وەزارەتی كارەبا: لە ناوەڕاستی ئەم مانگە 17 بۆ 18 كاتژمێر كارەبای دەدرێت بە هاوڵاتیان

KNN : Kurdish News Network
05:00 - 13/06/2019
کوردستان
+
-

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران 17 بۆ 18 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاوڵاتیان.

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پاش هەڵسەنگاندنی دۆخی كارەبا و چۆنیەتی ئیشپێكردنی یەكەكانی وێستگەی غازی بەرهەمهێنانی كارەبا و كارۆ ئاوی لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، لە ئێستادا بە تێكڕا سێ هەزار و 570 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەو بڕەش بە رەچاوكردنی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ پێنج هەزار مێگاوات، وەزارەتی كارەبا دەتوانێت لە  ناوەڕاستی ئەم مانگە، 17 بۆ 18 كاتژمێر كارەبا بدات بە هاوڵاتیان و شەش كاتژمێرەكەی تریش لە رێگەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە پڕدەكرێتەوە.

وەزارەتی كارەبا داوا لە هاوڵاتیانیش دەكات، هاوكاریان بن لە كەمكردنەوەی زیاد بەكارهێنانی كارەبا، چونكە لە وەرزی هاویندا، بارگرانییەكی زۆر دەكەوێتە سەر وێستگە و گۆڕەر و تۆڕەكانی دابەشكردنی كارەبا.

1035 جار خوێندراوەتەوە