ژمارەیەک چالاکوانى عەربەت سکاڵایان دژى شارەوانی سلێمانى تۆمار کرد

KNN : Kurdish News Network
09:34 - 19/09/2024
کوردستان
+
-

دژى بڵاوەپێکردنى ژمارەیەکى زۆر سەگى نەخۆش لە سنورى ناحیەکەیان، ژمارەیەک چالاکوان و مامۆستاى عەربەت سکاڵایان دژى شارەوانى سلێمانى تۆمار کرد.

 

هەواڵ:KNNC

 

لەوبارەیەوە، چالاکوانێکى سنورەکە بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ سکاڵاکەیان دژى شارەوانى سلێمانییە و بەرامبەر ئەو سوکایەتییەیە بەرامبەر دانیشتوانى ناحیەی عەربەت ئەنجامدراوە بە بڵاوەپێکردنى سەگى نەخۆش لە ناوچەکەیان.

وتیشى: ئەو سەگانەى نەخۆشى گەڕییان هەیە و بڵاوەیان پێکراوە، ژمارەیان زیاتر لە 50 سەگە و بونەتە مەترسیی بۆسەر ژیانى هاوڵاتییان و دانیشتوانى ناوچەکە.

لەلایەکى دیکەوە، لەبارەى ئەم سکاڵایەوە دابان محەمەد، بەڕێوەبەرى ناحیەى عەربەت بە کەى ئێن ئێن،ى وت: سکاڵاى چالاکوانەکان جیاوازە و ئەوانیش رۆژى دوشەممە تایبەت بە هەمان کێشە سکاڵاکەیان دژى شارەوانى سلێمانى بەرز دەکەنەوە.

 

پێشتر بەڕێوەبەرى ناحیەکە بە کەى ئێن ئێنى وت: وادەیەکمان بۆ شارەوانى سلێمانى دیاریکردوە و ئەگەر ئەو سەگانە نەبەنەوە شێڵتەرەکان، ئەوان سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن، بەپێی بەدواداچونەکانى دیجیتاڵ میدیاى کەى ئێن ئێن و لە زارى بەڕێوەبەرى ناحیەکەوە: تا بەیانى ئەمڕۆش شارەوانى سلێمانى ئەو سەگانەى لانەبردوە و نەیگەڕاندونەتەوە بۆ شێڵتەرەکان بۆ پێدانى چارەسەر و چاودێریکردنیان هەربۆیە ئەوانیش لە رۆژى دوشەممەى داهاتو سکاڵاکەیان تۆمار دەکەن.


851 جار خوێندراوەتەوە