یەکێتی وەڵامی پارتی دەداتەوە

KNN : Kurdish News Network
03:12 - 02/11/2019
کوردستان
+
-

وتەبێژی یەکێتی وەڵامی پارتی دەداتەوە و دەڵێت: پارتی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پۆستەکان ڕەتکردووەتەوە و دانانی یاریدەدەرەکانی سەرۆکی حکومەت پێچەوانەی یاسایە.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سەرجەم یاریدەدەرەکانی سەرۆکی حکومەت لەلایەن پارتیەوە دانراون و پەراویزخستنی یەکێتی رەتدەکەنەوە.

 

سەبارەت بە پرسی پارێزگاری کەرکوکیش ئاماژەی بەوەکرد، هیچ کام لەو ڕێکەوتنانەی سەبارەت بە کەرکوک لەگەڵ پارتی کردویانە جێبەجێنەکران و بابەتی کەرکوک زیاد لە پێویست دواخراوە.

 

روونیشیکردەوە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا بەتەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە.

 

سەبارەت بە زیادکردنی یاریدەدەر بۆ وەزیرەکانی کابینەی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد، زیادکردنی یاریدەدەرەکان بارگرانییە بۆ سەر حکومەت.

جەختیشیکردەوە، ژمارەیەک کادیر و هەڤاڵیان دەستگیرکراون.

 

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەمین روونکردنەوەی یەکێتییە و رۆژی ٣١ی مانگی رابردووش، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پارتی هیچ کام لە رێککەوتنەکانی جێبەجێنەکردووە و ئەوان نیگەرانی خۆیان بە برادەرانی پارتی گەیاندووە و بە فەرمیش نیگەرانییەکانیان بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

 

ئەمرۆش، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، رێککەوتنەکان لەبارەی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێکراون، یەکێتی خۆی هۆکاری پڕنەکردنەوەی پۆستەکانە.

روونیشیکردەوە، کۆبوونەوەکان بۆ ماوەی سێ مانگە لەسەر داوای یەکێتی دواخراون و ئێمە نازانین یەکێتی باس لە چ بەشێکی رێککەوتنەکە دەکات کە دەڵێن جێبەجێنەکراوە.

روونیشیکردەوە، پارتی دەیەوێت رێککەوتنەکان جێبەجێبکرێن، لە هیچ رێککەوتنێک پەشیمان نین،  ئاماژەی بەوەکرد، هەڵبژاردن سەردەمی 50 بە 50ی تێپەڕاند.

هەر ئەمڕۆ، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێتی نیشتمانی کوردستان کاندیدەکانی بۆ پۆستەکان دیاری نەکردووە و لە چەند بابەتێکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت پاشگەزبووەتەوە.

روونیشیکردەوە، لە کاتی دانوستاندن بۆ پێکهینانی کابینەی نۆیەم ، پارتی و یەکێتی، رێککەوتن لە سەر ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت وگاز ، بەلڵم  یەکێتی لەو بابەتە پاشگەزبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو لایەک ئاگاداری پرسی نەوتن و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان کە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن.  لە هەموو وردەکارییەکانی پرۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم  ئاگادارن .

3064 جار خوێندراوەتەوە