هێزەئەمنییەکانی عێراق ڕێگری دەکەن خۆپیشاندەران بەرەو نوسینگەی سەرۆک وەزیران بڕۆن

KNN : Kurdish News Network
10:21 - 04/11/2019
عێراق
+
-

دوای ئەوەی خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بچنە نزیک نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزە ئەمنییەکان پردی ئەحراریان داخست و ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران روویدا.

 

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، ھێزەکانی سوپا ئەو پردەیان داخستووە کە بەرەو نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی دەروات.

ئەو پردە دەکەوێتە سەر رووباری دیجلە و بەرەو ناوچەی عەلاوی دەڕوات کە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی لێیە ، لەوێشەوە دەگاتە ناوچەی ساڵحیە کە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی لەنێویشیاندا کەناڵی ئاسمانی فەرمی عێراقییەی لێیە.

ھەروەھا دەتوانرێت لەناوچەکانی عەلاوی و ساڵحیەوە بگەیتە ناوچەی سەوز کە ئامانجێکی سەرەکی خۆپیشاندەرانە و لە ساتی سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە ھەوڵی گەیشتن بەو ناوچەیە دەدەن کە ناوچەیەکی ھەستیارە و بارەگاکانی حکوومەت و پەرلەمان و ماڵی بەرپرسان و باڵیۆزخانە بیانییەکانی لێیە.

لە ٢٥ی مانگی ڕابردووەوە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بەردەوامە و کۆتای ئاماری فەرمی دەڵێت تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و هەزاران برینداریش هەیە.

1082 جار خوێندراوەتەوە