پێنج ساڵ بەسەر جینۆسایدكردنی ئێزدییەكاندا تێدەپەڕێت

KNN : Kurdish News Network
04:05 - 03/08/2019
کوردستان
+
-

ساڵڕۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان 
پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 3ی ئابی وەك ڕۆژی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان ناساند

 

ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014 ، دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعش، پەلاماری ناوچەی شەنگالی داو بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتیی ئێزدی كوژران و هەزارانی دیكەش ئاوارەبون و ژمارەیەكی زۆریش لە كچان و ژنانی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، ڕفێنران و وەك كەنیزەك و سەبایە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرا.


بەرەبەیانی ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014، داعش بە هێزێكی سەربازیی زەبەلاحەوە، پەلاماری گوندەكانی ناوچەی شەنگالی دا، ئێزدییەكان كە بە كەمینەیەكی ئاینی دادەنرێن، داعش ئەم كەمینەی بەبێ باوەڕ دایە قەڵەم، هەر ئەوەش هۆكاری پەلاماردانی ناوچەكەیان و جینۆسایدكردنیان بوو.

 

بەر لە داگیركردنی شەنگال‌و جینۆسایدكردنیان، ئێزیدییەكان داوایان لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد كە هاوكارییان بكەن، هەرچەندە بەڵێنی پاراستنیان پێدا بوون، بەڵام لەكاتی هێرشەكەدا، سوپای عێراق ناوچەكەی چۆڵ كرد و لایەنە كوردییەكانیش بەبیانووی نەبونی ڕێنمایی، ناوچەكەیان جێهیشت و پاشەكشەیان كرد.

بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە بۆ سەر ناوچەكەیان، هەزاران هاوڵاتی ڕوویان لە چیای شنگال كرد كە ئەوكاتە تەنیا پشت و پەناگەی ئێزیدییەكان بو، داعش كاتێك پەلاماری شەنگالی دا كە لە لوتكەی دەسەڵات و بەهێزیدابوو، تەنانەت سوپای عێراقیش نەیتوانی ڕوبەڕوی بوەستێتەوە.

 

لەوكاتەدا، ئەمریكا دۆخی ئێزیدییەكانی لە چیای شەنگال بە دەرفەت زانی بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی ئاسمانی و دوبارە هاتنەوەی بۆ عێراق، لەپاڵ ئەمەشدا هێزەكانی پەكەكەو یەپەگەو یەپەژە، توانییان بەرگریەكی بێ وێنە لە خەڵكی شەنگال بكەن و ڕێڕەوێكی ئارام بۆ گەیشتنی هاوڵاتیانی ئێزدیی بۆ چیای شەنگال بكەنەوە.

 

لە دوای پرۆسەكە، ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان، كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكانی بە جینۆساید ناساندو لە پایتەختی چەندین وڵاتی ئەوروپاش بەو بۆنەیەوە ڕێوڕەسمی تایبەت ڕێكخرا.

 

بەهۆی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكانەوە، هەزاران هاوڵاتیی ئێزدیی، كوژران و هەزارانی دیكە ئاوارە بوون و سەدان و كچ و ژنی ئێزدیش لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ڕفێنران و زۆرێك لەوانەیان وەك كەنیزەك و سەبایە بەكار هێنان.

 

ئاماری قوربانیانی ئێزدییەکان:-
 ژمارەی ئێزدییەكان لە عێراق نزیكەی 550 هەزار كەس بوون
بە هۆی داگیركاریی داعش بۆ ناوچەكانیان, 360 هەزار ئێزدی ئاوارە بوون
لە ڕۆژانی یەكەمی داگیركاریی داعش, 1293 ئێزدی شەهید بوون
داگیركاریی داعش بوە هۆی ئەوەی 2745 منداڵی ئێزدی بێ باوك بن   
تا ئێستا 80 گۆڕی بە كۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە لەگەڵ چەندین گۆڕی تاكەكەسی
68 مەزار و شوێنی پیرۆزی ئێزدییەكان لە لایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە 
زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی وڵاتیان بەجێ هێشتوە و چوونەتە دەرەوەی عێراق 
6417 ئێزدی لە لایەن چەكدارانی داعشەوە ڕفێنراون
3548 ئێزدی ڕفێنراوی مێن
2869 ڕفێنراوی ئێزدی نێرن 
تا ئێستا 3509 ڕفێنراوی ئێزدی لە دەستی چەكدارانی داعش ڕزگار كراون  
1192 ڕزگاربوو ژنن
337 ڕزگاربووی ئێزیدی پیاون 
1033 ڕزگاربوو كچن
947 ڕزگاربوو كوڕن 
هێشتا  2908 ئێزیدیی ڕفێنراو چارەنووسیان نادیارە 
لەو ژمارەیە 1323 یا مێن 1585 یان نێرن

 
لەئێستادا كە پێنج ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدیەكاندا تێدەپەڕێت، هێشتا نزیكەی سێ هەزار ئێزدی لە ژێر دەستی داعشدا ماون، هەزارانیشیان ئاوارەی كەمپەكانن و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لەمانەش گرنگتر، پێویستە پرسی بەجینۆسایدناساندنی ئێزدییەكان لەموزایەدەو ململانێی سیاسییەكان دووربخرێتەوە, و گرنگیی تەواو بە ئازادكراوەكانیان بدرێت.

971 جار خوێندراوەتەوە