حکومەتی هەرێم وەڵامی یەکێتی دەداتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:24 - 02/11/2019
کوردستان
+
-

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە وەڵامی نیگەرانییەکانی یەکێتیدا رایگەیاند، یەکێتی لە چەند بابەتێکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت پاشگەزبووەتەوە.

ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاندیدەکانی بۆ پۆستەکان دیاری نەکردووە و لە چەند بابەتێکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت پاشگەزبووەتەوە.

 

روونیشیکردەوە، لە کاتی دانوستاندن بۆ پێکهینانی کابینەی نۆیەم ، پارتی و یەکێتی، رێککەوتن لە سەر ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت وگاز ، بەلڵم  یەکێتی لەو بابەتە پاشگەزبووەتەوە.

سەبارەت بە نیگەرانی یەکێتی لە دەستگیرکردنی ئەندامانیان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی گرتنی هاوڵاتییانە لە سەر بیروڕای سیاسی و پێویستە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم خەڵک لە سەر بیروبۆچوونی سیاسی دەستگیرنەگرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو لایەک ئاگاداری پرسی نەوتن و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان کە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن.  لە هەموو وردەکارییەکانی پرۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم  ئاگادارن .

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٣١ی مانگی رابردوو، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی هیچ کام لە رێککەوتنەکانی جێبەجێنەکردووە و ئەوان نیگەرانی خۆیان بە برادەرانی پارتی گەیاندووە و بە فەرمیش نیگەرانییەکانیان بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

 
2779 جار خوێندراوەتەوە