پارتی: یەکێتی پۆستەکانی پڕنەکردووەتەوە

KNN : Kurdish News Network
11:11 - 02/11/2019
کوردستان
+
-

دوای نیگەرانییەکانی یەکێتی لەسەر پرسی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ پارتی، وتەبێژی ئەو حزبە رایگەیاند، جێبەجێکردن یان نەکردنی رێککەوتن هی راگەیاندەکان نییە و پێویستە لە کۆبوونەوەکان باسبکرێن و لە راگەیاندنەکانەوە گوێیان لە گلەییەکانی یەکێتی بووە.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رێککەوتنەکان لەبارەی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێکراون، یەکێتی خۆی هۆکاری پڕنەکردنەوەی پۆستەکانە.

 

روونیشیکردەوە، کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داوای یەکێتی دواخراون و ئێمە نازانین یەکێتی باس لە چ بەشێکی رێککەوتنەکە دەکات کە دەڵێن جێبەجێنەکراوە.

 

روونیشیکردەوە، پارتی دەیەوێت رێککەوتنەکان جێبەجێبکرێن، لە هیچ رێککەوتنێک پەشیمان نین،  ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردن سەردەمی 50 بە 50ی تێپەڕاند.

 

هەر ئەمڕۆ، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاندیدەکانی بۆ پۆستەکان دیاری نەکردووە و لە چەند بابەتێکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت پاشگەزبووەتەوە.

روونیشیکردەوە، لە کاتی دانوستاندن بۆ پێکهینانی کابینەی نۆیەم ، پارتی و یەکێتی، رێککەوتن لە سەر ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت وگاز ، بەلڵم  یەکێتی لەو بابەتە پاشگەزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو لایەک ئاگاداری پرسی نەوتن و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان کە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن.  لە هەموو وردەکارییەکانی پرۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم  ئاگادارن .

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٣١ی مانگی رابردوو، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی هیچ کام لە رێککەوتنەکانی جێبەجێنەکردووە و ئەوان نیگەرانی خۆیان بە برادەرانی پارتی گەیاندووە و بە فەرمیش نیگەرانییەکانیان بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

2070 جار خوێندراوەتەوە