پێویستە بە یاسا ڕێگریی بكرێت لە فیكری شۆڤێنی لە عێراقی نوێدا

KNN : Kurdish News Network
09:54 - 31/07/2019
کوردستان
+
-

كورد لەپێناو ڕزگاری‌و ئاڵاو بەها نەتەوەییەكان قوربانییەكی زۆری بەخشیوە 

هەردوو رووداوەكەی شاری ترابزۆنی توركیا دژی گەشتیارانی كوردی باشووری كوردستان كە بۆ گەشتكردن چوبونە ئەو وڵاتە, لەگەڵ رەفتاری نەشیاوی ئەفسەرەكەی پارێزگای موسەنا بەرامبەر كەسوكاری ئەنفالكراوان لەسەر گۆڕی بەكۆمەڵی قوربانیەكانیان, نیشانەی جیاكاریی و رەفتاری رەگەزپەرستیی و شۆڤێنیەت پیشان دەدەن لەبەرامبەر میللەتێك كە قوربانیەكی زۆری داوە لەپێناو رزگاری و بەگژاچونەوەی ستەمكاریی و جیاكاریی. ئەوەشمان پێ دەڵێت كە لەرابردوو و ئێستاشدا، ئەوە نەتەوە سەردەست و داگیركارەكانی دەوروبەر بوون كە كوردستانیان داگیركردوەو كوردیان چەوساندوەتەوە, كوردیان وەك نەتەوەو وەك تاك، ناچار كردوە شۆڕش بكەن لە دژی سیاسەتی رەگەزپەرستیی و جیاكاریی...  

ئاڵای حكومەتی هەرێم, ئاڵای هەرێمی كوردستانی فیدراڵەو لە تەواوی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدان, لە دامودەزگا حكومییەكان و ئۆرگانە فەرمییەكان لەپاڵ ئاڵای عیراقدا، هەڵدەكرێت. 

بەپێی دەستوری عیراقی نوێ كە لەساڵی 2003و دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی رژێمی بەعس نوسراوەتەوە, عێراق، وڵاتێكی فیدراڵیەو ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان, بە هەرێمی كوردستان دەناسرێ و لەسەر بنەمای فیدراڵیبونی عیراق, هەرێمێكی خۆ بەڕێوەبەرییەو ئاڵاو تایبەتمەندیی خۆی هەیە. 

لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاریداوە ڕۆژی ١٧ی كانونی یەكەمی هەموو ساڵێك، بە ڕۆژی ئاڵا دیاریی بكرێت, هۆكارەكەشی بۆ ئەو دەگەڕێتەوە كە لە ١٧ی كانوونی یەكەمی ١٩٤٧ ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، هەڵ كرا. 

لە هەر دوو رووداوەكەی شاری ترابزۆنی توركیا كە توركە رەگەزپەرستەكان بەرامبەر گەشتیارانی كورد كردیان, هەروەها ئەفسەرێكی شۆڤێنی كە لەبیابانی پارێزگای موسەنا لەكاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بەرامبەر كەسوكاری ئەنفالكراوەكان كردی, بەهۆی ئاڵای كوردستانەوە, دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕەی كە هێشتا وروژاندنی هەستی نەتەوەیی و یارییكردن بە پیرۆزییەكانی نەتەوەی كورد لە دوای روبارێك فرمێسك و خوێن و قوربانیی لەبەرامبەر ستەمكاریی و داگیركاریی و هەوڵی داگیركەران بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی میللەتێك, هێشتا هەر بونی ماوەو بە زەقی دەردەكەوێت و ئەگەرچی كاتییش بێت, كاریگەریی خراپی هەیە لەسەر هزر و كاردانەوەو هەڵوێستی مرۆڤی كورد لەئێستاو ئایندە. 

ئەگەر چی سیاسیەكان و دەسەڵاتداران ناوەناوەو وەكو كارتی گوشاری سیاسی و بۆ هەندێك مەرام و مەبەست, پرسی نەتەوەیی دەوروژێنن و یاری پێ دەكەن لەپێناو مانەوەو هەندێك ئامانجی سیاسی و بەرژەوەندچێتیی, بەڵام دواجار ئەو پرسە ئەگەر لە رووی مرۆیی و پێكەوە ژیان و تێكەڵاویی و سەرجەم بوارەكانی دیكەی پێكەوەیی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی عیراق سەیر بكرێت, ئەوا كاریگەریی خراپ بەجێدەهێڵێ‌ و پێ دەچێت رووداوەكان ئەگەر كەسییش بن, بەڵام دواجار پەلبهاوێژن بۆ روداوی هاوشێوەی دیكە وەك كارو كاردانەوەو كاری خراپتری كەسیی لەناوچەكانی دیكە بەدوای خۆیاندا بهێنن. 

لەعیراقی سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێندا بەهۆی سیاسەتی ئاگرو ئاسن كە بەعس حوكمی دەكرد, تا ڕادەیەك ئەو رق و كینە نەتەوەیی و تائیفیە زۆر زەق بەدی نەدەكرا, كە هەر چەند بەعس و رژێمی سەدام حسێن خۆیان ئەندازیاری جیاوازیی نەتەوەیی و تائیفیی و مەزهەبیی بوون لەعیراق و دەیانتوانی بەهۆی ئەو دابەشكارییە گەورەیەوە بەردەوامیی بەدەسەڵاتەكەیان بدەن و چییان بوێت ئەنجامی بدەن. 

بەڵام پێویستە لەعیراقی نوێی دوای سەدام حسێندا, بە بەرنامە حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران و دامەزراوەی قەزایی و میدیاو نوخبەی رۆشنبیران لەعیراقدا بەجدیی كار لەسەر ئەوە بكەن و بە یاساو رێوشوێنی زۆر توند رێگریی بكەن لە رق و كینەی نەتەوەیی و تائیفیی و مەزهەبی لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگەی عیراقی و بەها مرۆییەكان و بنەما شارستانیەكان و رەفتارو ئاكاری مەدەنیی و خزمەتكردنی كۆمەڵگەو بەها بەرزەكان, بكەنە پێوەری پێكەوەژیان و بەردەوامیدان, ئەگەر نا خەبات و قوربانیدانی میللەتی كورد لەعیراقدا لەپێناو رزگاریی و روبەڕوبونەوەی ستەمكاریی و چەوساندنەوە, مرۆڤی كورد دەگەیەنێتەوە ئەو باوەڕەی پێكەوەژیان لەعیراقێكدا كە كورد بە ویستی خۆی هەڵی نەبژاردووە, هەنگاو بەرەو سەربەخۆخوازیی بنێتەوە‌و پێكەوەژیان لەعیراقێكی لكێنراودا, بێتە ئەستەم و جۆرێك لەمەحاڵ و شەرمەزاریی.....  

1079 جار خوێندراوەتەوە