پەرلەمانی كوردستان سێی ئابی وەك ڕۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان ناساند

KNN : Kurdish News Network
12:23 - 03/08/2019
کوردستان
+
-

بە پێی پڕۆژە بڕیارەكە لەمەودوا قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی ئێزیدی دەكرێتەوە

پەرلەمانی كوردستان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، پرۆژەبڕیاری بە جینۆسایدناساندنی ئێزدییەكانی لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، پەسەند كرد، بەوەش ڕۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان دادەنرێت و ئەو یادە دەكرێتەوە.

جگە لە دیاریكردنی رۆژی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان, لەمەودوا قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان, خۆشگوزەرانی بۆ ئێزدیەكان و  دیاریكردنی چارەنووسی ئەو منداڵانەی بەهۆی ئەم كارەساتەوە بێ‌ دایك و باوك ماون, بەشێك دەبێت لە پڕۆژە بڕیارەكە.

دوای پێنج ساڵ تێپەربوون بەسەر كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان، پەرلەمانی كوردستان پرۆژە بریاری رۆژی سێی ئابی وەك رۆژی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانی پەسەند
پرۆژە بریارەكە   بەدەنگی (87) پەرلەمانتار پەسەند كرا و پەرلەمانتارێكی ئێزیدیش داوا دەكات بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنەكان بكرێت.

بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان تەنیا تایبەت نییە بەناساندنی رۆژی سێی ئاب وەك رۆژی كۆمەڵكوژی ئێزدیەكان، بەڵكو قەرەبووكردنەوەیان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و دیاریكردنی چارەنووسی ئەو منداڵانەی بەهۆی ئەم كارەساتەوە بێ‌ دایك و باوك ماون و هەروەها ئەو ژن و كچانەی لەلایەن تیرۆریسانی داعشەوە دەستدرێژیان كراوەتەسەر، تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگە, بەشێكی تری پرۆژە بریارەكەیە.

لەرۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014 تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر قەزای شەنگال داگرتوو، زیاتر لە (6) هەزارو پێنج سەد ژن و منداڵ و پیرو پەكەوتەیان بێسەرشوێن كرد، كە تاوەكو ئێستایش چارەنووسی نزیكەی 3 هەزار كچ و ژنی ئێزدی نادیارە, ئەمە جگە لەوەی كە سەدان هەزار ئێزیدی ئاوارەبوون و (68) مەزارگەی ئێزدییان خاپوركران، بەهۆی نەبوونی خزمەتكوزاری و ئاوەدان نەكردنەوەی شوێنەكانیان تاكو ئێستاش بەسەدان خێزانی ئێزدی لە كەمپەكان نیشتەجێن و ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

956 جار خوێندراوەتەوە