیان دەیدورن, بەڵام جگە لە بۆنە و یادە نەتەوەییەكان، پۆشینی جلی كوردی كەم بوەتەوە.

جیاواز لە سێ‌ دەیە لەمەو بەر, جگەلە نزیكبونەوەی سەری ساڵی كوردی و جەژنی نەورۆز، هاوڵاتیان جلی كوردی نادرون, بەڵام لەگەڵ نزیكبونەوەی جەژنی نەورۆز و هاتنی وەرزی بەهار، پیاوان و ژنان و منداَلان زۆرینەیان جلی كوردی دەپۆشن.

ئەو قوماشانەی بۆ جلی كوردی ژنان و پیاوان بەكاردەهێنرێن جگەلە شاڵ، تەواوی قوماشەكانی دیكە لە وڵاتانەوە هاوردە دەكرێن, هاوڵاتیانیش بە ڕەچاوكردنی پارەی گیرفانیان، جۆری قوماشەكان هەڵدەبژێرن, بەوتەی ئەم قوماش فرۆشە، لابردنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانیش، كاریگەریەكی ئەوتۆی نەكردوەتە سەر بازاڕ.

جلی كوردی چەندین شێوازی هەیە و هاوڵاتییان بەپێی ویستی خۆیان دەیدرون، بەڵام ساڵانە جۆرێك مۆدێلی جلی كوردی زیاتر لە هەموویان ویستی لەسەرە و لە ئێستادا ئەو مۆدیلانەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەپۆشرێن، لە باشوریش خواستی زۆریان لەسەرە. 

جلی كوردی وەك سیمایەكی نەتەوەیی و كلتوری كوردەواری، زیاتر لەلایەن كەسانی بەتەمەنەوە دەپۆشرێت و لای گەنجان جگە لە بۆنە و یادەكان زۆربەكەمی دەپۆشرێن بەجۆرێك مەترسی كەوتوەتە سەری تەنها رۆژێك دیاریكراوە بۆ پۆشینی جلی كوردی. 

بەشێك لە هاوڵاتیان نیگەرانی ئەوەیان لا دروست بوە كە گۆڕانكاری زۆر بەسەر جلی كوردیدا هاتوە و لەسەر شێوە بنەڕەتی و سەرەتاییەكەی خۆی نەماوە بە جۆرێك هەندێك جلی كوردی دەبینرێت و بە ئاسانی ناناسرێتەوە كە جلی كوردیە , سەرەڕای ئەمانەش یەكێكە لەو جلە ڕەسەن و خاوەن تایبەتمەندیانەی كوردی پێدەناسرێتەوە.

6073 جار خوێندراوەتەوە