جەژنی رۆژووشكاندن یەكەم جەژنی موسڵمانانە لە ئاینی ئیسلام

KNN : Kurdish News Network
07:49 - 04/06/2019
جیهان
+
-


یەكەم رۆژی شەوال جەژنی رۆژوو شكاندنە
لەجەژنی رۆژوو شكاندندا موسڵمانان خۆشی دەردەبڕن و گەردەنی یەكتری ئازا دەكەن
لەجەژنی رۆژوو شكاندندا موسڵمانان سەردانی دراوسێی و كەس و كاریان دەكەن


جەژنی رۆژوو شكاندن، (جەژنی رەمەزان) یەكەم جەژنی موسڵمانانەو دەکەوێتە یەكەم رۆژی مانگی شەوال، لەو رۆژەدا بەبۆنەی كۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان، مانگی خۆگرتنەوە لەخواردن و خواردنەوە بەسەركەوتویی، موسڵمانان، خۆشی دەردەبڕن و سوپاسگوزاری خودا دەكەن و سەردانی دراوسێ و كەس و كارو هاوڕێكانیان دەكەن و دڵە تۆراوەكان لەیەكتری ئاشتدەبنەوەو گەردەنی یەكتری ئازا دەكەن. 


لە ساڵی دووی كۆچیدا، كاتێك رۆژووگرتنی مانگی رەمەزان، لەسەر موسڵمانان فەرز كرا، دوای رۆژووگرتنی یەك مانگ، محەمەد، پێغەمبەری ئیسلام، درودی خوای لەسەر بێت، یەكەم جەژنی موسڵمانانی دیاریكرد، بەناوی جەژنی رۆژوو شكاندن.

 

لەجەژنی رۆژووشكاندندا، (جەژنی رەمەزان)، كە دەكەوێتە یەكەم رۆژی مانگی شەوال، موسڵمانان لەو رۆژەدا ئاهەنگ دەگێڕن و دڵخۆشی خۆیان دەردبڕن و سوپاسگوزاری خودا دەكەن، كە توانیان لەمانگی رەمەزاندا سەركەوتوانە بەرۆژوو بن و پەرستش و كاری چاكەو بەخشینی زیاتر بكەن.

 

ناوی جەژنی رۆژوو شكاندن، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كاتێك موسڵمانان بۆ ماوەی 29 یا 30 رۆژ، بەرۆژوو دەبن، دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە، دڵخۆشی خۆیان دەربڕبن بەكۆتاییهاتنی رۆژووگرتن و خۆگرتنەوە لەخواردن و خواردنەوە.

 

لەجەژنی رەمەزاندا موسڵمانان كۆمەڵیك سورەتی ئاینی ئەنجامدەدەن، پێش ئەنجامدانی نوێژی  جەژن، كە چەند خولەكێك دوای خۆرهەڵاتن لەو رۆژەدا نوێژەكە دەكرێت، پێویستە موسڵمانان، زەكاتی رۆژووشكاندن( زەكات الفیتر) بەكەسانی هەژار و كەمدەرامەت بدەن، بۆ ئەمساڵیش لەهەرێمی كوردستان، لیژنەی باڵای فەتوا، بۆ هەر تاكێك دوو هەزار و پێنج سەد، دینار دیاریكرد.

 

لەگەڵ خۆرهەڵاتن، موسڵمانان لەجەژنی رۆژوو شكاندندا، روو لەمزگەوتەكان دەكەن و بەكۆمەڵ نوێژی جەژن دەكەن و دواتر خواردنی جەژن دەخورێت.

 

بەپێی سوننتەكانی پێغەمبەری ئیسلام درودی خوای لەسەر بێت، پێویستە موسڵمانان لە رۆژی جەژندا، خۆیان بشون و خۆیان بۆن خۆش بكەن و جوانترین و باشترین جلەكانیان لەبەر بكەن و سەردانی دراوسێی و كەس و كارو دۆست و هاوڕێكانیان بكەن، دڵخۆشی دەرببڕن بەبۆنەی جەژن و لەو رۆژەدا سوپاسگوزاری خودا بكەن یادی ئەو زۆر بكەن و الله ئەكبر زۆر بلێنەوە.

 

هەر بەپێی ئاینی ئیسلام پێویستە موسڵمانان ئەو رۆژە بەهەل بزانن بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەنێوان خۆیاندا بێننە دی و لەیەك ببورن و دڵە تۆراوەكان ئاشت بكەنەوەو گەردنی یەكتری ئازاد بكەن.

 

باشتروایە، موسڵمانان لەو رۆژەدا، خانەوادەی كەسانی هەژار و كەمدەرامەت و بێ باوكان و بێوەژنەكان بەسەر بكەنەوەو دڵیان بدەنەوە.

 

لەئاینی ئیسلامدا سێ جەژن هەیە، جەژنی رەمەزان، جەژنی قوریان، رۆژی هەینی.

1028 جار خوێندراوەتەوە