سەماوە: ئەو ئەفسەرەی كە ڕێگری لە ئاڵای كوردستان كرد دەستگیركرا

KNN : Kurdish News Network
08:21 - 30/07/2019
کوردستان
+
-

كەمێك پێش ئێستا ئەو ئەفسەرەی كە ئەمڕۆ لەسەماوە ڕێگری لەكەسێك كرد بەئاڵای كوردستانەوە سەردانی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە بكات دەستگیركرا.

 
كاوە محەمەد، پەرلەمانتاری گۆران لە بەغدا بڵاویكردەوە، كە دوای ئەو بێڕێزییەی كە ئەمڕۆ لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە و لەلایەن ئەفسەرێکەوە بەرامبەر بە ئاڵای کوردستان کرا، كەمێك پێش ئێستا پەیوەندی بە (ئەحمەد مەنفی) پارێزگاری سەماوەوە و کردووە و پێی راگەیاندووە کە ئەفسەرەکەیان دەستبەسەرکردووە.

هەروەها دەشڵێت، پارێزگاری سەماوە ئەوەشی وتووە، كە لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکدەهێنن.

كاوە محەمەد ئەوەشی نوسیوە، چاوەڕێش دەکرێت بەمزووانە وەک پارێزگای موسەنا (سەماوە)، روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە بڵاوبکەنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیان بەمەبەستی سۆراغكردنی كەسوكارییان لەناو ڕوفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی سەماوە گەیشتنە ئەو پارێزگایە، كە دوو ڕاوێژكاری سەرۆككۆماری عێراقیشیان لەگەڵدابوو، بەڵام بەبیانوی ئەوەی كەیەكێك لەكەسوكاری ئەنفالكراوەكان ئاڵایەكی كوردستانی لەملدایە ئەفسەرێك ڕێگری لێدەكات و دەڵێت، بۆت نییە بەئاڵای كوردستانەوە بچیتە سەر گۆڕە بەكۆمەڵەكان، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكە، لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

5840 جار خوێندراوەتەوە