حکومەتی عێراق داواکەی سەدری رەتکردەوە

KNN : Kurdish News Network
08:43 - 29/10/2019
عێراق
+
-

حکومەتی عێراق داواکاری موقتەدا سەدر، سەرکردەی رەوتی سەدر، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، رەتدەکاتەوە.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حکومەتی عێراقی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە ئێستادا کە پەرلەمان ئامادەیی ھەیە، بەپێی دەستور ناکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەیت، هەڵبژاردنی پێشوەختە لەکاتێکدا دەبێت کە پەرلەمان خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە نەک سەرۆکوەزیران".

حەدیسی وتیشی: "لەبارەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و پێکھێنانی کۆمیسیۆنێکی نوێی ھەڵبژاردن، حکومەت پێشتر بڕیاری لەسەرداوە".

لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەت، دوای ئەوەدێت دوێنێ، موقتەدا سەدر، سەرکردەی رەوتی سەدر، لە تویتێکدا داوای عادل عەبدولمەھدی، لەسەرۆکوەزیران، کرد بچێتە بەردەم پەرلەمان و داواکاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان و بەبێ بەشداری کردنی لایە سیاسییەکانی ئێستای دەسەڵات بکات.

لە تویتەکەی سەدردا ھاتووە: "پێویستە لەسەر عادل عەبدولمەھدی برا لەژێر گومەزی پەرلەمان ئامادەبێت بۆ راگەیاندنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەچاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان وە لەماوەیەکی یاسایی کە درێژە نەکێشێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە وادەی ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، دەکەوێتە ساڵی ٢٠٢٢.

سەدر ھەروەھا داوای کردبوو، لەو ماوەیەدا ھەموو رێکارێکی یاسایی بگرێتە بەر بۆ گۆڕینی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و ھەموارکردنەوەی یاساکەی.

لەسەرەتای ئەم مانگەوە عێراق ناڕەزایی و خۆپیشاندانی بەرفراوان بەخۆوە دەبینێت، لە خۆپیشاندانەکانی یەکەمدا کەلەسەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان پێکرد و ماوەی ھەفتەیەک بەردەوام بوون ١٥٧ کەس کوژران و ھەزارانی دیکەش بریندار بوون، لە خۆپیشاندانی ئەمجارەشدا کە ماوەی چوار رۆژە دەستیان پێکردووەتەوە تائێستا ٨١ کەس کوژراون.

داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران باشکردنی دۆخی ژیان، خزمەتگوزارییە گشتییەکان، رەخساندنی ھەلی کار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو، بەڵام دواتر بەھۆی بەکارھێنانی توندوتیژی لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەران، ئاستی داواکارییەکانیان بۆ لەکارخستنی حکوومەت بەرز کردووەتەوە.

لە بەرامبەردا حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی لە دوای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکان و بۆ کەمکردنەوەی توڕەیی خۆپیشاندەران، زنجیرەیەک چاکسازیی راگەیاندووە و بەڵێنی ئەنجامدانی چاکسازی زیاتریشی داوە.

1966 جار خوێندراوەتەوە