عێراق... بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ حەرام کرا

KNN : Kurdish News Network
02:31 - 04/11/2019
عێراق
+
-

یەكێك لە مەرجەعە باڵاكانی شیعە لە نەجەف باشوری عێراق، بە دەركردنی فتوایەك، بەكارهێنانی ئەو گازە فرمێسكڕێژەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا قەدەغەكراوە، حەرام كرد.

نووسینگەی راگەیاندنی قاسم تائیی، مەرجەعی باڵای شیعە لە نەجەف، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوە كردووە ئەو گازە فرمێسكڕێژە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا قەدەغەكراوە و لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەكاردەهێندرێت، حەرامە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "هەر كەسێك گازی فرمێسكڕێژ بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكاربهێنێت لەو كارە شەفاعەتی بۆ ناكرێت، ئەگەر عەرەب، كورد، موسڵمان، مەسیحی، سوننە یان شیعە بێت، هەروەها ئۆباڵی هەموو لایەنە شەرعییەكان لەم دونیا و رۆژی دوایی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسەی فەرمانی ئەو كارە دەدات جا چی لە هەر ئاستێك یان لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێكدا بێت و لەگەڵ ئەو كەسەش كە فەرمانەكە جێبەجێ دەكات".

ناوبراو داواشی كرد، هەر كەسێك گازی فرمێسكڕێژی دژی خۆپیشاندەران بەكارهێنا، بایكۆتی بكرێت و لە هیچ كۆڕ و دانیشتنێكدا مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت و ناویان وەك كەسانی قێزەون و نەفرەت لێكراو بڵاوبكرێتەوە.

پێشتر كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق داوای كردبوو لێكۆڵینەوە لە ئەو گازە فرمێسكڕێژە بكرێت كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دژبە خۆپیشاندەران بەكارهێنراوە.

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ راشیگەیاندبوو كە تیمەكانیان چەندین حاڵەتی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژیان لە میانی خۆپیشاندانەكاندا تۆماركرد كە ئەوە دەسەلمێنێت ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەر بە هۆی گازی فرمێسكڕێژەوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

923 جار خوێندراوەتەوە