خەڵاتی ٢٥ملیۆن دۆلاری کوشتنی بەغدادی بۆ کێ دەبێت؟

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 30/10/2019
کوردستان
+
-

رۆژبەرۆژ زانیاری نوێ لەسەر ئەو سیخوڕە ئاشکرادەکرێت کە رۆڵێکی گەورەی لە ئاشکراکردن و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشدا هەبوو، بەپێی میدیاکانی ئەمریکا ئەو کەسە خەڵاتی ٢٥ ملیۆن دۆلار بۆ کوشتنی بەغدادی وەردەگرێت.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە، ئەو سیخوڕە کە تاوەکو ئێستا ناوی پارێزراوە، لە کاتی ئۆپراسیۆنی هێزە تایبەتەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەغدادی، ناو بارەگای سەرەکییەکەی بەغدادی بووە و زانیاری وردی دەربارەی شێوەی ناوەوەی ئەو بارەگایە و شوێنی بەغدادی و کاتی هێرشەکەی بە ئەمریکییەکان داوە.

هاوکات، چاوەڕێ دەکرێت هەموو یان بەشێکی ئەو ٢٥ ملیۆن دۆلارەی ئەمریکا بۆ کوشتن یان بەدەستەوەدانی بەغدادی وەکو خەڵات دیاریکردبوو بەو سیخوڕە بدرێت.

وردەکاریی زیاتر دەربارەی ئەو سیخوڕە چییە؟
چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستیان راگەیاندووە، ئەو سیخوڕە کەسێکی عەرەبی سونەیە و بەهۆی کوشتنی چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لەلایەن داعشەوە رقی لەو رێکخراوە هەڵگرتووە. ئەو سیخوڕە هەر هەمان کەس بووە کە جلی ژێرەوەی بەغدادی بەمەبەستی پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ئەمریکییەکان ناردووە.

چارەنوسی ئەو سیخوڕە دوای کوشتنی بەغدادی چی بووە؟
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، دوای دوو رۆژ لە کوشتنی بەغدادی، ئەو سیخوڕە و خێزانەکەی لە سوریا دەربازکراون و لەلایەن ئەمریکاوە براون بۆ شوێنێکی نادیار.

رۆژی یەکشەممە، ٢٦ی ئەم مانگە، لە ئۆپراسیۆنێکدا، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە گوندی باریشای هاوسنوری سوریا و تورکیا کوژرا و دواتر میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، پاشماوەی تەرمەکەی بەغدادی فڕێدراوەتە ناو دەریاوە.

 

رۆڵی هەواڵگری هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان چی بوو؟
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووتەوە، (سی ئای ئەی) و سەرچاوە هەوڵگرییەکانی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە وردی چاودێری بەغدادیان کردووە و پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەر رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە ئاگاداری شوێنی مانەوەی بەغدادی بوون، هاوکات، مەزڵوم کۆبانی رایگەیاند، ماوەی پێنج مانگە زانیاری هەواڵگری هاوبەشیان لەگەڵ ئەمریکا هەبووە.

هاوکات، مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە میدیا ئەمریکییەکانی راگەیاندووە: "لە ناو خانووەکەی بەغدادی خەڵکمان هەبوو".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو؛ له‌كاتی ئۆپراسیۆنی كوشتنی به‌غدادیدا، ئه‌و كه‌سه‌ی زانیاری هه‌واڵگری له‌ماڵی به‌غدادییه‌وه‌ ده‌گواسته‌وه‌، توانراوه‌ به‌ سه‌لامه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌مركیه‌كه‌وه‌ ده‌رباز بكرێت.

 

وردەکاریی دەربارەی ئەو شوێنەی بەغدادی تێدا کوژرا بخوێنەرەوە

12026 جار خوێندراوەتەوە