یەکێتی: پارتی رێککەوتنەکانی جێبەجێنەکردووە

KNN : Kurdish News Network
02:25 - 31/10/2019
کوردستان
+
-

وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، هەرسێ رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی بەباشی جێبەجێنەکراون، ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانی خۆیان بە برادەرانی پارتی گەیاندووە.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی هیچ کام لە رێککەوتنەکانی جێبەجێنەکردووە و ئەوان نیگەرانی خۆیان بە برادەرانی پارتی گەیاندووە و بە فەرمیش نیگەرانییەکانیان بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

روونیشیکردەوە، "رێککەوتنی یەکەممان لەگەڵ پارتی رێککەوتنی سیاسییە و جەوهەرەکەی بەشداری سیاسییە، ئێمە باوەڕمان وانییە ئەو رێککەوتنە جێبەجێکرابێت."

وتیشی، "رێککەوتنی دووەممان بەشداریمانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشکی یەکێتییە لە حکومەت، بەشی زۆری جێبەجێنەکراوە و ئەوەیشی جێبەجێکراوە تێبینیمان لەسەر بەشێکی هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنی سێیەمیان کە سەبارەت بە دانانی پارێزگاری کەرکووکە، دەڵێت "بەداخێکی زۆرەوە هیچی لێ جێبەجێنەکراوە".

راشیگەیاند، "دەمانەوێت یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاوبەشێکی راستەقینە بێت."

1574 جار خوێندراوەتەوە