سەدر: پشتگیری دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان دەکەین

KNN : Kurdish News Network
11:03 - 20/10/2019
عێراق
+
-

موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر، رایگەیاند، پاڵپشتی لەو خۆپیشاندانە دەكات كە ئەگەری هەیە لە ماوەكانی داهاتوو دژبە حكومەت و گەندەڵی ئەنجامبدرێن و داواش لە خۆپیشاندەران دەكات كە خۆیان لە گەندەڵی و گەندڵكاران رزگار بكەن و دەڵیت: "حكوومەت ناتوانێت چاكسازیی بکات".

موقتەدا سەدر لە راگەیەندراوێكدا بانگەوازی بۆ خۆپیشاندەران كردووە و دەڵێت، "دیارە ئێوە بڕیارتانداوە لە ٢٥ی ئەم مانگە خۆپیشاندان دەست پێ بكەنەوە، ئەوەش مافێكە لە مافەكانتان".

راشیگەیاندووە، "دەمەوێت لەوە ئاگادارتان بكەمەوە كە چی لە پشت پەردەوە دەگوزەرێت، سەرجەم سیاستمەدار و ئەندامانی حكومەت لە رەوشێكی ترس و دڵەراوكێدان لە بەرامبەر خۆپیشاندانی جەماوەریی، سەرجەمیان هەوڵی چارەسەركردنی رەوشەكە دەدەن، بەڵام ناتوانن چونكە كارلەكارترزاوە".

موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەوان (سیاسەتمەداران) دەیانەوێت بە هەندێك بەڵێن و قسەی بێكرداری وەك دامەزراندن و پێدانی مووچە، ئێوە بێ دەنگ بكەن".

سەركردەی رەوتی سەدر باسی لەوەشکردووە كە هەمووان خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆكان ئامادە كردووە و هەمووان كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی رێگە چارەیەک بدۆزنەوە، بەڵام هیچ رێگەچارەیەك بۆ كێشەكان نابێت".

دەشڵێت، "حكومەت ناتوانێت چاكسازیی بکات، چونكە ئەوەی لەسەر هەڵە بنیاتبنرێت، بەئاسانی دەڕوخێت".

سەدر جارێكی دیكە رووی قسەكانی كردووەتە خۆپیشاندەران و دەڵێت، "ئازادیتان بەدەست گەندەڵكارانە، ئەگەر دەتانەوێت لە نیشتمانەكەتان ئازادبن، ئەوە دەبێت خۆتان لە گەندەڵی و گەندەڵكاران ئازادبكەن، چاوەڕوانی ئەوەنەبن حكومەتەكەتان گەندەڵكاران دادگایی بكات، دەبێت ئێوە دادگاییان بكەن بۆ ئەوەی مێژوو ببێت بە شایەت لەوەی ئێوە گەندەڵییتان بنبڕكرد".


لە كۆتاییدا موقتەدا سەدر باسی لەوەكردووە كە عێراقییەكان دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە یان ئەوەتا پەنا ببەنەبەر خۆپیشاندان ئەگەر دەیانەوێت، یان ئەوەتا پەنا ببنەبەر سندوقی دەنگدان لەژێر سەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتییدا بێ‌ ئەوەی سیاسەتمەدارانی ئێستا تیادا بەشداریی بكەن.

ئەم راگەیاندراوەی سەدر لە کاتێکدایە، پێشتر چالاكوانان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانكردبووەوە كە سوورن لەسەر ئەوەی لە ٢٥ی ئەم مانگە، دژبە حكوومەت و گەندەڵی دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە.

1308 جار خوێندراوەتەوە