ئێزدییەكان داوادەكەن ململانێی سیاسی لەزێدی ئەوان دووربخرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
08:16 - 03/08/2019
کوردستان
+
-

ئێزدییەكان داوادەكەن ناوچەكانیان ئاوەدانبكرێتەوەو گرنگی بەئازادكراوەكانیان بدرێت

 

لەكاتێكدا یادی پێنج ساڵەی كۆمەڵكوژی ئێزیدیەكان دەكرێتەوە، بەشێك لە ژنانی رزگاربووی دەستی داعش، چیرۆكی كارەساتباری جیاكردنەوەیان لەو منداڵانە دەگێڕنەوە كەلەچەكدارەكانی داعش بویانن‌و ئاماژە بەوەدەكەن لەبەرئەوەی  كەسوكارەكانیان رێگەیان پێنادەن  منداڵەكانیان لەگەڵ خۆیاندا بهێننەوە بەناچاری ئەو منداڵانە لەو كامپانە هێڵراونەتەوە كە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

 

لە رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014، چەكدارەكانی داعش پەلاماری قەزای شەنگالیانداو دەستیان بەسەرداگرت، بەوهۆیەوە، زیاتر لە سێ هەزار هاوڵاتی ئێزدی كوژران و  360 هەزاری دیكەش ئاوارەبوون و 6 هەزار و 417 ئێزدیش لەكاتی كەوتنی قەزاكەدا، كەوتنە دەستی داعش و رفێنران، كە سێ هەزارو 500 یان مێن و وەك كەنیزەك و سەبایە مامەڵەیان لەگەڵدا كرا..

 

بەشێكی زۆری ئەو كچ و ژنانەی ئێزدی كە لەلایەن داعشەوە رفێنران، چەندین مناڵیان لەچەكدارانی داعش خستۆتەوە، بەڵام لەدوای كۆتاییهاتنی خەلافەتی داعش لە مانگی ئازاری ئەمساڵ لە باغۆز، بەشێك زۆر لەو ژنانە رزگاركران، پێش ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو خانەوادەكانیان، لە لایەن چەكدارانی هێزەكانی پاراستنی گەل، یەپەگە، مناڵەكانیان لێسەندراوەتەوە، بەبیانەوەی ئەوەی كەسوكاریان رێگا نادات ئەو منداڵانە لەگەڵ خۆیاندا بگەڕێندرێنەوە..

 

ژنە رزگاربوویەكی ئێزدی باس لەوەدەكات، لەكاتی گەڕانەوەیان بۆ شەنگال زۆر هەوڵیداوە منداڵەكەی لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە، لەبەرئەوەی كەسوكاریان رێگەیان پێنادەن منداڵەكانیان بهێننەوە نەیتوانیوە منداڵەكەی بهێنێتەوە.

 

من یەك مناڵم لە داعش هەبوو، بەڵام كە گەڕێندراینەوە بۆ ئێرە، چەكدارانی یەپەگە ئەو مناڵەیان لێسەندم، لەبەر ئەوەی كەس‌و كارم رێگەم پێنادەن ئەو منداڵەم لەگەڵ خۆم بێنم بۆ ئێرە..

 

زۆر گریام و بەهەموو دەنگم هاوارم دەكرد و داوای ئەو مناڵەم دەكرد، بەڵام هیچ سودی نەبوو هەر لێیان سەندم و منیان هێنا بۆ ئێرە..

 

ژنێكی دیكەی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش باس لەوەدەكات، سێ منداڵی لە داعش لەدوای خۆیدا بەجێهیشتوە لە سوریا، بەڵام هێشتا ئەوان بچوكن و ئەو لەبیردەكەن..

 

 تەمەنم 13 ساڵ بوو، كاتێك داعش دەستی بەسەر شەنگالدا گرت و ئێمەیان لەگەڵ خۆیان برد، دوای ئەوە بەزۆر هاوسەرگیریان لەگەڵ كردم و داوای منداڵیان لێكردم، هەر وەكو خێزانەكانی خۆیان، منیش وتم مناڵم ناوێت، دەرمانی دژە مناڵبونم بدەنێ، بەڵام رەتیانكردەوەو وتیان پێویستە منداڵ بخەیتەوە..

 

من كورێك و دوو كچم لە چەكدارێكی داعش هەیە، كە بەجێم هێشتن، گەورەكەیان تەمەنی دوو ساڵ و شەش مانگ بوو، مناڵی دووەمیش تەمەنی ساڵێك و دوو مانگ بوو، مناڵ سێیەمیش تەمەنی چوار مانگ بوو..

 

پێش ئەوەی بەجێیان بێڵم، جل و دایبی و هەموو شتێكم بۆ كرێن، مناڵە بچكۆلەكەم شۆردو جوان گۆڕیم و شیری خۆمم پێدا، مناڵی دووەمیش خۆراكم پێدا، ئەو زۆر پەیوەست بوو بەمنەوە هەر كاتێك بۆ چەند خولەكێك جێم بهێشتایە بەدوامدا دەگریا..

 

كەبەڕێكەوتم كوڕە گەورەكەم بەدوامدا رایكردو دەگریا و هاواری دەكرد، دایە منیش لەگەڵ خۆت ببە، بەڵام ئەوان هێشتا زۆر بچوكن، من لەبیر دەكەن..

پێنج ساڵ بەسەر  جینۆسایدی  ئێزیدیەكان تێدەپەڕێت، هێشتا زیاتر لە دوو هەزار  ئێزیدی، كە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون، بێسەروشوێنن، هەزارانیشیان تا ئێستا ئاوارەی كەمپەكانن نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان..

ئێزدییەكان داوادەكەن، ململانێی سیاسیی لەزێدی ئەوان دووربخرێتەوەو ناوچەكانیان ئاوەدانبكرێتەوەو گرنگی تەواو بە ئازادكراوەكانیان بدرێت.

1136 جار خوێندراوەتەوە