هەرێم... دەستبەسەر 15 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

KNN : Kurdish News Network
04:14 - 05/10/2019
کوردستان
+
-

بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، ماددەی هۆشبەری جۆری کیتامین کە یەکێکە لە مەترسیدارترن جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر، لە کۆمەڵگەی حاجی ئۆمەران دەستی بەسەردا گیرا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە"ئەو کەسانەی ماددە هۆشبەرەکەیان هێناوە کە لە جۆری کیتامینە و ماددەیەکی هۆشبەری مەترسیدارە، شەش کەسی ئێرانی بوون، یەکێکیان ئافرەت بووە و وەکو گرووپێک کاریان کردووە".

 

روونیشیکردووەتەوە، "توانراوە دەستبەسەر 15 كیلۆ و 50 پەنجا گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری كتامین بگرین".

بەپێی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکان ماددە هۆشبەرەکەیان لەنێو جانتا و جلوبەرگیان شاردووەتەوە، رۆژی 4-10-2019 ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کۆمەڵگەی حاجی ئۆمەران دەستگیریان کردوون و دوای دەستگیرکردنیشیان رەوانەی دادگا کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

ماددەی هۆشبەری جۆری کیتامین، لە بنەڕەتدا دەرمانێكی سڕکەرە و لە ساڵی 1960ـەوە گەشەی پێدراوە و لە بڵاوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی کیتامین بریتین لە: بەرزەپەستانی خوێن، لەرزۆکی، گێژبوون و هەڵچوون.

1805 جار خوێندراوەتەوە