تەقتەق؛ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچوك زیان بە هاوڵاتییان دەگەیەنێت

KNN : Kurdish News Network
05:22 - 08/04/2019
کوردستان
+
-

تەقتەق؛ چەندین پرۆژەی گەشتیاری و حەوزی ماسی و رەز و باخ و زەویی كشتوكاڵی ژێر ئاو دەكەون
سێگردكان؛ چەندین پرۆژەی گەشتیاری‌و حەوزی ماسی‌و رەز و باخ و زەویی كشتوكاڵی ژێر ئاو دەكەون
ئاشتی؛ چەندین پرۆژەی گەشتیاری‌و حەوزی ماسی‌و رەز و باخ و زەویی كشتوكاڵی ژێر ئاو دەكەون


لە ناحیەكانی تەقتەق و سێگردكان و ئاشتی سەر بە قەزای كۆیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچوكەوە، سەرجەم پرۆژەكانی گەشتیاری و دەیان پرۆژەی حەوزە ماسی و رەز و باخ و زەوی كشتوكاڵی، ژێر ئاو دەكەون. بەشێك لە هاوڵاتیانیش داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن، قەرەبوویان بكەنەوە،بەرپرسانی ناوچەكەش دەڵێن: بە گوێرەی یاسا، مامەڵە لەگەڵ زیانلێكەوتوان دەكەن.

 وەك تیمی كەناڵی كەی ئێن ئێن سەردانی بەشێك لەو شوێنانەمان كرد كە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچوك زەرەورو زیانی زۆریان پێ گەیشتوە.

ناحیەی تەقتەق یەكێكە لەو شوێنانەی كە زۆرترین زیانی بەركەوتووە. لەو ناحیەدا سەرجەم پرۆژەكانی گەشتیاری و دەیان پرۆژەی حەوزە ماسی و رەز و باخ و زەوی كشتوكاڵی ژێر ئاو كەوتون.

جگە لە ناحیەی تەقتەق، ناحیەی سێگردكان و ناحیەی ئاشتی لە سنوری قەزای كۆیە لەو زەرەورو زیانانە بەدەر نین و هاوڵاتیانی ئەو دوو ناحیەیەش زیانی زۆریان كردووەو ئەمساڵ ناتوانن هیچ بەروبومێكی خۆماڵی بەرهەم بهێنن.

بەرێوبەری ناحیەی تەقتەق كە بەرێوبەری ناحیەی ئاشتییە بەوەكالەت رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاوی بەنداوی دووكان و زیاتر بەردانەوەی ئاوەوەكەوە زیانی زۆر بە هاوڵاتیان گەیشتوە. دەشڵێت: بە گوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ زیان لێكەوتوان دەكەن.

بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە، ئەمساڵ ئاوی بەنداوی دووكان سەرڕێژی كرد و ڕێژەیەكی زۆر ئاو بەردراوەتەوە، ئەمەش زەرەورو زیانی بە هەموو ئەو شوێنانە گەیاندوە كە كەوتونەتە رۆخی زێیەكە‌و بەشێكیان بە نایاسایی سنوری زێكەیان بەزاندووە. تا ئێستا نازانرێت رێژەی زیانەكانی هەر سێ ناحیەی تەقتەق و ئاشتی و سێگردكان چەندە، چونكە لە زیاتر بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دووكان، زیانەكانیش زۆرتر دەبن.

1920 جار خوێندراوەتەوە